هەرێمى کوردستان و نەخشەى وزەى جیهان؛ بەدەم قاوەیەکى ئێسپرێسۆ و چەند جگەرەیەکى مارلیبۆرۆوه.

سامان ڕەشید
ئەم ڕاستییانە زۆر گرینگە کوردستانیان بە گشتى و هاووڵاتیانى کەرکووک بەتایبەتى بیزانن و، ئەو کات ئەو حەقیقەتەیان بۆ دەرئەکەوێت کە کێ لە خەمى کوردستانیان و هاونیشتمانیانە بە هاووڵاتیانى کەرکووکەوە و کێ لە هەوڵى بە تاڵانکردنى سەروەت و سامانى کەرکووکە.
زۆر جار گوێبیستى ئەوە دەبین کە بوونى نەوت وەک سامانى وڵاتیک بۆ ئابووریی ئەو وڵاتە زۆر گرینگە و، خاون خاکى پترۆڵ سوودمەندى سەرەکین و خاوەن نیعمەتێکى خوداى یان گەردوونین و سروشت ئەو سامانەی پێبەخشیون و بڕیاردەرن لە چۆنیێتیى بەکارهێنان و سودوەرگرتن لەم سامانە. ئەم تێگەیشتنە (کۆنسێپت) بۆ هەندێکان لەوانەیە بەو مانایە بێت کە سەرچاوەیەکى تایبەت بەو وڵاتە بێت و تەنها ئەو وڵاتە تواناى بڕیارى لەسەر ئەو سەرچاوەیە هەبێت. لەگەڵ ئەم کۆنسیپتەدا تێڕوانینێکى دیکەش هەیە ئەویش ئەوەیە کە پترۆڵ ئەو سامانە گهردوونییەیە یان ئەو نیعمەتە (خوداییەیە) کە مرۆڤایەتى دهتوانێ وەک وزەیەک بۆ قوناغێیک لە قۆناغە میژووییەکان وەک ئامرازێک بەکارى بەرن یان سوودمەند بین لێ، دەبێت عاقڵمەدارانى دونیا ئەم وزەیە، پیش ئەوەى وزەیەکى ترى هاوشێوە و یان جێگرەوەى ئەم وزەیە بەم ئاستەى بەکارهینان و دەرهاویشتە و سوودبەخشە، ببیننەوە، بڕیاردەر و خاوەن ستراتیژ و چۆنیێتیى بەکارهێنان و مامەڵەکردنن لەسەر پیشەسازى پترۆڵه، بە واتاێکى تر دەبێت ئەم وزەیە لەلایەن عاقڵمەندانى جیهان بە باشترین شێوە سەرپەرشتى و ئیدارە بکرێت.
ئەم دوو تیڕوانینە یەکێکیان لۆکاڵییه و ئەوى تریان جیهانییه. لۆکاڵییەکان پێیان وایە ئەم سامانە، سامانى تەنها ئەوانە و بە تێڕوانین و خوێندنەوەى ناوچەیى خۆیان دەبێت ئەم سامانە لەژێر کۆنترۆڵ و ئیدارەى ئەواندا بێت و خۆیان بڕیار لەم وزەیە بدەن بۆ چۆنیێتیى بەکارهینان و فرۆشتن و ئیدارەدانى، بەڵام جیهانییەکان پێچەوانەى تیڕوانینى ئەوانن و پێیان وایە ئەم سامانە نابێت لەلایەن دەوڵەتێک یان گرووپێك یان کەسانێکهوه بەڕێوە ببرێ کە پێچەوانەى دید و بۆچوونى ئەوان بێ، یان پێچەوانەى شەپۆلەکانى ئەوان کەشتى و کاروانەکانیان ئاراستە بکەن. لێرەدا دوو ئاراستە، دوو تێروانین، دوو جیهانبینین، دوو هەنگاوى جیاواز، تەنانەت دوو بیرکردنەوە بەدى دەکەین. بەڵام ئەوەى ڕاستییە ( فاکتە) خاوەن دیتگاى جیهانى کە ئەو تێڕوانینە لەخۆ دەگرێ کە ئەم سامانە، سامانى هەموو مرۆفایەتییە، توانیویانە ئەم سامانە لە چنگى زۆر لەو عەقڵە بچووکە لۆکاڵیانە دەربکەن و لە پێناو بەرژەوەندیى مرۆڤایەتى و جیهان هەموو ڕێکارە سیاسى و سەربازى و ئەمنى و هەواڵررییەکانى زلهێزانى خاوەن بڕیار لەسەر سامانى ئەم گهردوونە بگرێتە بەر، بۆ ئەوەى ئەم سامانە لە دەستیکدا بێت کە لەپێناو بەرژەوەندیى مرۆڤایەتى و بەپێى ستراتیژ و پلانى عاقڵمەندانى جیهان کە وڵاتە زلهیزەکان نوێنەرایەتى و پێشڕەوى دەکەن وەک پێشڕەو و خاوەنى مرۆڤایەتى، بتوانن ئەم سامانە بە باشترین شێوە بەکار بێنن. تەنانەت هەندێک لەو سەرکردە لۆکاڵیانەى کە لەو ناوچانەى پترۆڵى لێ هەیە، ویستیان پێچەوانەى شەپۆلى جیهانییەکان مەلە بکەن، یان پێچەوانەى خواست و تێڕوانینى ئەوان هەنگاو بنێن، بەڵام دەرئەنجامەکەى شکست و ماڵوێرانى بوو بۆیان، چ بۆ خۆیان یان بۆ شوینکەوتووهکانیان. چونکە لەو حاڵەتەدا و کاتێک بە عەقڵێکى لۆکاڵى و هێزێکى لۆکاڵى بەرەنگارى لۆجیک و هێزێکى جیهانى بێتەوە، جگە لە شکست و نەمانى خۆت، وێرانە و دۆزەخ بۆ شوێنکەوتووانت و ناوچەکەت وەک میراتى بەجێ دەهێڵیت. نمونەش وڵاتانى عێراق پێش 2003 و لیبیا و تا ئەندازەیەک ئێرانیش. لە پاڵ ئەمەشدا ئەو وڵاتانەى کە لە چوارچێوەى نەخشەى وزەى جیهانن و بەپێى پلان و ستراتیژى جیهانیان پیشەسازیى نەوتیان کردووەتە بەشێک لە سیستەمى وزەى جیهانیان و، لەو چوارچێوەیەدا (نەخشەى وزەى جیهان)، پترۆڵى وڵاتەکەیان وەک سەرچاوەیەکى ئابوورى بۆ پەرپێدانى ئابووریى وڵاتەکەیان و جیهان تەرخان کردووە و، بەپێى بەرژەوەندیى هەموو لایەک ئەم پیشەسازییە پەریانپێداوە و بووەتە مایەى خۆشگوزەرانى بۆ ئەو وڵاتانە و سوود گەیاندن بە هەموو جیهان، نموونەى ئەم وڵاتانەش وڵاتانى کەنداوە.
هەرێمى کوردستان و نەخشەى وزەى جیهان.
ئەمڕۆ هەرێمى کوردستان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە چوارچێوەى نەخشەى وزەى جیهانە و دەسەڵاتى سیاسى لە هەولێرى پایتەخت زۆر ژیرانە مامەڵەى لەگەڵ ئەم سامانە سروشتییەدا کردووە، بەتایبەتى بۆ خزمەتکردنى ئەو دۆسێیەى کە نزیک سەدەیەکە خەباتى لەپێناودا دەکات، ئەویش گەیشتن بە مافەکانى گەلى کورد و سەربەخۆییی هەرێمى کوردستانە. ئەتوانین بڵێین لە دەرئەنجامى سیاسەتى ژیرانەى هەولێر، ئەمڕۆ هەرێمى کوردستان بووەتە بەشێک لە نەخشەى وزەى جیهان و بەم شێوەیەش ئۆتۆماتیکى بووەتە بەشێک لەو هاوپەیمانهتییە جیهانییە کە یەکێک لە ئەرکەکانى، پاراستن و بەرگریکردنى بەرژەوەندیى کۆى وڵاتانى نێو نەخشەى وزەى جیهانە. نموونەش (کاتێک کوێت داگیر کرا و کاتێک هەرێمى کوردستان کەوتە بەر پەلامارى دەوڵەتى ئیسلامى)، هاوپەیمانان وەزیفەى بەرگریکردنیان لەم دوو وڵاتە بە باشترین شێوە ئەنجام دا. بەم پێیەش و بێ ئەملاوئەولا هەولێر بەشێکى ئەو هاوپەیمانهتییەیە و هەر وڵات و گرووپ و تاقمێک دژى هەولێر بن، وەک ئەوە وایە دژى ئەو هاوپەیمانهتییە بن.
کهرکووک لە چوارچێوەى نەخشەى هەرێمى کوردستان.
لە دواى هاتنى داعش و داگیرکردنى چەند شارێکى عێراق و سووریا و ئەو گۆڕانکاریانەى کە لەم ناوچانە ڕوویان دا بەتایبەتى لە ڕووی جیۆسیاسییهوه، کاریگەریى ڕاستەوخۆى هەبوو لەسەر هاوکێشە سیاسییەکان بە شێوەیەک کە هاوپەیمانهتیى جیهانیان هەموو توانایان لە پێناو پاراستنى بەرژەوەندیى هاوپەیمانەکان و جیهانیان وەگەڕ خست. ئەم گۆرانکارییە تەنانەت لە نەخشەى وزەش بەدى کرا و هەولێریش وەک ناوەندێکى سیاسى گرینگیى ناوچەکە بەپێى هاوکێشەکان و خوێندنەوەیەکى دروست بۆ پێشهات و گۆرانکارییەکان هەنگاوێکى زۆر گرینگى هاویشت ئەویش، پترۆڵى کەرکووکى وەک سامانى سروشتى هەرێمى کوردستانی خستە نێو نەخشەى تایبەت بە خۆى لەو نەخشە وزە جیهانییە. بەم شێوەیەش گەڕانەوەى خاکى کەرکووکى بۆ سەر هەرێمى کوردستان دەستى پێکرد. ئەمە جگە لەو بایەخدانەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ئەم شارە کە لە دواى 2003 وە بە ئاشکرا بەدى دەکرا، وەک دامەزارندنى نزیک (35000) ئاسیش و مامۆستا و فەرمانبەر و خانەنشین و دابینکردنى سەدان ملیون دۆلارى بۆ پرۆژەى خزمەتگوزارى و ئێستایش بە دەیانهەزار پێشمەرگە بەرگرى لە شارى کەرکووک دەکەن و لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە سەرپەرشتى دەکرێن. بەم شیوەیەش حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئامانجى گەڕانەوەى ئەم شارە بۆ سەر هەرێمى کوردستان کارى کردووە.
ئەمڕۆ بەغدایش لەو گۆڕانکاریانە تێگەیشتووە و روون بووەتەوە لایان کە سامانى سروشتیى کەرکووک چیی تر بۆ عێراقى عەرەبى نابێت و گەڕاوەتەوە بۆ خاوەنى ڕاستەقینەکەى خۆى و بووەتە بەشیک لە سامانى هەرێمى کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا پەیوەندییە ئابوورییەکانى خۆى لەگەڵ هەولێر بەره پێدەدات و ناتوانێ پێچەوانەى شەپۆلەکانى جیهانیان هەنگاو بنێ، یان دژایەتیى سیاسەتى هەولێر بکات، بۆیە خۆى لەگەڵ ئەو واقیعە دەگونجێنێ، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەغدا وەک ناوەندى سیاسیى دەوڵەتێک کە ئەم سامانەى لە سەرهتاى دروستبوونى ئەو وڵاتە لەژێر کۆنترۆڵ و چنگى خۆى بووە.




