لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا

*دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
''حیكمەت و ژیریی هەڵگیرسێنەری شۆڕش و بەرگەگرتن و خۆراگریی گەلەكەمان فاكتەر و هەوێنی گەیشتنن بە سەربەخۆیین.''
ئەمڕۆ یادی 55 ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەكەینەوە، ئەو شۆڕشەی وەكو وەرچەرخانێكی مێژوویی، هێز و بڕوابەخۆبوون بە گەلەكەمان بەخشی بۆ بەرەنگاربوونەوەی زۆڵم و ستەم و داگیركاری و دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی خەبات و كۆڵنەدانی سەرتاسەری لە كوردستاندا.
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە حیكمەت و رابەرایەتیی بارزانیی نەمر و ژیری لە نەخشەكێشانی بنەما و ئامانجەكانی، گیانی فیداكاری و بەرگریكردن لە ناسنامە و مافەكان لە ناخی هەموو تاكێكی كوردستان بە گشت چین و توێژەكانیەوە دروست كرد و بۆ یەكەمجار لە مێژووی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا، بە یەكریزیی بەشدارییان لەو شۆڕشەدا كرد و گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە لە ژێر سەركردایەتییەكی هاوبەشدا لە دژی ستەم وەستان و بۆ دۆستان و دوژمنانیشیان سەلماند كە خاوەن یەك دۆزی هاوبەشن.
شۆڕشی ئەیلوول وێِرای خەباتی چەكداری و پێشمەرگایەتی، دەرگاكانی ناساندنی كێشەی رەوای گەلەكەمان لە بەردەم وڵاتانی جیهان كردەوە و هەوڵەكانی خستەڕوو بۆ شكاندنی دیواری كپكردنی دەنگی كورد و گەیاندنی خواستی بەرگریكردن لە مافە رەواكانی گەلی كوردستان. شۆڕشی ئەیلوول چەكی دیپلۆماسی و زمانی دیالۆگی بەلاوە نەنا و بۆ یەكەمجاریش رژێمی دەستەڵاتداری ئەوسای عێراق ناچار كرد كە ددان بە مافی نەتەوەیی كورددا بنێت لە رێككەوتنی 11ی ئاداری ساڵی 1970دا و سەرەڕای پیلانی شوومی جەزاییریش، جارێكی دیكە موژدەی بەردەوامبوونی شۆڕش راگەیەنرا و شۆڕشی گۆڵان بەردەوامی بە رێڕەوی خەباتی گەلەكەمان دا و ئەو دەستكەوتانەی ئێستای كوردستانیش بەرهەمی بەردەوامبوون و درێژایی ئەو خەباتەن.
لە كاتێكدا، كە بە ئەمەكەوە ئەم یادە پیرۆزە دەكەینەوە، گەلی كوردستان لە بەردەم هەل و دەرفەتێكی گرینگ و هەستیار و تەحەددیات و هەرەشەی زۆریشدایە، لەهەمان كاتیشدا پێشمەرگەی كوردستان داستان لە دوای داستان لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕی جیهانی ئازاد دژ بە تیرۆریستانی داعش تۆمار دەكات، لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسیش هەوڵەكانی بەرێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆبوونی كوردستان بەردەوامن و هەنگاوی زۆر گەورە هاوێشتراون و، بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و قارەمانیەتیی پێشمەرگە كۆتایی بە نەهامەتەكان دەهێنرێت و سەركەوتنی یەكجاری تۆمار دەكرێت، كە فاكتەرەكانی ئەم سەركەوتنە وانەكانی شۆڕشی ئەیلوول و حیكمەتی رابەرەكەی و بەرگەگرتن و خۆڕاگریی گەلی كوردستانن.
لەم یادە پیرۆزەدا، هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی بارزانیی نەمر رابەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و كاك ئیدریسی جوانەمەرگ، سەری رێز نەوازش بۆ گشت شەهیدانی رێگەی رزگاریخوازی كوردستان دەنهوێنین، سڵاو بۆ گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلەكەمان، بە هیوای دوارۆژێكی پرشنگدار بۆ كورد و كوردستان.
*ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان




