٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

نێوماڵی کوردو جووڵەی سەرۆک بارزانی

سەرچاوە: KDP.info

دانا مه‌نمى
جووڵە و هەنگاوی سەرۆک بارزانی بۆ سەرخستنی مەشروعی کوردایەتییە، چونکە ئامانجی سەرۆک بارزانی بۆ بنیاتنانی پایەکانی دەوڵەتداریی کوردستانییە، بۆ ئەوەی لە پاشەڕۆژدا کوردیش خاوەنی کیان و ناسنامەیەکی دەوڵەتی بێت لە ناو دەوڵەتانی جیهاندا.
گرینگه بۆ سەرخستنی ئەم مەشروع و ئامانجە کە خواستی هەرکوردێکە، ببینە کیانێک کە سەربەخۆ بین لە چارەنووسی بڕیاردانی خۆماندا، پاڵپشت و پشتگیریی هەنگاوەکانی سەرۆک بارزانی بین، بەشێک لەو گرفتە سیاسییانەی کە ئێستا بەرۆکی بە کۆمەڵگاکەمان گرتووە سیاسیین و هۆکارەکەیشی ئەوەیە خاوەنی سیادەی دەوڵەتی نین.
هەموو میللەتانی دنیا لە قۆناغی گواستنەوە و پەڕینەوە لە نەتەوەوە بۆ نەتەوایەتی بە ناو پرۆسەی لیکترازانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چەقبەستوویی و بنبەستگەیشتندا گوزەریان کردووە، چونکە ئامانجی نەتەوایەتی و دروستبوونی کیانێکی سیاسی کە سەربەخۆییی سیاسی هەبێت بئ فەلاکەت نییە.
تاکە ئامانجی شۆڕش و ڕاپەڕین و قوربانیدانی کورد بەدرێژاییی دیرۆکی بزووتنەوەی کوردایەتی، جگە لە گەیشتن بە مافی سەربەخۆییی سیاسی و خەونی دەوڵەتی کوردستان هیچی تر نەبووە، خەبات و ڤوربانیدانی کورد بۆ پاراستنی ناسنامە و فه‌رهه‌نگ و شوناسی کوردایەتی بووە، لەکاتێکدا شەڕی داگیرکەرانی دژ بەکورد لەپێناو دەستگرتن بووە بەسەر سامانی ژێرخان و سەرخانی خاکی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەی کوردایەتی.
ئێستاکە سەرۆک بارزانی لەبەردەم بەرپرسیارەتییەکی گەورەی مێژووییدایە، بەرامبەر بە میللەت و ئەو خەبات و قوربانیدانەی کە بەدرێژاییی مێژوو دەستاودەست گەیشتووە بە خودی سەرۆک بارزانی، سەرباری ئەوەی بەشێکی گرینگی بەرپرسیارەتیش لەئەستۆی هەر تاکێکدایە بە جیاوازی ئیتنی و ئایینی و نەژاد و فەرهەنگی و ئایدۆلۆژیای سیاسییەوە.
کەواتە با لە ئاست ئەخلاقی بەرپرسیارەتیدا بین، بە دیدی جیاوازییەوە نا بەڵکو بەدیدی نەتەوەیی و خاڵە هاوبەشەکانمانەوە یەکڕیزیی نێوماڵی کوردو یەکێتیی نەتەوەییمان بنیات بنێینەوە، هاوکار و دەستباری سەرۆک بارزانی بین بۆ سەرخستنی پرۆژەی ڕیفراندۆم و مەشروعی دەوڵەتی کوردی.
زۆرێک لەو گرفتە سیاسیانەی کە ئێستا بەرۆکی بە میللەتەکەمان گرتووە سیاسین و ئەجێندای هەرێمی و نێودەوڵەتی لەپشتەوەیە، ئامانجیش پاشەکشێیە بە مەشروعی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی سیاسی، هیچ نەتەوەیەک دەوڵەتی بۆ نەخراوەتە سەر سینییەکی زێڕ، تا ئێمەی کورد لەناو جوگرافیایەکی شۆڤێنیزمدا لەسەر سینییەکی زێڕ پێمان ببەخشرێت!
پێویستە ئیرادە و هێزی مەعنەویی جەماوەری کوردستان و بەتایبەت ڕۆڵی شەقام و میدیای کوردی و نوخبەی ڕۆشنبیران بۆ سەرخستنی مەشروعی ڕیفراندۆم و هەنگاونان بەرەو دەوڵەتی کوردستان کۆدەنگ و یەکڕیز بێت، لێدوان گوتاری دژبەیەک و خیلافاتی فیکری و سیاسی خزمەت بە دۆخی هەستیاری ئێستا ناکات کە دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم میللەتەکەماندایە.

هەواڵی پەیوەندیدار