٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

نێچیرڤان بارزانی چیی دەکات لە بەغدا؟*

سەرچاوە: KDP.info

عه‌بدولسه‌لام بەرواری
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرێز نێچیرڤان بارزانی، لە بەغدایە و بە شێوەی فەرمی لەگەل سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسە باڵاکان کۆبوونەوەی ئەنجام دا و چاوەڕوان دەکرێت، ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە و لەگەڵ چەند حزب و لایەن و کەسایەتییش کۆ ببێتەوە.

ئەم سەردانە پێویست بوو و لەکاتی خۆیدا دێت؛ چونکە زۆر کەس لێرە نانیان بەوە دەخوارد کە گوایە ساردی و بایەخنەدانی پارتی و حکوومەتی هەرێم هۆکاری گرژی و هەڵوێستە خراپەکانی بەغدان و، بە بایەخەوە سەردانی شاندی حزبەکانیان بۆ به‌غدا پیشان دەدا، هەرچەندە قسەی زۆر لەسەر ئەو لێدوانانەش هەیە کە سەرکردەکانی ئەو حزبانە بۆ میدیایان دەدا، کاتێک وا پیشان دەدرا وەک ئەوەی بەناوی ئیدارەیەکی جیاواز لە بەغدا بوون و، گوایە باس لە مووچە و پیشمەرگە و نەوتیان کردوە و گەیشتوونە رێكکەوتن لەسەر ئەو بابەتانە، لە کاتێکدا ئەگەر کەسێک هەبێت ئەم بابەتانە لەگەڵ بەغدا باس بکات، حکوومەتی هەرێمە.

هەڵوێستی پارتی و حکوومەتی هەرێم، هەڵوێستی نەگۆڕن و جەختکردنە لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان. هەر داوایەک لە پارتی و حکوومەتی هەرێم بە ناوی نەرمینواندن یان هەوڵی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، بێ ئەوەی ئەو نەرمییە مافەکانمان دابین بکات، داوایەکە بۆ دەستبەرداریی پارتی و حکوومەتی هەرێم لە وەرگرتنی مافەکانمان و بێگومان جێگای قبووڵ نییە.

پارتی کێشەی نییە لەگەڵ لایەنێک (چ شیعە یان سوننە بێت، یان ئەم حزب و ئەو لایەنە)، بەڵکو پارتی خۆی بە بەرپرسیار دەبینێت و ئامادە نییە گەمە سیاسییەکەی ناوخۆ بباتە بەغدا و خۆ بەهێزکردن لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی گشتی بە سیاسەتێکی کوشندە و مەترسیدار دەزانێت.

ئەمە بەغدایە بەشی هەرێمی لە بودجەی بڕیوە (پێش ئەوەی هەرێم دەست بکات بە ناردنی نەوت)، ئەوە بەغدایە پاپەند نییە بە دەستووری فیدراڵی و ئامادە نییە ماددەی140ی دەستوور جێبەجێ بکات.

ئەمە یازدە ساڵە، بەغدا ئامادە نییە بودجەی پێشمەرگە بدات و رێگرە لە گەیشتنی یارمەتی و چەک و پێویستییەکانی سەربازی بۆ پیشمەرگە، لە کاتێکدا بە درێژایی هەزار کێلۆمەتر زیاتر لە هەزار شەهید و حەوتهەزار برینداریان داوە.

ئەمە بەغدایە هەموو هەوڵێك دەدات رێگری لە گەشەکردن و پێشکەوتنی هەرێم لە بوارەکانی ئابووری و کەلتووری و ئاوەدانکردنەوە بکات.

ئەمە بەغدایە ئامادە نییە هاوکاریی هەرێم بکات لە میوانداریکردنی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پێشکەشکردنی یارمەتیی پێویست بۆ ئەو پەنابەر و ئاوارە، کە ژمارەیەکی زۆریان عەرەبی خەڵکی عێراقی دەرەوەی هەرێمن و لە ئەنجامی سیاسەتە سەقەتەکانی بەغدا پەنایان بردووتەوە هەرێمی کوردستان.

ئەمە سەرۆکوەزیرانی هەریمی کوردستانە کە توانای هەیە بە راشکاوانە و راستەوخۆ بە بەغدا بڵێت: ئەگەر ئامادە نین پابەند ببن بەم هەموو ئەرکانەی دەوڵەت بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان، ئەوا ئێمە ناچارین رێگایەکی تر بگرینە به‌ر، ئەویش رێگای راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە.

* لە ژمارەی رۆژی 30 / 8 / 2016ی رۆژنامەی (هەولێر) بڵاو کراوەته‌وه‌

هەواڵی پەیوەندیدار