٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

با ئەمجارە خێر لە مووسڵ ببینین

سەرچاوە: KDP.info

دڵشاد مستەفا وەسانی

وێڕای ئەوەی بەدرێژاییی مێژوو، مووسڵ ناوەندێكی گرینگی بازرگانی بووە و بەروبوومی لێ ساغ كراوەتەوە، لێ لەگەڵ ئەوەشدا لە یادگەی كورددا وێنەیەكی ناشیرنی هەیە، بۆ نموونە ئەگەرچی هەولێر سوپای هۆلاكۆی بەزاند، بەڵام دواجار مەغۆلەكان بە هاوكاریی دەسەڵاتداری مووسڵ داگیری دەكەن. تا شەڕی یەكەمی جیهان، سەنتەری ویلایەتی مووسڵ بووە، بەوپێیەی كوردستانیش گرێدراوی ئەو ویلایەتە بووە، چارەنووسی بەو سەنتەرەوە بەسترابۆوە، بەخێرا ئاماژە بە هەندێ لەو بیرەوەرییە تاڵانەی كورد دەدەین، لەوانەش ساڵی 1909 داوا لە شێخ سەعیدی بەرزنجی، باوكی شێخ مەحموودی حەفید دەكرێ كە سەردانی مووسڵ بكات، لە ئاژاوەیەكدا دژی كورد بە نادیاری دەكوژرێ، هەروەها ساڵی 1914 شێخ عەبدولسەلام بارزانی رابەری بزاڤی كورد لە مووسڵ لە سێدارە درا، لە هەموویشی ناخۆشتر، لكاندنی ویلایەتی مووسڵ بوو بە عێڕاقی عەرەبییەوە لە 1926 بەهۆیەوە كوردستان بەزۆر خرایە سەر عێراق. بەدرێژاییی مێژووی دەوڵەتی عێراق، مووسڵ ناوەندێكی پەلاماردانی كوردستان بووە، شوێنی زیندانیكردن و لەسێدارەدانی هەزاران تێكۆشەری كورد بووە تا 2003 ساڵی رووخاندنی رژێمی سەددام، بۆیە پێی دەگوترا قەسابخانەی مووسڵ.

لە دوای 2003 شەوە بەردەوام مەیلی دژایەتیكردنی كورد لە مووسڵ هەبووە، بەر لە پەیدابوونی داعش كورد لە مووسڵ هەڕەشەی لێ كراوە و بۆتە قوربانی، لە 10/6/2014 داعش ئەو شارە دەگرێ، جارێكی دی دەبێتەوە سەنتەری پەلاماردانی كوردستان، جینۆسایدی شنگال و كوشتوبڕی ئەو شوێنانەی پەلاماریان دەدا و سەربڕینی كوردان بەتایبەتیش پێشمەرگەی دیل لەسەر دەستی ئەو تیرۆریستانە، سەپاندنی شەڕ بەدرێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر بەسەر كوردستاندا، ئەمە هەمووی دوای ئەوەدێت كە مووسڵ دەبێتە پێگەیەكی بەهێزی داعش.
ئێستا ئامادەكاری بۆ ئازادكردنی مووسڵ دەكرێ، پێشمەرگە لە پێنج میحوەرەوە دەوری ئەو شارەی داوە، سوپای عێراقیش لە خەتی گەیارە، هاوپەیمانان چاویان لەوەیە پێشمەرگە رۆڵی سەرەكی لەو ئۆپەراسیۆنە ببینێ، بەڵام ئەوەی بەلای هەولێرەوە گرینگە، قۆناغی دوای ئازادكردنیەتی، ئەگەر پشت لە پێكەوەژیان بكرێ، ئەوا دەبێ چاوەڕێی دۆخێكی ناخۆش بكەین.
هەموو چاوەكان لەسەر مووسڵن، ئەمەریكا و ئەورووپا و توركیا و ئێران و عێراق (بە سوپا و میلیشیای شیعەوە)، هەریەكە و ئەجێندای خۆی هەیە، ئەگەر لكاندنی مووسڵ بە عێراق بووبێتە هۆی دروستبوونی عێراقێكی بەزۆر پێكەوەلكێندراو، كە كورد زەرەرمەندی یەكەم بووە، ئاخۆ ئەمجارە گرتنەوەی مووسڵ دەبێتە هۆی دابەشبوون یان بەهێزبوونەوەی عێراق، لە هەردوو حاڵەتدا، پێویستە كورد ئامادەكاری بكات، ئەمەش بە كۆدەنگی و وەخۆكەوتن بۆ قۆناغی دوای ئازادكرنی مووسڵ دەكرێت، بە مەرجێك لە ئێستاوە زەمانەت وەربگیرێ، نەك حەساسیەتی ئەو هەموو ئەجێندایە بۆ مووسڵ، ببێتە هۆی ئەوەی كورد بكرێتەوە قوربانی، چیی تێدایە ئەگەر ئەمجارە خێر لە مووسڵ ببینین.

هەواڵی پەیوەندیدار