٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پارتی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان دامەزراوە

سەرچاوە: KDP.info

عه‌بدولسه‌لام بەرواری
پارتی حەفتا ساڵی لە تەمەنێکی پڕ لە شانازی و دەستکەوت و داستان تەواو کرد و، بەرەو بەدەستهێنانی ئامانجە سەرەکییەکەی کە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە، هەنگاوەکانی چڕ دەکاته‌وه‌. بەدرێژاییی ئەم حەفتا ساڵەی، پارتی ئەو رووناکییە بوو کە ئومێدی سەرکەوتنی بە رۆژگاری سەخت و تاریکیی میللەتێکی مافخوراوی غەدرلێکراو بەخشی.
بە خوێنی هەزاران پێشمەرگە و ئەندام و کادیر و سەرکردە و لایەنگرانی پارتی و، بە فیداکاری و رەنج و خەباتی سەدانهەزار ژن و پیاو و گەنج و پیر، لە ڕۆڵەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، زۆر جار بە تەنیا و بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی تر، پارتی زیاتر لە نیو سەدە و لە قۆناغە جیاوازەکاندا، شانازیی ئەوەی هەبوو کە سەرکێشیی کاروانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بێت.
پاش حەفتا ساڵ، پارتی گەورەترین هێزی سیاسیی کوردستانە، رۆڵی کاریگەر و پێشەنگی هەیە و جێگای ئومێد و باوەڕی زۆرینەی رۆڵەکانی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستانە، کە خودی ئەم پێگەیە و رۆڵە سەرەکییە، وەک دیاردەیەکی سیاسی نەک تەنها لە کوردستان، بەڵکو لە ناوچە و جیهانیشدا جێگای سەرنج و بایەخی تایبەتە. نهێنی ئەم بەردەوامبوونە و مانەوە لە لوتکەی کاروانی خەباتدا، بابەتێکە، پێویستی بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی هەیە، چونکە ئەو بنەمایانەی پارتی لەسەریان دامەزراوه‌و شێوازی رێکخستن و داڕشتنی پەیام و کارکردنی، پاش حەفتا ساڵیش و، ئەم هەموو گۆڕانکارییە بنەرەتیانە، لە بوارە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای کوردستان، هاندەر و رێگاپیشاندەرن (بوون) بۆ هەموو ئەو پارت و ریکخراوە سیاسیانەی پاش دامەزراندنی پارتی پەیدا بوون. سەرەڕای ئەمەش، خاڵی بەهێزی پارتی و نهێنی بەردەوامبوون و سەرکەوتنەکانی، دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتیی دامەزراندنی پارتی لەسەر دەستی بارزانیی نەمر، وەک ئامرازی سیاسیی پەیامی مێژوویی رێبازی بارزانیی نەمر، كه‌ ئەویش پەیامی ئازادی و سەربەخۆییی کوردستانه‌.
ئەم پەیامە بە ئاشکرایی لە بەرنامەی (لیژنەی ئازادی)دا هاتووە، کە بارزانیی نەمر لە 15/1/1945ی دایمەزراند، چونکە خاڵی یەکەمی ئەم بەرنامە بریتییە لە: (سەربەخۆییی کوردستان و ئازادکردنی لە مەینەتی و چەوساندنه‌وه‌). هەمان ئامانج و بنەما لە وتارە میژووییەکەی (باکۆ)ی بارزانیی نەمر لە 9/1/1948دا هاتووە، کاتێک لە بەشی (ئامانجە سیاسییەکانمان)دا راستەوخۆ باس لە دامەزراندنی دەوڵەتی دیموکراتی کوردستان دەکات. ئەم ئامانجە، دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، كه‌ بەشیکی سەرەکیی فیکر و بەرنامەی پارتی بوو، له‌ ماددەی دووەمی پرۆگرامی پارتی جەخت لەسەر بڕوابوون بە مافی کورد لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و پشتگیری لە خەباتی پارچەکانی کوردستان كراوه‌ته‌وه‌.
پارتی بە درێژاییی حەفتا ساڵ، پرۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان و سەربەخۆیی کردە ئامانج و دروشمی سەرەکیی خۆی و، کاری کرد بۆ گەیشتن بەم ئامانجە و ئامادەکردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ قبووڵکردنی. حەفتا ساڵەی ئایندە، قۆناغ و ساڵانی بەڕێوبردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەبن و، پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی ئەم قوناغەش دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار