دیتی پارتی بۆ رێکخستنی ژیانی کۆمەڵگای کوردستانی

د. عوسمان عهلی وهیسی
پارتی لە بنەڕەتدا وەک بەرەیەکی نیشتمانیی کوردستانی دروست بوو، هەوێنی نیشتمانی بوو کە دیموکراسیەتی وەک هۆ و ئامانج و مەبەست لە رۆژگاری هەژموونی بیرۆکە پووچگەراییەکان و رەوتە سەپێنەکانی کردە نمای بیر و ئەندیشە بۆ کۆمەڵگای کوردستانی، چەتری کۆکەرەوەی پەرشوبڵاوی دیت و ئایدۆلۆژیا لۆکاڵی و بەرنامە مەحەلییەکان لە رۆژە نابووت و ناهەموار و نالەبار و شەوەزەنگەکاندا پارتییە، بە شێوەیەک لە پاشاگەردانیی ئایدیای دۆگما کە کۆمەڵگا خزمەتکاری بێت، کوردایەتی و دیموکراسیەتی کردە دیتی خزمەتکاری بۆ کۆمەڵگای کوردستانی.
لە ساڵی 1946 هێزی نەسرەوت و نیشتمانپەروەری باشوور، لە رۆژهەڵات خەباتی دەکرد، باشوور بۆ چەند حزب و گرووپی سیاسی و کەسایەتیی نیشتمانیی جیاواز جیاوازی، بە جەوهەر بەڵام لە چاو ئەرکی قۆناغە نیشتمانییەکە و، هەلومەرجی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئەو هێزە راسانەی نەبوو، کە پەیامی کوردایەتی و خواستی رەوای نەتەوەییمان بەدی بێنێت. هەر بۆیە بارزانیی مستەفا ئەرکە مێژوییە مەزنەکەی لە رۆژهەڵات پەرەپێدا و، بوو بە پاسەوانی کۆمار و، هەڵگری پەیام و هێزی راگەیاندنی کۆمار و یادگاری کۆماری مەزن، کە ئەگەر پلانیش هەبێت، بەڵام پێشمەرگەی کۆمار، فیداکاری بەردەوام دەکات، لە هەمان کاتدا ئەرکی سیاسی و شۆڕشگێڕیی باشووری لە ئەستۆ بوو.
بارزانیی مستەفا تەنها بیری لای رۆژهەڵات نەبوو، بەڵکو لە شۆڕشی یەکەم و دووەمی بارزان و، لە ژیانی سیاسی لیژنەی ئازادی و، لە خەبات و کاری سیاسیی جڤاکی و سیاسیی گشتیی حزبەکان، تێزی پێگەیشتوویی هزری و ئەزموونی، لەیەک دا و، بە پڕۆگرام و پەیڕەو و پەیماننامەیەکی نیشتمانیی مەزن \، ئەرکی مێژووییی خەبات و بەرخۆدان و بەرپرسیارێتی گەیاندەوە باشووری کوردستان و، پارتی دیموکراتی کوردستانی کردە مژدەی رێکخستنێکی نوێ و هاوچەرخ و، سایە و سێبەری بزاوتی نیشتمانی و، وەرچەرخانێکی مەزن لە کۆمەڵگای کوردستانی، کە تا ئەم ساتە هیچ پارتێک و بزاوتێکی کوردستانی نەیتوانیوە دایکبوونێکی لەم شێوەیهی هەبێت.
پارتی لە یەکگرتنی حزبە سیاسییەکان (رزگاری و هیوا و شۆڕش و ئەوانی دی) و کەسایەتییە سیاسییەکان دروست بوو، مەبەستی بوو تەوافوقێکی موجتەمەعی وەک پەیمانێکی نەتەوەیی نیشتمانی بۆ رابوون و رێنسانسێکی کوردستانی ساز بکات. تەنها و تەنها زەرورەتێکی قۆناغی سیاسی بوو، بە شێوەیەک کە توانی وەرچەرخانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و رووناکبیری دروست بکات و، بەبێ جیاوازیی ئایینی و نەژادی و نەتەوەیی و جێندەری و مەزهەبی و پێگەی کۆمەڵایەتی یا ئابووری، هاونیشتمانی و خاکی کوردستان کۆمان بکاتەوە و، ئەمەش لە ژیانی عەمەلی و لە پراکتیک و لە کردار و، لە دەستوورێکی دیموکراسیدا بەرجەستە بکات.
پارتی لە نەخشەی ئەو دەستوورە دیموکراسییە کە لە مەهابادەوە نووسرا و بووە پەیامی جیهانبینیی بارزانی و یارانی، لە ژێر چەتری خۆری کۆمار و ئاڵای کوردستاندا وشەکانی نووسران و، بە تیشکی رۆژی ئازادی تان و پۆکانی لێک دران و، بە هەناسە باڵای نیشتمان پشتەماڵ کران و، بە قاسیدی ئیرادەی کوردستانی بۆ باشوور نێردرا، یەکەم تێزی کوردستانی گشتگیر بوو، کە پێشتر و دواتر، نەکاراوە تەجاوزی بکرێت و، لەسەر سەرەکیترین پرهنسیپ و رێسای دیموکراسی خشتەڕێژ کرابوو کە بە کورتی بریتی بوون لە:
سەروەری بۆ کۆمەڵگا بێت و، گەل سەرچاوەی بوون و دەسەڵات بێت نەک تاکێک یا کەمینەیەک، حوکمی دیموکراسیەت نەک ئۆلیگارشی و ئۆتۆکراسی، ئەم ئایدیایە گەلانی زیندووی جیهان پەیڕەویان کردووە و، سەرەنجام میللەتی زیندووی بەرهەمهێن و بەرپرس و خاوەن داهێنانی مەزنی خوڵقاندووە.
کوردستان و شۆڕشەکەی موڵکی خەڵکی کوردستانە، لە هەناوی خواست و ویستی خەڵکی کوردستان هەڵقوڵاوە و، ئامانج و کار و بەرهەمی بۆ کوردستانیان و مرۆڤایەتییە.
لە یەکەم دیکۆمێنتەوە پارتی پێی وابوو کە: لە رێگەی سەروەریی یاساوە یەکسانی بەدی دێت و، دەوڵەتی یاسا و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و گەشەپێدانی مرۆیی دێتە ئاراوە.
لە رووی فەرمانڕانییەوە پارتی پێی وایە کە نابێ دەسەڵاتەکان لە شوێنێک چڕ ببنەوە و، نابێ دامەزراوە و دەسەڵاتە دەستوورییەکان لە دەستی کەسێک یان دامەزراوەیەکدا بن، پانتایی دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان ئەوکات دەستەبەر و پارێزراو دەبن کە دابەشبوونی ئەرک و دەسەڵاتەکان لە ئارادا بێت و، دەسەڵاتێک ئەوی تر بوەستێنێت و هاریکاریشی بکات.
گەرەنتیکردنی ماف و ئازادییەکان لە رێگەی دەستوور و یاسا و دادگا و کۆمەڵگاوە، لە میانەی پەرەپێدان و گەشەسەندنی توانای رای گشتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان دێتە دی.
هەڵبژاردنی راستەوخۆ و ئازاد و بێگەرد، تا دەرفەت بێت پیادەکردنی دیموکراسیەتی نیمچە راستەوخۆ، دەستاودەستی دەسەڵات لە رێگەی هەڵبژاردنی شەفاف و بێگەرد، دەوری و، لە ژێر چاودێریی دادگا ئەنجام بدرێت.
هاوسەنگیی هێز ئەو هاوسەنگییەیە کە لەسەر دیموکراسیەت وەستاوە و لە بنەڕەتدا هاوسەنگییە لە نێوان هێزی دەوڵەت و هێزی ئەو کۆمەڵگایەی کە حوکمی دەکات.
پڕۆسەی گواستنەوەی دیموکراسی بە دوو رێڕەوی سەرەکیدا دەڕوات، یەکەمیان چاکسازی دەوڵەت و بەرزەفتکردنی دەسەڵاتەکانی و خستنە ژێر رکێف و ئاڕاستە و بەرژەوەندیی گشتییەوە، دوور لە بەرژەوەندیی کەسی، دووەمیان دووبارە داڕشتنەوەی کۆمەڵگا لەسەر بناغەی مەدەنیەت و، گەشەپێدانی هێزەکانی سەربەخۆ لە دەوڵەت و، دانانی بنەمای کاری هاوبەش لە پێناو کارایی و، هاوسەنگیی ئەو هێزانە بۆ هێزی دەوڵەت.
دیتی پارتی جەخت لەوە دەکات کە کۆمەڵگا لۆکاڵییەکان هێز و توانای خۆیان هەبێت و، دەوڵەت وەزیفەی هەیە کە دەبێ دامەزراوەکانی ئەرکی پاراستنی ئەوان وەئەستۆ بگرێ.
هەر بۆیە پارتی بۆ شۆڕەش و بەرخۆدان و بۆ کاری مەدەنی و حوکمڕانی جەخت لە بەشداریی کارا و فراوانی خەڵک و هێزە کۆمەڵایەتییە کاریگەرەکان دەکاتەوە.
رای گشتیی راستەقینە، هێزی کاریگەرە بۆ دەسەڵاتی سیاسی و چاودێرێکی راستینەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی، ئەم رۆڵە لەگەڵ پتەوبوون و فراوانبوونی ئەرکەکان و پایەکانی دیموکراسی و مەدەنیەت، بە تایبەت لە پیادەکردنی شێوە جۆراوجۆرەکانی ریفراندۆم پتەوتر دەبێت، بە تایبەت لەگەڵ دەرکەوتنی سۆشیال میدیا.
لێرەدا، راگەیاندنی نیشتمانیی ئازاد وەسیتی نێوان فەرمانڕان و بەرفەرمانە، هەر بۆیە پارتی جەخت لە راگەیاندنی نیشتمانی و میدیای ئازا و ئازاد دەکاتەوە، لە کوردستانی ئازادیش دەرفەتی گەیشتن بە ئاگۆرا فراوانە و، ئەم گوندە کهونییە وای کردووە کە گەل بەردەوام لە پێکگەیشتن بێت لە گەڵ فەرمانڕان و سیاسییەکاندا. هەر لەم ناوەشدا، لە هاونیشتمانی دەخوازێ کە لە ئامرازەکانی پەیوەندیگرتن تێبگات و، بە فیکری رەخنەگرییەوە مامەڵە بکات و، گومان بکات و، بە دوادا بچێت تا لە گومانەوە بگاتە حەقیقەت.
هەر بۆیە لە دیتی دیموکراسیەکەی پارتی ئەوە بەرجەستە دەبێت کە دامەزراوە میدیاییەکان ئۆپشن و ئەلتەرناتیڤ و چاوەڕوانییەکانی هاونیشتمانیان رێز لێ بگرن، هەر لێرەشدا دەبێ سێینەی سیاسییەکان و رای گشتی و ئامرازەکانی پەیوەندیگرتن لە بەرچاو بگرین، لەم چەشنە دیموکراسیە، هاونیشتمانی سەنتەری کار و خزمەت و ئەندێشە و سەرچاوەی بیر و دەسەڵاتە.
رێكخستنی کۆمەڵگا و گەشەپیدانی مرۆیی و هێنانەدی دادپەروەری، ئەرک و بەرپرسیارەتییەکن کە لە دایکبوونی پارتییەوە، زانستیانە وەرد دراونەوە، دەبێت لە ئێستایشدا، ئەرکە نیشتمانی و جڤاکییەکان لە هەمان بیر دەمەزەرد بکرێنەوە و، کاریان بۆ بکرێت و لە مەنهەجیەت و پڕۆژەکاندا سەرقافڵەیی بەردەوام بکات.




