٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

حەفتا ساڵەی پارتی. نزیكتر لە ئامانجی سەرەكی

سەرچاوە: KDP.info

عەبدولڕەزاق عەلی

سبەی، شانزەی ئاب، حەفتا ساڵی تەواو بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، تێدەپەڕێت.
سەرەڕای هەوراز و نشێو، وەیشوومەی سەخت و ڕۆژانی سەركەوتن، كارەسات و خۆشییەكان، قوربانیی یەكجار زۆر و دەستكەوتی گەورە، شەڕ و موقاوەمەت و پێشمەرگایەتی و پشووەكانی ئاشتی، خەباتی چەكداری و مەدەنی و دیپلۆماسی، تەحەددیاتی نێوخۆ و دەرەكی، دەرفەتی پێشڤەچوون و هەڵكشان، سەرەڕای هەموو ئەمانە، پارتی نەك هەر مایەوە، بگرە لە گەشەكردن بەردەوامە، تا ئەم ساتەش، پێچەوانەی ویست و هەوڵی تەواوی داگیركەران و ناحەزانی، گەورەترین و بەجەماوەرترین هێزی سیاسی كوردستانە. مانەوە و پێشڤەچوون و سووربوونی پارتی؛ بە لای جەماوەرەكەی و پارتیناسەكانەوە، ئەگەرچی بە قوربانیدان و ڕەنجێكی زۆر، بە لە خۆبووردوویی و كارزانییەكی سەرنجڕاكێش بووە، بەڵام ئەنجامێكی سرووشتی و ئاساییە. بە لای داگیركەران و ناحەزانیشەوە، مایەی شۆك و بێئومێدییە. ئەمڕۆ پارتی و لەگەڵیدا خەڵكی كوردستان، لە هەموو كات نزیكترن لە ئامانجەكان، لە پێشییانەوە سەربەخۆیی كە ئامانجی سەرەكیی پارتییە و لە پێناویدا دامەزراوە. بۆیە لەم قۆناغە هەستیار و مێژووییەدا، پارتی لە هەر ڕۆژێك زیاتر، ڕووبەڕووە لەگەڵ نەیاری زۆرتر، هەڕەشەی توندتر، شاڵاوی هارتر و فرەلایەنتر. لە ساتەوەختێكی وەك ئێستێدا، پرسیاری دۆست و نەیار، هەموو كوردستانییەك، ناحەزانی كوردستانیش ئەوەیە: ئایا پارتی، خۆی لەبەردەم ئەم هەموو تەحەددی و هەڕەشە و شاڵاوانەدا دەگرێت و وەك هەمیشە، هێمن و بێ ئەوەی باڵانسی خۆی لە دەست بدات، سەركردایەتی ڕەوتی سەربەخۆیی دەكات تا دەگاتە دوا مەنزڵی خۆی؟ وەڵامەكە؛ بەدڵنیاییەوە ئەرێنی و بەڵێیە.

نهێنی ئەم دڵنیاییەش، پابەند و وابەستەبوونی پارتییە بە ڕێبازی بارزانییەوە.
ڕێبازی بارزانی، ئایدیۆلۆجیایەكی ناكوردستانیانەی دەرەكی نوسراوی سەر كاغەز نییە، هزرێكی كوردەواری خۆڕسكە، خودان ئامانجێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی بە دنیابینییەكی ئینسانییانەوە. پێداگری و سووربوونی هێمنانەش لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ناهەقی و بەدەستهێنانی ماف و ئازادیی، یەك لە پایە سەرەكییەكانی ئەم ڕێبازەیە. سەرباری دیمەنە ئەوەی مایەی دڵنیاییەكی زیاترە، كۆكبوونی ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكان و زۆرینەی بێدەنگی گەلی كوردستان لەسەر ئەو ئامانج و ئاواتە نەتەوەیی و نیشتمانییەی پارتی نەك خەباتی بێووچانی بۆ دەكات، بگرە خۆی بۆ تەرخان كردووە.

بە لای پارتییەكانەوە، ئەو قەیران و كێشانەی ئەمڕۆ یەخەی كوردستانیان گرتووە، ئەو ناكۆكییانەی لە دەیان دیمەن و كێشمەكێشدا ڕۆژانە خۆیان دەنوێنن، ڕاستە قەیران و كێشە و ئاستەنگی جیددین، وەلێ دواجار هەر ئیرادەی خەڵك كە سەربەخۆییە سەردەكەوێت. ئەمە بەو مانایە نییە كە پارتی ئەو كێشە و قەیران و ناكۆكییانە بە هەند هەڵناگرێت، یان پێیوابێت بە تەنیا ئەو ئەركە مێژووییەی پێ هەڵدەسووڕێت، نا، بەڵكو پارتی لەو باوەڕەدایە، ویستی سەربەخۆیی و ڕزگاربوون لە بندەستی، ئامانجی هەموو هێزە سیاسییە ڕەسەنەكانە و ویستێكە لە ناخی هەر هاووڵاتییەكدا خۆڕسكانە هەیە و هەراش بووە. بیرمان نەچێت، مانەوەی پێشمەرگە بە یەكگرتوویی لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش و شەڕی بەرگریی لە كوردستاندا، ئازایەتی و ورەی بەرزی پێشمەرگە و ئەو گیانە نیشتمانییەی لە ڕووخساری هەر پێشمەرگەیەكدا دەیبینین، ئازایەتی و سەركەوتنیان، ڕزگاركردنی زۆربەی هەرە زۆری خاكی كوردستان، خۆڕاگریی خەڵك لەبەردەم قەیرانی دارایی و سیاسییدا، پاڵەپەستۆیەكی ئەرێنی لەسەر هێزە سیاسییەكان دروستكردووە و بووەتە پشتیوانییەكی مەزن بۆ حەتمییەتی سەركەوتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار