٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

تەنیا سەربەخۆیی دەمانپارێزێ

سەرچاوە: KDP.info

ئاریان فەرەج

شەڕی داعش و تێكشكاندنی دەوڵەتەكەی بەغدایی، بەرەو قۆناغەكانی كۆتایی دەچێ. كورد ئەو هێزە بوو كە لە سەرەتاوە پێشڕەوی و سەركەوتنەكانی داعشی راگرت و بەرەنگاریان بووەوە و، ترسی مرۆڤایەتیی لە داعش شكاند.

پێشمەرگە ئەو تاكە هێزە بوو كە لە جیاتی هەموو جیهان بەرسنگی لە داعش گرت و پاشەكشەی پێكرد . بە كۆتاییهاتنی شەڕی داعش، سەركەوتووەكانی جەنگ دووبارە نەخشەی جێوسیاسیی ناوچەكە دادەڕێژنەوە، كورد یەكێكە لە براوە سەرەكییەكانی جەنگ، بۆیەش دەبێ لە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكەدا رۆڵ و نەخشی هەبێت. 

ئارامبوونەوە و گێڕانەوەی سەقامگیریی سیاسی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا جارێكی دیكە مەترسیی وەك داعشی تێدا شین نەبێتەوە و، كۆی بەها و بەرژەوەندییەكانی جیهان نەكەونەوە بەر هەڕەشە، داڕشتنەوە و تەرتیبات و سیستمێكی نوێ دەخوازێ. 

ئەو وڵاتانەی داعشیان تێدا هەراش بوو، زەحمەتە بە نەخشە و پێكهاتە و سیستمی ئێستایانەوە بمێنن. عێراق یەك لەوانەیە. كورد لە عێراقدا نە فیدرالیزم پاراستی و نە توانیی عێراقییەكان بە شەراكەت و برابەشی قانع بكات. نە توانیشی بە پاشكۆیەتی هەتاهەتایی قایل بێت. ئیدی كورد لەبەردەم بژاردەیەكی چارەنووسسازدایە. دەبێ لە ئێستاوە چارەنووسی خۆی بۆ قۆناغی دوای داعش دیاری بكات و، بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات. 

ئەو هێزە ئیقلیمییانەی سەربەخۆیی كوردستانیان پێ ئیستعاب ناكرێ و رێگریی لێ دەكەن، لە ئێستاوە كەوتوونەخۆ بۆ گەلەكۆمەكێ و لەبەینبردنی پرۆژەی كورد. گرەویان لەسەر ئەوەیە كورد لە نێوخۆدا ناكۆكن و دەكرێ ئیش لەسەر قووڵكردنەوەی ئەو ناكۆكییانە بكرێ. ئەو منەتەی ئەمڕۆ ئەمریكا و رۆژئاوا بە كوردیان هەیە، رەنگە دوای شەڕی داعش نەمێنێ. بازنەی ئابڵوقە و گەمارۆ بە ئاستێك لەسەر كورد بەرتەسك بكەنەوە كە لە پێناوی ژیانێكی كوڵەمەرگی و پاروەنانێكدا دەستبەرداری خەون و ئاواتی لە مێژینەی بێت و لە ئامانجەكەی پاشگەز بێتەوە. 

كۆتایی شەڕی داعش ( بە جیاوازیی سەردەمی ئێستا و ئەوسا) لە روانگای داگیركەرانی كوردستانەوە، لە سەروەختی كۆتایی شەڕی عێراق و ئێران دەچێت. بۆیە، لە ئێستاوە تەمایان بە دەستكرانەوەی دوای نەمانی داعش هەیە تا لێبڕاو بن بۆ گیانی كورد. ئەوەتا لە ئێستاوە ئاماژەكانی سەربەیەكدا كردن و كۆبوونەوەی چوارقۆڵی و یەكخستنی هەڵوێست دژی سەربەخۆیی كوردستان وا دەردەكەون. 

بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەو پیلان و هەڕەشانە، تێگەیشتنێكی نێودەوڵەتی و هەلومەرجێكی بابەتی و ئیرادەیەكی كوردیی شێلگیرانە بۆ سەربەخۆیی هەیە، كە تەنیا هاودەنگی و كۆبوونەوەی تێكڕای هێزە سیاسییەكانی كوردی لە دەور پێویستە. 

لەبەردەم هەڕەشەیەكی لەوجۆرە و، هەلومەرجێكی رەخساوی وەهادا، كورد دەبێ كارێك بكات پێش ئەوەی شەڕی داعش یەكلابێتەوە، چارەنووسی خۆی یەكلاكردبێتەوە و بڕیاری خۆی دابێ و سەروەری بەدەستهێنابێ، تا وەك وڵاتێكی سەربەخۆ یاسای نێودەوڵەتی لەهەر جۆرە دەستدرێژی و تەجاوز و پەلامارێكی ئیقلیمی بیپارێزێ. دەنا بەم رەوشەی ئێستا و بێ ناسنامە و بێ سنوور و بێ سەروەری، دەكرێ نەك هەر رێگەی سەربەخۆیی لێ ببەسترێ، بەڵكو سەركەوتنەكان و رۆڵی پێشەنگانەشی لە شەڕی داعشدا لێ بدزرێ و بخرێتە گیرفانی خەڵكی دیكەوە و، هەموو دەسكەوتەكانی ئێستاشی لێ بسێندرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. ئاخر پەلاماردانی هەرێمێكی بێدەوڵەت و نەپارێزراو دوای گۆڕانی موعادەلاتی ئێستای ناوچەكە، ئاسانە و دەرگا لەسەر هەمووجۆرە هەڕەشەیەك كراوەیە. 

بەڵام، ئەگەر تا ئەودەمە كوردستان سەربەخۆ بووبێت، هیچ هێزێكی ئیقلیمی ناتوانێ سەروەری و سنوور و بەرژەوەندییەكانی وڵاتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری پێشێل بكات. لە دوای كۆتایی شەڕی داعش، ئەوەی كوردستان لەهەر مەترسی و ئەگەر و پەلامارێك دەپارێزێ تەنیا بڕیاری بوێرانە و دوانه‌خراوی كورد خۆیەتی. بڕیاری جەسوورانە و چاونەترسانەی ئیعلانی سەربەخۆیی.

كورد، دەبێ خۆی و هەموو فاكتەرە هاندەر و ئاسانكارەكان و كۆی هەلومەرجەكە بۆ سەربەخۆیی كۆكاتەوە، بەرلەوەی ناحەزانی سەربەخۆیی كوردستان هەموو هێز و توانیان بۆ لەبەینبردنی كۆكەنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار