جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و هاوچارەنووسی نیشتمانیمان

عوسمان عەلی وەیسی
تاوانی ئەو تیرۆرە نێودەوڵەتییەی لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە لە هەمبەر خەڵکی مەدەنی کوردنەژادی ئایین ئیزدی ئەنجام درا، جینۆسایدێکی ویژدان هەژێنی مرۆڤایەتی بوو، کە لە ئابی 2014 بە رووی مەبەستی لە ناوبردنی پێکهاتەیەکی ئەسیڵی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و کوردستانی بووهوە.
ئەم تاوانە دژی ئاشتی و تەنایی نێودەوڵەتییە، کە سەرەکیترین مەبەست و ئامانجی نەتەوە یەکگرتووەکانە، هەربۆیە چوارچێوەی یاسایی ئەم تاوانە دەچێتەوە ناو رێسا نێودەوڵەتییەکان و، لە روو وەستان و بەگژداچوونەوەی دەچێتە خانەی ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراو و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هێنانەدی و بەرجەستەکردنی سەقامگیریی نێودەوڵەتی و رێگرتن لە کوشتن و کاولکاری.
تاوانی تیرۆری نێودەوڵەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) مەترسیی راستەوخۆی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی کورد و ئاسایشی نیشتمانیی کوردستانی دروست کرد و، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئایینی خەڵکی کوردستانی رووبەڕووی واقیعێکی نەخوازراوی هەستیاری مێژوویی کردەوە.
کارە تیرۆریستەکانی داعش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندە سەرەکییەکانی ئاسایشی جیهانی هەژاند و، راستەوخۆ لە رووی یاسایی و سیاسی و ئابووری و هەواڵگری و فیکری و سەربازی و هەماهەنگییەوە، کەوتنە شیکاری هەمەلایەنە.
لەو بارودۆخەدا، خوشک و برا ئیزدییەکان و دەڤەری جێنشینی ئەوان تووشی کارەسات و تاوانێکی مێژوویی بوون و، عەقڵیەتی فاشیستی و تەکفیری و ملهوڕی سەرانی داعش و بەکرێگیراو و فریودراوەکانیان بە ناوی ئایینەوە، جارێکی تر مێژووی نەتەوەییمانی بە فەرمانی لە ناوبردن لەژێر پەردەی ئایینەوە کولاندەوە و، تاوانێکی بێوێنەیان لە سەرەتای هەزارەی سێیەمدا ئەنجام دا.
بوونی رەگەزی دەرەکی لە رووی رەگەزنامە و هاوبەشەکانی تاوانباران و جێگە و پێگە زۆر و زەوەندەکانی کارە تیرۆریستییەکان، رووی هەمەلایەنەی پڕ مەترسی و سامناکی تیرۆریستانی زیاتر روون کردەوە، بەم شێوەیە دەبینین کە رەگەزی دەولی لە کارە تیرۆریستەکاندا زیاتر لە دەوڵەت و ناوچەیەک دەگرێتەوە و، خۆئامادەکردن بۆ تاوانکاری ئەگەرچی لە باشووری کوردستان و عێراق و شام بوو، بەڵام پلان و تەمویل و سیخوڕی و تەجنید و ئامرازەکانی و پشتیگیرییەکانی و ئەنجامدەرانی دیمەنێکی یەکجار تایبەتی پێبەخشین، بەمەش ئەرکی پیشمەرگە و خەڵکی کوردستان و هاوکاری هەماهەنگی روویەکی تری خەمی گشتیی مرۆیی وەرگرت.
کیانی سیاسیی باشووری کوردستان، لەهەمبەر ئەم کارە وەحشیگەرە هەژا، بەڵام پێشمەرگەی کوردستان کار و ئەرکی دوژمنبەزێن و تیرۆریستشکێنی راپەڕاند و، لە جیاتی مرۆڤایەتی سەری کورد و کوردستانی بەرز کردووە و بە قوربانیدان بەرگری لە کیانی و بوونی کوردستان کرد و، کوردستان بوو بە سەنگەری پێشەوەی بەرگری لە دنیای ئازاد.
کوردستان بوو بە چەکی قورسایی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڵام رای گشتیی کوردستانی دەخوازێت کۆمەڵی نێودەوڵەتی ئەو ئەرکانە بەدی بهێنێ کە لە بڕیار و رێکكەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە و، لە ناویشدا حەقدارییە یاساییەکانی خەڵکی کوردستان.
خەڵکی کوردستان دەبینێ کە رۆڵەکانی سەر بڕان و کچانمان هەتک کران و پیر و ژن و منداڵەکان زیندەبەچاڵ کران و، ناوچەیەکی فراوانی باشووری کوردستان تووشی خاپوربوون و سوتماککردن بووهوە، شەهید و قوربانییەکی زۆر و شوێنەواری سلبی بۆ سەر خێزان ژن و منداڵ و گەورە و بچووکی کوردستان دروست کرد و، بارێکی ئابووری و داراییی خراپ (لەگەڵ هۆکارگەلی تر) رووبەڕووی خەڵکی کوردستان کردەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، دەبێ ئەو راستییە بەبیر خۆمان بهێنینەوە یاسای نیودەوڵەتی تایبەت بەتیرۆر لەو میکانیزمانەی جەختی لێ دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، داڕشتنی رێسای یاساییە لە پەیوەندگرتن لە نێوان تیرۆری نێودەوڵەتی و مافی چارەنووس.
خەڵکی کوردستان کاتێ سەرنج دەداتە ئەو تاوانە تیرۆرکارانەی کە ڕووبەڕووی خاک و تاک و کۆمەڵگا و پێکهاتەکانی کوردستان بووهتەوە، لەسەر دەستی تیرۆری دەوڵەت بێت لە لایەن رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی داگیرکەران، قەبارەی ئەو تاوانانە و توانا و شێوازی دڕندەیییان و ئامراز و چەک و پڕۆسەی ئەنجامدان و رەگەز و ئامانجەکانی رەهەندەکانی، هەروەها پلانە بەردەوامەکانی و، شێوازەکانی و پشتیگرییەکانی، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە چ میکانیزمێک هەیە کوردستان و خەڵکی کوردستان لە تاوانی تیرۆر و جینۆساید بپارێزێ؟.
ئەو میکانیزمەی کە خەڵکی کوردستان و پێکهاتەکان دەپاریزێ، سەرەکیترینی ئەو میکانیزمانەیە کە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستانی پێ دەپارێزرێ و وا دەکات خوشک و برایانی ئیزدی و هەموومان پارێزراو بین و ئاشتی و سەقامگیری نەک جەنگ هاودەم بێت، ئەوەیە کە ئەو مافی مرۆڤەی بۆ گەل و نەتەوەکانی تر هەیە، بۆ خەڵکی کوردستانیش هەبێت، کە ئەویش مافی چارەنووسە.
دەبێ نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی ئەو راستییە یاساییە وەبیر بێنێتەوە، کە گەلان دەبێ بە مافی چارەنووس بگەن، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی کاری تیرۆریستی و لەناوبردن و جینۆساید دەبنەوە، تاکە شورەی پاراستنی خەڵکی کوردستان دروستکردنی شوورەی پارێزبەندیی پاراستنی خەڵکی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە کە ئەویش شوورەی دەوڵەتی کوردستانە.
بریار و رێکكەوتنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکەن کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی دەبێ مافی چارەنووسی گەلان بسەلمێنرێت و، هەر هەژموونێکی کۆڵۆنیاڵی و داگیرکاری و نەژادپەرستی و تەکفیری و کەراهیەت و نەسەلماندنی مافی چارەنووس دەبێ بە کۆتا بێت.
لە ئێستادا خواستی خەڵکی کوردستان، شەقامی راستەقینەی نیشتمانپارێزی ئەوەیە کە ریفراندۆمی نیشتمانی بۆ مافی چارەنووس ئەنجام بدەین، ئەرکی دامەزراوە دەستوورییەکان و حزبە سیاسییەکان و رێتکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا و رۆشنبیران و تاک و کۆمەڵی کوردستانییە کە کار بکەن بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی ریفراندۆمی نیشتمانی و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان تا ببێتە چەتر و شوورەی بەرگری لە خەڵکی کوردستان و، هێز و توانای ئاشتی و ئاوەدانکردنەوە، دەبێ کۆمەڵی نێودەوڵەتی و لە سەرویانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم پرسە بە هەند وەربگرێت و، لە چوارچێوەی شەرعییەتی نێودەوڵەتی پشتیوانی بکات و، هاوکار و هەماهەنگ بێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم. بەمەش دەتوانرێ کەمێک لە ئیش و مەینەتییەکانی خوشک و برا ئیزدییەکان کەم بکرێتەوە و، خەڵکی کوردستان بە گشتی لە ئاشتی و ئاوەدانیدا بژین.




