٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

شەراكەت لە خەبات شەراكەت لە ماف

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

هەموو ناوچە دابڕێنراوەكان، ناوچەی فرە نەتەوەن. جگە لە كورد، توركمان و سریان و عەرەبیشیان تێدا دەژی. لە رووی ئایین و ئایینزایشەوە دیسانەوە مۆركی فرەیی هەیە. ئەوەی ئێستا لەو ناوچانە روودەدەن، چ خێر بێ چ شەڕ، دەرەنجامەكانی بەسەر ژیانی هەموویاندا رەنگ دەداتەوە. هەر چییەكیش لە ئایندەدا بێتە دی هەمان شت، خێر و شەڕەكەی بۆ هەموویان دەبێت.

كەواتە بە لێكدانەوەیەكی زۆر سادە چارەنووسی ئەم ناوچانە، چارەنووسی هەموو ئەم پێكهاتە فرە نەتەوە و ئایین و ئایینزایەیە. بۆیە خەبات و تێكۆشان بۆئەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە لە ئایندەدا، باش و گەشاوە بێ، خێر و بێرەكەی بۆ هەموو ئەو پێكهاتانە دەبێت.

لەوانەیە لە مێژووی عێراقدا هیچ چارەنووسێك هێندەی چارەنووسی جێبەجێكردنی ماددەی 140 بۆ ئەو ناوچانە دروست و باش نەبووبێ. بۆیە خەبات بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددەیەش جگە لەوەی لە ئەستۆی كوردە، هەروەها لە ئەستۆی پێكهاتەكانی دیكەیشە.

بۆئەوەی ئەم لۆژیكە ببێتە بنەمایەك بۆ خەباتی هاوبەش و شەراكەت لە سەنگەردا، ئەوە دروست وایە كە هەر لە ئێستاوە دڵنیایی لەبارەی چارەنووسەوە ببێتە بنەمای شەراكەتی ئاییندەیش.

بە واتایەكی دیكە بۆئەوەی ئێستا هەموو ئەو پێكهاتانە ببنە هاوسەنگەری كورد بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140، ئەوا پێویستە لە ئێستایشەوە متمانەی چەسپاویان بەوە هەبێ كە لە ئایندەدا، شەراكەتی سیاسی و ئیداری لەو ناوچانەدا و مافە كولتووری و یاساییەكانی هەموویان مسۆگەر و دابین دەكرێن.

بۆ ئەوەی ئەم متمانەیە دروست بێت و ببێتە دڵنیایی، پێویستە كورد لەبارەی ئەو ئایندەیەوە، نموونەیەكی دروست و سەركەوتوو پێشكەش بەوانی دیكە بكات.
دوو ناوچە هەن كە تێیاندا كورد بۆ ئەوانی دیكە ئەم نموونە دڵنیاكەرەوەیە پێشكەش بكات. یەكەمیان ناوچە دابڕێنراوەكانە، دووەمیان هەرێمی كوردستانە.

سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا نەزانراوە و نەبیستراوە و كەسیش لەو رووەوە شەكوای نەبووە كە لە كەركووك یان هەر جێیەكی دیكەی دابڕێنراو كە كورد تێیدا دەستڕۆیشتووە، كارێكی دژی پێكهاتەكانی دیكەی كردبێ و بووبێتە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ سەر ژیان و مانی ئەوانی دیكە، بەڵام بە داخەوە نەشیتوانیوە بە ریژەیەكی بەرز ئەو نموونە دڵنیاكەرەوەیە پێشكەش بكات.

لە هەرێمی كوردستاندا پێكەوەیی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتووری هەنگاوی گەورەی ناوە و مافی پێكهاتە جیاوازەكان مسۆگەر و پارێزراون. هەموو لە دەزگا سەروەرییەكاندا بەشدارن. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا ئەم نموونەیە بۆتە دڵنیایی بۆ ئەو پێكهاتانە لە ناوچە دابڕێنراوەكان؟

ئەگەر وایە بۆچی لە رووی كردەنییەوە هەست ناكرێ ئەوانی دیكە هاوخەباتن بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 و گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان؟
ئەگەر وانییە، كامانەن ئەو كەموكوڕییانەی لە نموونەی هەرێمی كوردستاندا كە بوونەتە هۆی ئەوەی هێشتا نەبێتە نموونەی دڵنیاكەرەوە بۆ ئەوانی دیكە لە ناوچە دابڕێنراوەكاندا؟

لە وتارێكی وەها كورتدا ئەم پرسە بە تەواوی شی ناكرێتەوە و ناتوانرێ پەی بە هەموو رەهەندەكانی ببرێ. بەڵام دەتوانرێ لەسەر هەندێ جومگەی هەستیار و گرنگی هەڵوەستە بكرێ.

هەرێمی كوردستان خودان پەرلەمانە. پەرلەمان مەڵبەندی كۆكردنەوەی نوێنەرایەتیی گەلی كوردستانە بە هەموو پێكهاتەكانییەوە. لەبەرئەوەی مۆرك و ئاماژەكانی تابلۆی فرەیی گەل لە هەرێمی كوردستاندا بە پلەی یەكەم فرەیی نەتەوەییە ئینجا فرەیی سیاسی و حزبی، كەواتە وا چاوەڕوان دەكرێ سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەو فرە نەتەوەییەی تێدا بەرجەستە بێت بەر لە هەر فرەییەكی دیكە. با سەرۆكی پەرلەمان كورد و جێگرەكەی توركمان و سكرتێری پەرلەمان ئاسووری بوایە.

هەرێمی كوردستان خودان حكوومەتە. حكوومەتیش دامەزراوێكە بۆ رێكخستن و پاراستن و بەڕێوەبردنی كاروبار و بەژەوەندییەكانی گەل بە هەموو پێكهاتەكانییەوە. بۆیە پێویستە پێكهاتەی ئەنجوومەنی وەزیران و یەكە ئیدارییەكان و پلە وەزیفییە بەرزەكان گوزارشت لەو فرە نەتەوەییە بكەن كە مۆركی گەلی كوردستانە.

ئەگەر كورد بەگشتی و سەركردایەتیی سیاسی بەتایبەتی ئەمەی لە هەرێمی كوردستاندا كرد، بێگومان نموونەیەكی باشتر و سەركەوتووتر لەمەی ئێستایشی پێشكەش دەكات و دەبێتە جێی متمانە و دڵنیایی بۆ هەموو پێكهاتەكان لە ناوچە دابڕێنراوەكان.

ئەوسا كە ئەوانیش لە چارەنووسی شەراكەتیان دڵنیا بوون، ئەوا بە دڵنیاییشەوە دەبنە شەریكی خەباتی كورد لەم قۆناغەدا بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 و بۆ داكۆكیكردن لە ناسنامەی كوردستانیی ناوچە دابڕێنراوەكان.

كە هەموو پێكهاتەكانیش بە هەمان رادە و ئاست و ئاراستە و ئامانج بەشداربن لە خەباتدا بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140، ئەوا ئایندەی جێبەجێكردنەكەی زۆر نزیكتر دەبێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار