٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دیموكراسیەتی عێراق و قەدەری كورد

سەرچاوە: KDP.info

فەیسەڵ دەباغ

هەمیشە قەدەری كورد وا بووە كە هەوڵی هێنانەدی سیستەمێكی دیموكراسی لە عێراقدا بدات، چونكە پێی وابووە كە ئەگەر ئەو سیستەمە نەیەتە دی ئیتر نە ئۆتۆنۆمی و نە فیدرالی هیچ بەهایەكی ئەوتۆیان نابێت.

ڕژێمی پێشوو كاتێ لە بەیاننامەی 11 ئاداردا دانی بە ئۆتۆنۆمی نا، زۆر كەس پێیان وابوو ئەو ئۆتۆنۆمییە راستەقینەیەی كە كورد دەیەوێت سەرناگرێ، چونكە بوونی ڕژێمێكی دیكتاتۆری و عەسكەرتاری رێگرن لەبەردەم هێنانەدی ئەو جۆرە ئۆتۆنۆمییە، بۆیە ڕژێم بۆ ئەوەی وا خۆی نیشان بدات كە لەو مافە پاشگەز نەبۆتەوە، لە ساڵی 1974 ئۆتۆنۆمیەكی كارتۆنی دروستكرد و دامودەزگاكانیشی دایە دەست كەسانێك كە لە سێبەری خۆیان دەترسان.

زۆرجار پاش ڕووخانی ڕژێم دەستەواژەی بونیادنانی عێراقێكی فیدراڵ و دیموكرات بەكار دەهێندرا، واتە یەكەمجار فیدرالیەت و دووەمجار دیموكراسیەت، ئەوكات و ئێستاش بەكارهێنانی ئەو دەستەواژەیەم بە هەڵە دەزانی، چونكە بەبێ بوونی سیستەمێكی دیموكراسی ئەو فیدرالییەتە قەت گەشە ناكات و هیچ واتایەكی ئەوتۆش نابەخشێ.

دروشمی شۆڕشی ئەیلوول دیموكراسیەت بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان بوو، كە وشەی دیموكراسیش خرابووە پێش وشەی ئۆتۆنۆمی خۆی لە خۆیدا دوربینی و حیكمەتی سەركردەی ئەو شۆڕشەمان بۆ دەسەلمێنێ، بۆیە ئەمڕۆ كاری هەموو لایەنێكی كوردستانییە كە یەكەم جار هەوڵ بۆ هێنانەدی دیموكراسیەت بدات ئینجا فیدراڵی.

لەوانەیە هەندێكمان پێمان وابووە كە پاش ڕووخانی ڕژێم ئەو پرۆسە سیاسیەی كە بونیاتنرا پرۆسەیەكی دیموكراسی بوو، كە ئەمەش وا نەبوو. لەوانەیە سەرەتا شێوەی پرۆسە سیاسییەكە ئەو دڵنیاییەی داینێ كە بەڵێ وڵات خەریكە سیستەمێكی دیموكراسی پیادە دەكات، بەڵام پاش تێپەڕبوونی ئەوەندە ساڵە بۆمان دەركەوت كە ئەوەی دەماندیت تەنها خەون بوو.

ئێستا نە دیموكراسیەت بوونی هەیە و نە هاوپەیمانی پێشوو هاوپەیمانی ڕاستەقینە دەرچوون، دەبوایە هەموومان بەر لە چەند ساڵێك دركمان بەو ڕاستییە بكردایەو بوارمان بە یەكێكی وەكو مالیكی نەدابایە ببێ بەو تاكڕەوەی كە ئەمڕۆ دەیبینین.

بۆ مێژوو دەیڵێم سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەوەدا نەبوو مالیكی بۆ ویلایەتی دووەم هەڵبژێردرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەندی لایەن لەگەڵ ئەوەدا بوون كە مالیكی وەك سەرۆك وەزیران بمێنێتەوە و هەر لەسەر داوای ئەوانیش لە ئیجماعەكە دەرنەچێ، ئیتر سەرۆك بارزانی بە مالیكی رازی بوو.

مالیكی لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران هەم ئەمەریكا و ئێرانی هەڵخەڵەتاند، هەمیش تا ڕادەیەك كورد. لەوانەیە لەو مەسەلەیەدا كورد مەجبور كرابێ بەهۆی ئەو هاوپەیمانێتییە مێژووییەی كە لەگەڵ شیعەدا هەیبوو، بەڵام ڕووداوەكانی ئەم دواییە وا لە كورد دەكەن كە چاو بەو هاوپەیمانێتیە بخشێنێتەوە، ئەمەیش بەو واتایە نایەت كە كورد بە تەواوی دەسبەرداری ئەو هاوپەیمانێتیە بێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە دەبێ بەهێزتری بكات بەڵام دوور لە مالیكی و لایەنەكەی كە درێغیان لە ناشیرینكردنی وێنەی كورد نەكرد چ لەلای شیعە بێ یان سوننە.

من لەگەڵ ئەوەدا نیم كە دەڵێ مالیكی توانیویەتی هەموو شیعە و هەموو سوننە قوت بدات، چونكە كەس ناتوانێ ئەو هەمووە قوت بداتەوە، ڕاستە تا ڕادەیەكی زۆر توانیویەتی كار لەسەر هەندێ شیعە و سوننە بكات، بەڵام تا ئێستا لەناو شیعە و سوننە خەڵكانێكی زۆر هەن كە نەچوونەتە ژێر باری فشار و پڕوپاگەندەكانی سەرۆك وەزیران كە دەكرێ كورد لەگەڵ ئەوانەدا هاوپەیمانیەكی پتەو ببەستێ و پێكەوەش كار بۆ پەراوێز خستنی مالیكی بكەن و پڕۆژەكەی سەماحەتی موقتەدا سەدریش كە لەم دواییە خستیە ڕوو ئاماژەیەكە بەرەو ئەو ئاراستەیەی كە باسم كرد.

ئێستا ئەمەریكا ئەو بایەخە ناداتە عێراق كە پێشتر دەیدایێ و كوردیش نابێ چاوەڕوانی ئەوە بێت كە لەكاتی تەنگانەدا ئەمەریكا بە فریای دەگات، بۆیە هەقی خۆمانە وەكو كورد گلەیی لە ئەمەریكا بكەین كە پاش كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق ئەو هەموو گیروگرفتانەی بۆ بەجێ هێشتین و پابەندی ئەو هەموو بەڵێنانەشی نەبوو كە بە كوردی دابوو.

سەبارەت بە ئێرانیش ئێستا زیاتر لە هەموو كاتێك هەست دەكات كە مالیكی یارییەكی ترسناك دەكات و خەریكە بەو یارییەی هاوپەیمانی كورد و شیعە تێك بدات كە ئەمەیش بەپێی خوێندنەوەی خۆم نە لە بەرژەوەندیی شیعەی عێراقە و نە لە بەرژەوەندیی ئێرانیشە.

هاتنی لاریجانی بۆ عێراق و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئایەتوڵڵا سیستانی و محەمەد بەحرولعلوم ئەوە دەسەلمێنن كە ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە كێشەی هەولێر و بەغدا چارەسەر بكات و لەكاتی كۆبوونەوەكانیشیدا لەگەڵ سەماحەتی سیستانی و محەمەد بەحرولعلوم ئەو دوو داوایەیان لە لاریجانی كردووە كە ڕۆڵی خۆی لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر ببینێ و مەترسی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی نێوان شیعە و كوردیشی بۆ خستبووە ڕوو.

فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانیش قاسم سلێمان ئەو سیاسەتەی كە مالیكی بەرامبەر بە كورد پەیڕەوی دەكات بە سیاسەتێكی گەمژانە وەسف كرد و ئەوەشی ڕاگەیاندووە كە ئەوەی لای ئێران گرنگە مانەوەی پەیوەندی نێوان هاوپەیمانی نیشتمانی و هاوپەیمانی كوردستانییە نەك چارەنووسی مالیكی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا و پێشی وایە كە ئەو پەیوەندییە هێڵی سوورە و رێ نادات مالیكی ئەو هێڵە ببەزێنێ و ئێرانیش بە هۆی لاگیری كردنی مالیكی لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران زەرەرمەند بووە.

ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئێران جێی هەڵوەستەیە و دەكرێ هەردوو لایەنی شیعی و كوردی بۆ هاوپەیمانێتیە نوێیەكە كاری جدی لەسەر بكەن، بەڵام هەر وەكو گوتم دەبێ ئێمەی كورد بۆ هەر كارێكی ئایندە دیموكراسی بكەینە ئامانجی سەرەكی خۆمان و دڵنیاشم لەوەی هەم لایەنەكانی دیكەی شیعە و هەمیش بەشێكی زۆری سوننە چاویان لە كوردە كە ئەو سیستەمەیان بۆ بهێنێتە دی، ئیتر چی بكەین ئەمە قەدەری ئێمەیە و دەبێ بەو قەدەرەش ڕازی بین

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار