دەمامکەکان کەوتن

بهختیار شاخی
فەرید ئەسەرسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، لە دیمانەیەکدا، کە ڕۆژنامەی "کوردستانی نوێ" زمانحاڵی ڕەسمیی یەکێتی لە ژمارەی ڕۆژی شەممە 30ـی7ـی2016 بە ئیهتیمامێکی زۆرەوە بڵاوی کردووهتەوە، سووکایەتیی بە خواستی سەربەخۆییخوازیی گەلەکەی خۆی دەکات و پاساو بۆ دوژمنانی گەلەکەی دەهێنێتەوە و قسەی نەیارانی کوردستان دەڵێتەوە.
ئەو، پاساو بۆ بڕینی بودجەی کوردستان لەلایەن مالکییەوە دەهێنێتەوە و دەڵێ: "ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ بەغدا نەبوو، هەتا ئەو كاتەی هەواڵێك بۆ گۆڕینی نووری مالكیی سەرۆكوەزیرانی پێشوو هاتە ئاراوە، بەشێك لە كورد و سوننە و موقتەدا سەدر، ویستیان سەرۆكوەزیران بگۆڕن، كێشەكە لەمەوە دەستی پێكرد".
لێرە دەبێ دوو شت وەبیر ئەسەسەرد بهێنمەوە:
یەکەم: لەو کۆبوونەوەیەی کە لە مانگی ئایاری ساڵی 2012 لە بارەگای نوێی مەکتەبی سیایی یەکێتی لە هەولێر بەسترا، كه بە حزووری بەڕێزان سەرۆک بارزانی، مام جەلال، ئەیاد عەللاوی، ئوسامە نوجێفی، ساڵح موتڵەگ، عەممار حەکیم و موستەفا یەعقوبی وەک نوێنەری ڕەوتی سەدر بوو، جەنابی مام جەلال پێشنیازی کردبوو کە ئێوە ئیمزا بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالکی کۆ بکەنەوە و من سەلاحیاتی خۆم بەکار دەهێنم و وەک پڕۆژە دەیدەمە ئەنجوومەنی نوێنەران. دواتر کە ئیمزاکان کۆ کرانەوە، مام جەلال لەو هەڵوێستەی پاشگەز بووهوە و نەیهێشت ئەندامانی یەکێتی ئیمزای بکەن، بۆیە ئەیاد عەللاوی لە دیمانەیەکدا ئاشکرای کرد کە مەسەلەی سەندەنەوەی متمانە لە مالکی پێشنیازی مام جەلال بووە.
دووەم: لە بیری کردووە کە ئەوە دوو سەرکردەی حزبەکەی ئەو بوون پێشنیازی بڕینی بودجەی خەڵکی کوردستانیان دایە مالکی، ئەگەر لە بیری چووە با قسەی جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی وەبیر بهێنمەوە کە ڕۆژی 23ـی2ـی2015 لە ڕۆژنامەی "هاوڵاتی" بڵاو کرایەوە و بە دەق گوتبووی: "عادل موراد بوو بە مالکی وت بودجەی کوردستان ببڕن".
لەوەگەڕێ کە ئەسەسەرد زوڵم و ناهەقییەکی گەورە لە گەلەکەی خۆی دەکات و پاساو بۆ تاوانەکانی مالکی و بەغدا دەهێنێتەوە، بەڵام نابێ ئەوەی لەبیر چووبێت کە دەوڵەتی ئێستای عێراق لەسەر شانی کورد دروست کرایەوە، ئادەی کاک فەرید پێشانمان بدە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، دەوڵەتی نوێی عێراق پابەندی کام بەڵێنەی بووە؟ کام ماددەیەی دەستووری جێبەجێ کردووە؟ کوا ماددەی 140، کوا بودجەی پێشمەرگە؟ کوا پشکی کوردستان لە سوپای عێراق، کوا بەشی کوردستان لە شەراکەت؟ کوا بودجەی کوردستان؟ خۆ ئەگەر پێشتر ئومێدێکی بۆ پێکەوەژیان و هاوکاری هەبووایە، ئەوا لە سەردەمی دەستەڵاتی مالکیدا هیچ ئومێدێک نەما. ئەو هەموو بنەماکانی دیموكراسی و سیستەمی فیدڕاڵی عێراقی تێک دا و، بە تاکڕەوی و سیاسەتی هەڵە و خۆپەرستییەوە ئاوی کردە ئاشی تاییفەگەری و هێزێکی زیاتری بە شەڕی مەزهەبی بەخشی. ئەوە مالکی بوو کە بۆ یەکەمجار دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، جارێکی دیکە هەڕەشەی لە کوردستان کرد و هێزی ناردە سەر پێشمەرگە. ئاخۆ ئەسەسەرد ڕووداوەکانی قەرەتەپە و هەڕەشەکانی هێزی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلەی لە بیر نییە؟ ئاخۆ لە بیری نییە چۆن مالکی بەڵێنی بە جەنەڕاڵە ترسنۆكەكانی دەدا کە پەلە نەکەن تا ئێف 16ـەکان دەگەن و ئەوکات ئاسانتر دەتوانن هەولێر داگیر بكەن؟ پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەسەسەرد خۆی دەکاتە پارێزەری مالکی و پاساو بۆ هەموو کردەوەکانی دژی کوردستان دەهێنێتەوە؟ ئەوەش لەکاتێکدایە کە مالکی ئێستا هیچ دەسەڵاتێکی جێبەجێکردنی نییە و ئەگەر سەودایەکیان بۆ داهاتوو لەگەڵی کردبێت، وەک گرەوکردنە لەسەر کەری تۆپیو؛ چونکە ئەزموونی ڕابردوومان لەگەڵ بێبەڵێنییەکانی بەغدا پێمان دەڵێت، ئەوەی عاقڵ بێت دەست بۆ پشکۆیەک نابات کە جارێک دەستی داخ کردووە. خۆزگە ئەو خۆزەلیلکردنەیان بۆ مالکی لە بەرانبەر ئەوەدا بێت کە بەڵێنی ئەوەیان لەو پیاوە وەرگرتبێت پشتگیریی لە سەربەخۆییی کوردستان بکات.
ئەسەسەرد، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە پێدەچێ هەر خۆی داینابێت و گوایە لە بری بەغدا، پایتەختێكی ترمان بۆ خۆمان دوست كردووە، دەڵێ: بەڵێ پشت كرایە بەغدا و رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ توركیادا ئیمزا كرا. جەنابی خەبیری ستراتیژی، دەکرێ پێمان بڵێیت کاتێک بەغدا ئابڵۆقەی لەسەرت داناوە و هەڕەشەت لێ دەکات و بودجەکەت دەبڕێت، دەبێ دابنیشی چاوەڕێ بکەی پیلانەکە سەربگرێت کە بە خەیاڵی خاوەنەکانی پێشنیازی بڕینی بودجەی کوردستان، لێگەڕێین خەڵک ناڕازی بێت و پەلاماری دامودەزگای حکوومەتی هەرێم بدەن؟ یان دەبێ دەرچەیەک بدۆزییەوە و داهاتێک بۆ گەل و وڵاتەکەت دەستەبەر بکەیت؟ ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ تورکیادا، ئەگەر بە کێماسیشەوە بێت، کە نەوتی کوردستان بە فەرمی دەفرۆشرێت و بودجەی بۆ پێشمەرگە خەرجییەکانی شەڕی داعش و فەرمانبەران دابین کرد، باشتر نەبوو لەوەی برادەرانی کاک فەرید دەیکەن و دەیانهەزار تانکەر نەوتی کوردستان ئاودیو دەکرێن بێ ئەوەی دینارێکی بچێتە سەر داهاتی هەرێم؟
لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەیدا ئەسەسەرد، لە سەر ڕێگای سەرۆککۆمارەکەی، بێڕێزی بە خواستی سەربەخۆییی کوردستان دەکات و ئەمجارە لەجیاتی شوبهاندنی بە دڵداریی لەگەڵ کچێک، ئەمیان سەربەخۆیی لە گەل دەستێنێتەوە و دەیکاتە خواستی یەک حزب و بە ئاشکرایش دەڵێ، یەکێتی لەگەڵ ئەوە نییە، "هەندێک هەڵپەی سەربەخۆیی و ریفراندۆم دەكەن تاکو كێشەی یـــاسایی و سیاسی پەردەپۆش بكەن، ئەو كێشەیە لەلای یەكێتی نییە." ئێستا، منی هاووڵاتی بۆم هەیە بڵێم جەنابی ئەسەسەرد، ئەگەر ئێوە بۆ پەردەپۆشکردنی فەشەلی ئیدارەدانی پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی گەرمیان، پشت لە دروشمەکانتان دەکەن و سەربەخۆییی کوردستان دەکەنە قوربانیی دەستکەوتی بچووکی حزبی و بەرەو بەغدا بادەدەنەوە، ئەوە گوناهی ئەو کادیر و هەوادارانەتان چییە کە فریوی دروشمەکانی ئێوەیان خوارد و وایانزانی هەر بەڕاستی ئامانجتان مافی چارەنووسە، کەچی ئێستا بە ڕووقایمییەوە هاتووی و دەڵێی: ئەو كێشەیە لەلای یەكێتی نییە.
ئەوەی نازانێ ئەسەسەرد مەبەستی چییە، با ئەم دێڕانە باشتر بخوێنێتەوە: "هەندێك لایەن لەسەر بنەمای یان لەسەر ستراتیژیی پچڕاندنی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا كار دەكەن. بەدڵنیاییەوە لە بەرانبەردا بۆچوونێكی بەهێز هەیە كە پێویستە ئێمە ڕایەڵەكانی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا نەپچڕێنین، من بۆچوونی خۆم ئەوەیە كە ڕەوتی ڕووداوەكانمان بۆ دەهێنێتە پێش كە پێویستە ئەو ڕایەڵانە بگەڕێنینەوە و بەهێزیشی بكەین." جەنابی کاک فەرید، کێشە ئەستوورکردن و پچڕاندنی ڕایەڵەکان نییە، بەغدا ڕاهاتووە کە پاشکۆی دەوێت و ئێمەش پاشکۆیی و کلکایەتیمان قهبووڵ نییە. بەڵێ، لایەن هەیە دەیەوێ کۆتایی بە زوڵم و زۆر و بەسترانەوەی ناچاری لەگەڵ بەغدا بهێنێت و کوردستان سەربەخۆ بێت و ئەو ڕایەڵە درۆیینە نەمێنێت. ئەو لایەنەش پارتی دیموکراتی کوردستانە. ئەگەر لایەنی تریش هەیە دەیەوێ "ڕایەڵەكانی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا نەپچڕێنین" و حەزی لە پاشکۆبوونە، غەدر لە مێژووی خۆی دەکات.




