مالیکی ئامادەیە درێژە بە سیاسەتی جینۆسایدی کورد بدات

غازی حەسەن
ئەوەی لە چەند مانگی رابردوو لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆک بازرانی خرایە بەردەم رای گشتی، راستی ئەو ئاشکراکردنی ئەو رەوتە زەق و شەرانگێزەییەی نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو ، کە لە ئێوارەی رۆژی ١-١٢-٢٠١٢ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی خستییە روو. مالکی لەم کۆنگرەیە رۆژنامەوانییەدا ویستی فشاری یەکلاکەرەوە کە رۆژ بەرۆژ دەسەڵاتەکەی بچوکتر و پڕ گومانتر دەکەنەوە و گەندەلییەکانی ئاشکراتر دەکەن، لەرێگەی شەڕ فرۆشتن بە هەرێمی کوردستان بشارێتەوە.
مالکی لەم کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا ئیدی خۆی پێنەگیرا و گوتی شەڕی ئەمجارە شەڕی نێوان کورد و عەرەب دەبێت..
ئەم مەسەلەیە هەموو سنورە سیاسی و ئەخلاقی و دەستورییەکان دەبەزێنێت، چونکە:
وەکو خۆی ئاماژەی بە رۆلی فاشیانەی سەدام حوسێن لە شەڕە داگیرکارییەکانی دژی کوردستان کرد، نەگەیشتبووە شەڕی دوو نەتەوە، بەڵام مالکی ئامادەیە درێژە بە سیاسەتی جینۆسایدی کورد بدات و شەڕێکی شۆڤینانە دژی کورد و پێکهاتەکانی کوردستان دەستپێبکات. بە ناوی ئەوەی ئیدی کوردستان بۆتە مایەی ئاژاوەگێڕی دژی دەسەڵاتی ئەو لەبەغدا.
چونکە گوتی، کێشەکە کێشەی نێوان (من) و (هەرێمی کوردستانە). سەبارەت بە مالکی بەغدا و عێراق نەما، ئەو وەکو راێبەر و داکۆکیکارێکی نەتەوەیی خۆی دەردەخات و کێشەکەی کردە کێشەی (خۆیی و کوردستان).
لە هەمبەر هاوپەیمانی کورد و شیعە بەناوی هەموو شیعەوە قسەی کرد و گوتی ئەمە (دوێنێ بوو) ئەو (هاوپەیمانییەتە هەبوو)، بەڵام چی دیکە ئەمجۆرە هاوپەیمانەتییەوە پێویست ناکات، چونکە سونە و تورکمان بە دژی خۆیانی دەزانن، ئەوە بۆ کاتی روخانی سەدام باش بوو، بەڵام ئێستا کێشەکە بەرەو ئامانج و ئاستێکی دیکە دەچێت. مالکی راست دەکات ئەو کاتەی شیعە لەبەرامبەر سونە لاواز بوو، خۆیشی بەبێ دەنگ و پێگەی کورد نەیدەتوانی نەک ببێتە سەرۆک وەزیران، بەلکو نەیدەتوانی پارێزگاری لە ئەمن و ئاسایشی ناوچەی سەوز و کورسی وەزیرەکانی خۆیشی بکات، ئەو کات سونە دوژمن و تیرۆریست و تێکدەر بوون و کوردیش هاوپەیمان و دۆستە مێژووییە هاوچەوساوەکە بوون.
لە تێگەیشتنی مالکی، کە سەدام کورد و شیعەی دەچەوساندەوە، دەکرا لەوان سەردەمدا کوردو شیعە برا بن، واتە شیعیزم و بەهێزکردنی پێگەی شیعە لەرێگەی هاوپەیمانی کورد رەوا بوو، بەڵام ئێستا کە ئەو بەناوی شیعە حکوومەت بەرێوەدەبات و کوردو لایەنە شیعییە بەرهەلستکارەکانی خۆی و سونە نارازییەکان بە دوژمن و ئاژاوەگێر و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەزانێت. دەبێت بگەڕێتەوە سەر مۆدێلی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەیی لەبەر بەهێزبوونی کورد دەکەوێتە مەترسی. کەواتە مالکی لەهەر سەردەمێک، ئەگەر سەردەمەکان تەنیا چەند ساڵێک درێژەیان کێشابێت، نەک بەدەیان ساڵ، دەکرێت لەروانگەی مالکی بەرهەم بەدەستەوە بدەن.
مالکی راست دەکات و کەس ناتوانێت وەکو ئەو روون و راشکاو بێت، چونکە هەموو دیکتاتۆر و خۆسەپێنەکان لە کاتی لاوازیی و بێدەسەڵاتیدا، بانگەشەی هەماهەنگی و دۆستایەتی و برایەتی دەکەن و لە کەمترین دەسەڵاتی سیاسیدا کە خۆیان لێدەبێتە، بەڕاستی دەسەڵاتدار، بێ ئەوەی بتوانن نیەت و ئامانجەکانیان بشارنەوە، گومان دروست دەکەن و لەپێناو شاردنەوەی کێشە ناوەخۆیی و گەندەلی و یاساشکێنی و پێشێلکارییەکان، پەنا وەبەر خولقاندنی جەنگ و رکابەری دەرەکی دەبەن، وەکو ئەوەی ئێستا دەیەوێت بە پڕوپاگەندەی نەتەوەخوازی بەڵام بە ئامانجی فرەکردنی دەسەڵاتی شیعەگەرایی خۆویستانەی تاکڕەوانە، دژی کوردستان پیادەی بکات.
مالکی، نزیکترین کەسەکانی خۆی لەگەندەلی ئاڵاون، بەرەی شیعە کە ئەمڕۆ دەیگوت دەبێت فراوان بکرێت و بنەما و هێزی دیکەی تێبخرێت.. کەسە نزیکەکانی خۆشی دایە بەر سەرەسم، ئەمە هەمان رۆژە سەرەتاییەکانی سەدام حوسێنمان لە وەرگرتنی دەسەڵاتی رەها بیردەخاتەوە. سەدام کەسە نزیکەکانی خۆی تاوانبار کردن و رەوانەی دۆزەخی کردن. ئەو کات شیوعییەکان لەگەڵ بەعس هاوپەیمان بوون، لێدران، مالکیش دەیەوێت لە کورد بدات لەپێناو چەند ئامانجێکی سیاسی و هەروەها دوژمنکارانە
یەکەم- رای شەقامی عێراق (شیعە و بەتایبەتی سونە) لە رێگەی خۆشکردنی زەمینەی شەڕ دژی هەرێمی کوردستان بەلای خۆیدا رابکێشێت.
دووەم- کەرکووک ناوچە دابڕێنراوەکان لەرێگەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی داگیربکات و ئیدی کورد دەستبەرداری مادەی 140 و دەستور بن. کێشە بکرێتە کێشەیەکی سیاسی و سەربازی و هەروەها کێشەکە بکرێتە کێشەی نەتەوەیی لەنێوان کورد و عەرەب و راکێشانی تورکمان بەلای خۆیدا، لەژێر پەردەی دژایەتی کورد.
سێیەم- مالکی لەرێگەی فشارەکانییەوە کوردستان بە شەڕ و ناکۆکی لەگەڵ خۆی (بەغدا) مژول بکات، چونکە کوردستان وەکو خۆشی گوتی دەستور پێشێل دەکەن چونکە (سوپایان هەیە و خودانی چەکی قورسن و نەوت دەردەهێنن و کۆمپانیا بیانییەکان روویان لەکوردستان کردووە و فڕۆکەخانەکان لەدەرەوەی کۆنترۆلی ئەوانن و ئەمەریکا هیچ پەیوەندییەکی بە کێشەی نێوان کورد و مالکی نییە، کورد دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی لە ناوچە دابڕێندراوەکان فراوان بکات....). لەکردەوەشدا کوردستان گەشەی کردووە و پێشدەکەوێت، نەک هەر تەنیا وڵاتە بیانییەکان بەڵکو وڵاتە عەرەبییەکانیش رویان لە هەولێرە نەک بەغدا. ئەمەش لەرووی دەروونییەوە ترسێکی گەورەی بۆ سەر ئەو دیکتاتۆرخوازی و خۆ بەرابەر زانییەی مالکی هەیە.
چوارەم- مالکی ویستی بڵێت کورد تەباو یەکڕاو یەکهێز نین، دەیەویست بارزانی لەسەر هەلوێستە ستراتیژی و کوردستانییەکانی گۆشەگیر بکات، بەڵام دەرکەوت سەرۆک بازرانی رێبەرایەتی مەسەلەیەکی مێژوویی و دیموکراتی و دەستووری دەکات، بۆیە ئەگەر کات و کەرەسەتەکان دوێنێ لە قازانجی درێژبوونەوەی دەسەڵاتی مالکی بوو بن. بەڵام ئەمڕۆ لەرێگەی بەشەرعیکردنی لەشکرکێشی و زەمینە خۆشکردن بۆ ئاشکراکردنی شەڕی نەتەوەیی لە نێوان کورد و عەرەب، ئەو چەنسە لاواز و تەمەن کورتر دەبن، لەوەی مالکی وێنای کردووە.
پێنجەم- مالکی لە قسەکانی ئاماژەی بەوەی کرد کە گەلی کورد کێشە و پێویستیان هەیە، ئیتر چی دیکە ناتوانن بێدەنگ بن. واتە بە نارەستەوخۆیی ویستی بڵێت ئەوەتە گۆڕانکاری لە زۆر شوێن رویداوە، کوردەکانیش ئەوە دەکەن. لەبیری چووە، ئەوەی لە ناوچە عەرەبییەکان لە سایەی دەسەڵاتی تاکڕەویی و دیکتاتۆری ئەو لە (برسیەتی و بێکاری و گەندەلی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و خراپی رەوشی زیندانییەکان و بەتایبەتیش ئافرەتان و منداڵ و خراپی باری خزمەتگوزاری و دزی و کوشتن تیرۆر و خراپی باری ئاسایش و بەکارهێنانی جومگەکانی دەسەڵات لەپێناو فرەکردنی دەسەڵاتی تاکڕەویی) و دەیان بواری دیکەی خراپ هەن، هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی نارەزایەتی و داواکاری بۆ گۆڕین، رەنگە هاوپەیمان و راوێژکار و هەتا رووداوەکانیش ئەوەیان بە مالکی نەگوتبێت هیچ کاتێک و چی دیکە خەڵکی کوردستان بە کورد وتورکمان و کلدو ئاشور و ئەرمەن و پێکهاتەکانی دیکە ئومێد و بڕوایان بە کەسانی بێگانەی وەکو مالکی و بیری شۆڤینی نەماوە و ناتوانن دیموکراسیەت و سەربەخۆیی لە بەرێوەبردن و گەشەکردنی وڵاتەکەیان تەسلیمی دکیتاتۆرە تازە پێگەیوەکان بکەن.
کورد لەم تەنەگژە سیاسییە نوێیەدا پێویستە چەند هەنگاوێک بگەرێتە بەر
یەکەم- هێزی پێشمەرگە لەو شوێنانە نەکێشتەوە کە ئێستا سوپای پێشمەرگەی لێ جێگیر کراوە.
دووەم- سەرۆک بازرانی و سەرۆک مام جەلال هەریەکەیان لە پێگە دەستوورییەکی خۆیاندا، دەسەڵات و گوتاری ناوەخۆیی و دەرەکی بەکاربهێنن، بۆ رێگەگرتن لەو فشارانەی کە بۆنی شۆڤینیەت و گەڕانەوە بۆ عەسکەرتاریەتی لێدێت.
سێیەم- هەموو نوێنەر کوردەکانی بەغدا، کاری سیاسی و دیبلۆماسی خۆیان لە پێگە ئیداری و پەرلەمانی و راگەیاندنەکانەوە بکەن، بۆ ئاشکرا کردنی ئەو ئاراستە ترسناکەی مالکی دەیەوێت بەناوی نەتەوەی عەرەب دژی کوردستان ئەنجامی بدات.
چوارەم- کورد داوایەکی رەسمی لەرێگەی دەسەڵاتی دەستووری پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە زلهێزەکان بکات، کە کورد دەبێت راپرسی لەپێناو دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین ئەنجام بدات.
پێنجەم- کورد وەکو هەمیشە دۆستایەتی و هاوپەیمانی لەگەڵ شیعە بەرهێز بکات و لەهەمان کاتیشدا دۆستایەتی لەگەڵ سونە لەبیر نەکات و پێشیبخات. هەروەها لەم قۆناغە دەست بە کاری دیبلۆماسی و جولاندنی ئەو کەسایەتی و پێکهاتە و ناوەندە دیمکراسی وپێشکەوتنخوازنە بکات لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکان و رونکردنەوەی راستییەکان بۆ رای گشتی.
شەشەم- بەرەیی ناوەخۆیی کوردستانی بەهێز و پتەو بکرێت لەسەر بنەمای رێزگرتن و متمانە و بڕوابوون بەیەکتر و هەروەها رۆلی تورکمان و کلدو ئاشور و ئەرمەن و پێکهاتەکانی دیکە وەکو لایەنی سەرەکی لە کوردستاندا بەشداربن لە بڕیار و کاردا.
مالکی لەرێگەی فووکردن لە ناکۆکییەکان، کێشە سەرکوتکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بسڕێتەوە، هەروەها لە خۆئامادەکردن دایە بۆ هەڵبژاردن و لە ئێستاوە دەیەوێت لەرێگەی گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتی پارێزگاکان و زۆرینە کۆنترۆلی سەرجەم پارێزگە شیعییەکان لە قازانجی حزبەکەی و خۆی بکات، ئەمەش رێکورەوان فتکردنی لایەنە شیعییەکانە لە دەسەڵاتدا، سەرباری کڕین و چاوترساندنی هەندێک سونە لە پێناو دروستکردنی بەرەیەکی شۆڤینانە بەناوی پێشگرتن لە ترسەکانی دەسەڵاتی کوردی و چوون بەرەو پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی.
کەواتە کورد نابێت هەمان شێوازی مالکی ئەو شەڕە بکات، بەڵکو دەبێت سود لە ئارستەکانی ئەو شەڕە وەربگرێت کە مالکی بەرنامەی بۆ داڕشتووە. لەبەر ئەوە مەرج نییە، هەموو هەڕەشەیەک ببێتە مایەی سەرهەڵدانی شەڕ، بەڵام ئاساییە فشاری دەروونی و سیاسی وەکو شەڕێکی شاراوە دژی کوردستان درێژەی هەبێت، لەپێناو بێهیزکردنی کوردستان.
بەهەمان شێوەش کورد دەبێت، لەبیری نەکات ئەگەر دوو مانگ پێش ئێستا، یەکدەنگ بوایە لە لادانی مالکی، ئێستا کێشەکان نەدەگەیشتنە ئاستی لەبەر یەک وەستانى سوپاو هێزەوە.




