سه‌روه‌ریی كوردستان و پاشكۆیه‌تی به‌غدا

كه‌ریم قادر
وه‌ك ده‌ڵێن "خێر له‌و میلله‌ته نابیندرێ، ئه‌گه‌ر قه‌ڵه‌م، به‌ده‌ست هه‌ڵپه‌رست و دووڕووه‌كانییه‌وه بێت." له‌سه‌ر هه‌مان ئاواز: ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمه‌داره دڵكرمێ و هه‌ڵپه‌رسته‌كان نوێنه‌ر بن.
سه‌رۆكی كوردستان له دواپه‌یامیدا، كه ده‌ڵێ "لە ئاییندەیەكی نزیك دەردەكەوێ، كێ پاشكۆیی دەوێت و كێ سەرەوەریی هەڵدەبژێرێت"، بۆ هاوسه‌نگكردنی هاوكێشه‌ی كوردستان داری به مه‌سه‌له‌كه دا هێنا.
مه‌به‌ستم، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانێك هزر بكه‌ن، كێشه‌ی نێوان پارته سیاسییه‌كانی كوردستان، پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی له‌كار دوورخراوی په‌رله‌مان و مشتومڕی پرسی سه‌رۆكایه‌تییه، نه‌ك ته‌نیا سه‌رچیخ چوونه و تۆ به‌چه‌قێن وه‌ده‌كه‌ن، به‌ڵكو گه‌وجێندراویشن. چونكه له بنه‌واندا كێشه‌كه له نێوان دوو به‌ره‌دایه، یه‌كێكیان داوای سه‌روه‌ری بۆ كوردستان ده‌كات، ئه‌ویدیشیان كار بۆ به پاشكۆ مانه‌وه‌ی ده‌كات. واته له‌سه‌ر هه‌ڵنانی هه‌نگاوه گه‌وره‌كه‌یه، كه خێری گشتی تێدایه. له‌م پۆڵینه كاروكرده‌وه و لێدوانه‌كان به پێوه‌ر وه‌رگیراوه.
ئه‌گه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌سڵی كێشه‌كه بوایه، خۆ ده‌بوو پارته‌كان داوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و كاندیدیان بۆ ئه‌م پۆسته هه‌بێت، كه تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت هیچ یه‌كێكیان نه ئه‌و داوایه‌ی كردووه نه كاندیدیان هه‌یه. واته دروستكردنی كێشه و قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته و پۆسته‌كانی دی ته‌نیا بۆ خۆڵ له‌چاوكردنه به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به شه‌رعیه‌تی بنده‌ستی.
له ئه‌نجامی پێداگیری و هاموشۆ‌كان و له‌سه‌ركردنه‌وه‌ی نوێنه‌رانی به‌ره‌ی به پاشكۆ مانه‌وه له هه‌ڵه زه‌قه‌كانی به‌غدا به‌رانبه‌ر مافه ده‌ستوورییه‌كانی كوردستان و چاندنی تۆوی نائومێدی له هه‌ست و نه‌ستی گه‌لی كوردستان و گوته‌زای نه‌ڕه‌خسانی زه‌مینه(كه زۆر خوسیووه)، هه‌روه‌ها بێنرخكردنی به‌ها و بایه‌خی ده‌وڵه‌ت له باشتركردنی پێگه و سه‌نگی سیاسی و ئابووریی كوردستان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، رووی مه‌سه‌له‌كه زیاتر ده‌ركه‌وت. هه‌روابێته‌وه ده‌ست ڕاكێشانی په‌كه‌كه بۆ ناو هاوكێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان (كه به ئاشكرا دژی ده‌وڵه‌تی كوردستان وه‌ستاوه‌ته‌وه) له‌خۆیدا به‌و مانایه دێت، كه كێشه‌كه سه‌رۆكایه‌تی نییه، چونكه په‌كه‌كه ئه‌و مافه‌ی نییه باس له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی پاڵی به په‌كه‌كه ناوه بێته ناو هاوكێشه‌كه، ئامانجی ئاسته‌نگ دروستكردنه بۆ هه‌نگاوه‌كانی كوردستان، كه خۆیان(به‌ره‌ی لاگیر له به پاشكۆمانه‌وه) جورئه‌تیان نییه به ئاشكرا دژی ئه‌م ویسته‌ی گه‌ل بوه‌ستنه‌وه، ئه‌گه‌رچی له تاریكی‌دا ئه‌مه‌یان كردووه.
گومان له‌وه‌دا نییه گه‌لی كوردستان له زاخۆوه تا خانه‌قین له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانی سه‌روه‌رییه بۆ كوردستان. چونكه: یه‌كه‌م، گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێده‌وڵه‌تی جیهانه. دوو، ده‌رفه‌ت هاتۆته پێش و نابێ به هیچ بیانوویه‌ك له‌ده‌ست بدرێ. سێ، له‌وه‌ته‌ی كوردستان به عێراقی عه‌ره‌بیه‌وه لكێندراوه له كاولكاری و بێبه‌شكردن و قوربانیدان زیاتر هیچی نه‌بینیووه. به پوختیتر سه‌روه‌ری لای گه‌لی كوردستان زۆر له‌و یه‌ك دوو پۆست و سێ چوار محاویله‌ی كاره‌با و نازانم چی و چیدی بێكه‌ڵك و بێوه‌ج به‌نرختره، كه له به‌غدا ده‌ستی ده‌كه‌وێ.




