٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بەرەو كوێ مل دەنێین؟

سەرچاوە: KDP.info

دڵشاد مسته‌فا وه‌سانی

ئاگرێكی گەورە دەناوچەكە بەربووە، بەو هۆیەشەوە قسە لەوە دەكرێ، گۆڕنكارییەكی گەورە بەڕێوەیە، ئەو ئاگرەی بەر لە گۆڕانكاری نەخشەی سیاسیی ناوچەكە نێڵەی دێت، پروشكی بەر ئێمەش كەوتووە، لەو نێوەشدا لەبەردەم دوو رێگەداین، یان ئاگرەكە دەمانسوتێنێ یان لێی دەربازدەبین، هەردوو ئەگەرەكەش بە ناوخۆی كوردستانەوە بەندە.
پرسیاری جیددی لەم هەلومەرجەدا ئەوەیە، بۆ ئەوەی ئەو ئاگرە نەمانسوتێنێ و لێی دەربازبین چی بكەین؟ كەرەستەكانی خۆپاراستن لەو ئاگرە و ئامادەكاریی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو رووداوە گەورانەی بەڕێوەن چین؟ پێگەی ئێستای كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی و باری ناوخۆ یەكانگیرن یان پێچەوانە؟ بۆ ئەوەی بزانین بەرەو كوێ مل دەنێین، پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری دی بدرێنەوە.
بەدرێژایی سەدەی بیستەم، وێنەی بزووتنەوی رزگاریخوازیی كوردستان، وێنەیەكی پارچە پارچە بووە، ئەو پەرشوبڵاوییە، زەبرێكی كوشندەی لە خەڵكی كوردستان داوە، ئەگەرچی دۆخی نێودەوڵەتی لە سەدەی رابردوودا، بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان نەبووە، بەڵام كوردیش دەستەوەستان رانەوەستاوە و گۆڕەپانی خەباتی چۆڵ نەكردووە، لە گەرمەی جەنگی سارددا كە هەرچوار دەوڵەتی داگیركەری كوردستان، بەسەر هەردوو بەرەی رۆژئاوا و رۆژهەڵات دابەش بووبوون، كەچی شۆڕشی ئەیلوول تەكانێكی گەورەی دایە جوڵانەوەی كوردایەتی، لێ بەرژەوەندیی دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان و ئەمەریكا تێكی كردەوە و نسكۆ بەسەر شۆڕشدا هات.
ئەزموونی یەكگرتوویی كورد، لە قۆناغە جیاجیاكاندا بەرهەمی باشی لێكەوتۆتەوە، زۆرجاریش ئەو یەكگرتووییەی هێزە سیاسییەكان پێش رووداوە گەورەكان كەوتووە، وەك راپەڕینی 1991 و رووخاندنی رژێمی سەددام لە 2003 دا.
ئێستا، وێڕای ئەوەی شەڕی داسەپاوی داعش بەسەر كوردستان و قەیرانی دارایی كە بەغدا بۆ كوردستانی دروست كردووە، ململانێی نادروستی حزبیش بەرۆكی خەڵكی گرتووە، ململانێی ناشەریفی حزبایەتی، پێچەوانەی ویستی خەڵكی كوردستانە، حزبەكان ئەوەندەی خەریكی پشك و بەشی خۆیانن، نیو ئەوەندە خەمی ئەوەیان نییە، چۆن كوردستان بۆ رووداو و پێشهاتەكان ئامادەبكەن، بەغدایەك بەو لاوازییەیەوە چی لەدەستی بێت بەرامبەر كوردستان دەیكات، لای ئێمەش هێشتا بەرژەوەندی حزبی باڵادەستە.
جاران (بەرەی ناخۆ) بەشێكی زۆری رووبەری ئەدەبیاتی سیاسیی داگیر دەكرد، ئێستا لەبەر پاساوهێنانەوە بۆ زاڵكردنی بەرژەوەندی حزبی كراوەتە عەیبە، ئەگەر بەرەی ناوخۆ بەهێز نەكەین و عینادی حزبی لەگۆڕنەنێین و گاڵتە بەكات و داوای لەمێژینەی خەڵك بكرێ، ئەوا ئاگرەكە دەمانسوتێنێ، بۆ ئەوەی زەلیل نەبین و بە مافی سەربەخۆیی شادبین، بۆ ئەوەی هەر چەند ساڵێك بەلەرزینەوە و هەژان نەبینە قوربانی، هیچ چارەیەك نییە، دەبێ خۆمان لە ئاگرەكە بپارێزین و لێنەگەڕێین بمانسوتێنێ، ئەمەش تەنیا بە كۆدەنگی و سەرخستنی ئیرادەی خەڵك دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار