٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

شیعری بێئیرادەیی؛ وەڵامێك بۆ جەنابی سەرۆككۆمار

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

بەداخەوە قسەكانی بەڕێز فواد مەعسووم سەرۆككۆماری عێراق لەبارەی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان كە لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەی زمانحاڵی حزبەكەی بڵاو بووەتەوە، درێژەپێدەری ئەو هەوڵە سایكۆلۆژی و سیاسییەیە كە كار لەسەر بێئیرادەكردنی گەلی كوردستان و بڕوابەخۆنەبوونی دەكات. وتەكانی بەڕێزیان گرینگن، چونكە دەرخەری جۆری تەفكیری بەشێك لە سیاسییەكانی كوردە لەبارەی سەربەخۆیییه‌وه‌.
ئەو دەڵێ: دەوڵەتی كوردیت بۆ چییە ئەگەر لە ئێستاوە بزانیت چەندین ساڵی دوورودرێژ هەر شەڕ دەكەیت؟ بەر لەهەموو شتێك دەوڵەتی كوردستان ڕاستە، دەستەواژەی دەوڵەتی كوردی هەڵەیە. پاشان بەڕێزیان باش دەزانێ هەر كات عێراق بەهێز بووبێت گوشاری بۆ كوردستان هێناوە و، نكوڵی لە مافەكانی كردووە. لە سەدساڵی ڕابردوودا كەس باسی سەربەخۆیی نەكردبوو كە گەلەكەمان بە كیمیاباران و ئەنفال قڕ كرا. خۆ ئێمە دەنگمان بە دەستووری فیدڕاڵ دابوو و سەرەبەخۆییمان داوا نەكردبوو، بەڵام دەستوور پێشێل كرا و ماددەی 140 پشتگوێ خرا و، مالیكی سوپا و دەبابەی هێنایە سەر كوردستان و بەنیاز بوو خانەقین داگیر بكا و نانی خەڵكی كوردستانیشی بڕی. جگە لەوەیش ئەو دەستوورەی بەڕێزتان شانازی پێوە دەكەن بە نووكە ئیمزایەك پێشێل دەكرێ و هیچ بەهایەكی بۆ نەماوە.
دەوڵەتت هەبێ یان نەتبێ ئەوە نییەتی شەڕ و خۆسەپاندن لەلایەن بەغداوە هەر بەرقەرارە. بۆیە لە بنەڕەتدا دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان لە پێناو ڕێگەگرتنە لە شەڕ و بۆ ئەوەیە بتوانین باشتر خۆمان بپارێزین. جەنابی سەرۆككۆمار، ئەگەر دوای داعش بەغدا داوای كرد خانەقین و شنگال و كەركووك چۆڵ بكەین كە هەر وایش دەڵێ، كوردستان چ وەڵامێكی دەبێت؟ ئایا تەسلیم بێت و چۆڵی بكات؟ یان شەڕ بكات؟ ئەگەر حەشد، دوای داعش یەخەی گرتین چیی بكەین؟ خۆ بەدەستەوە بدەین، ببین بە بەشێك لە مەنزوومەی تاییفەگەری یان شەڕیان لەگەڵدا بكەین؟ دەبێ دەوڵەت دروست بكەین بۆ ئەوەی لە ئێستاوە ڕێگە لە شەڕكردن بگرین؛ ئه‌گه‌ر وا لاواز و دوودڵ و بێئیرادە دەركەوین بە دڵنیاییەوە بە زەبری چەك كۆتایی بە فیدراڵیەت و هەرێمیش دەهێنن و قوربانیدانی گەلەكەمان بەفیڕۆ دەچێ.

بەڕێز سەرۆككۆمار
دەوڵەت و سەربەخۆیی ئارزوو نییە بەڵكو مافە، حەزلێكردن نییە لە كچێكی جوان، بەڵكو بەڕەوادیتنی ماف و سەروەرییە بە گەلەكەت، كە هەموو خەسڵەت و تایبەتمەندیی نەتەوەیەكی زیندووی تێدایە. گەلی كورد هەنگاوی ناوە بەرەو سەربەخۆیی. ئەوپەڕی بێئینسافییە وای بۆ بچن گەلی كوردستان كاری نەكردووە. سەدساڵ قوربانیدانی گەلەكەت لەپێناوی چیدا بووە؟ ئەی نەتانبینی پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند كە لەرزەی خستبووه‌ نێو دڵی زلهێزەكان؟ ئەی ئەوە پێشمەرگە نەبوو بە خوێنی خۆی خاكی ئازاد كرد و سنووری دیاری كرد؟ ئەی گەلەكەتان كە لەهەموو لایەكه‌وه‌ لەژێر گوشار بوو دووملیۆن ئاوارەی پەنا نەدا؟ كەچی دەوڵەتی عێراق، كوردستان و هاووڵاتیانی عێراقی لە داعش و تیرۆر و هەڕەشە نەپاراست. باشە ئەی كوردستان شوێنی فرەیی و پێكەوەژیان نییە؟ پەیامی گەلەكەتان ئاشتی و بووژانەوە و پێكەوەژیانە، پەیامی ئەو شوێنەی جەنابت تێیدا سەرۆككۆماری تاییفیەت و ئینكار و خۆسەپاندنە. كام لەو دوو پەیامە بنیاتنەرن و خزمەتی مرۆڤایەتی دەكەن؟ كام لەو دوو پەیامە دەبنە بنەمای دەوڵەتێكی مرۆڤسالار و حەقیقی؟ ئێستا تابۆی سەربەخۆیی شكاوە و كەس ناتوانێ لە ئاستی جیهانیدا لە دژی بوەستێ. سەربەخۆییش دیارییەك نییە چاوەڕوان بین وڵاتانی جیهان پێشكەشمان بكەن، دەبێ بڕوامان پێی هەبێ و وەك مافێكی سرووشتی پیادەی بكەین. دەوڵەت گرێبەستێكە لەنێو كۆمەڵانی خەڵك بۆ ڕێكخستنی ژیان و زامنكردنی داهاتوویان، دەوڵەت هیی هاووڵاتی و گەلە، مڵكی شەخس و سیاسی و حزبەكان نییە و گەل باش دەزانێ دەوڵەتیان بۆ چییە و پێویستی بە ئایەتی یەئس و ئامۆژگاریی بێئیرادەكردن نییە.

هەواڵی پەیوەندیدار