كوردستان و دەوروبەر، هەوڵدان بۆ ئایندەیەكی ڕوون

*سهرۆ قادر
كوردستان ئێستا لە بارودۆخێكی زۆر حەساسی سەربازی و سیاسی و ئیتنیكیدا دەژیێت، بەو مانایەی كەوا هەرچوار وڵاتی دەوروبەرمان كەوتوونەتە شەڕێكی قورسهوه. لە رووی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییشەوە كێشەكانیان هەروا زیاد دەكات. ئەو تەباییەی كە دەوڵەتانی دەوروبەرمان (كە بە داگیركەری كوردستان بەناوبانگن) پیشانی دەدەن، لە راستیدا وا لەبەر یەك هەڵدەوەشێتەوە. بۆ نموونە عێراق ئێستا سێ پێكهاتەی سەرەكی تێدایە و یەكتر قەبووڵ ناكەن، ئەوانیش سوننە و شیعەی عەرەب و كورد لە هەرێمی كوردستاندا.
بارودۆخی عێراق لە ڕوانگای هەموو هێزە دەرەكییەكان و ئەو لایەنانەی چاودێری دەكەن و دەیانەوێ چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، لە كۆتایی هەر باسێكدا وەكو تاكە رێگا بۆ ئارامبوونەوەی عێراق و دەورووبەری دەگەن بە دابەشكردنی عێراق. ئەوەی كە پێوەندی بە سووریایشەوە هەیە لە چارەنووسی عێراق نێزیكە، لە سووریادا، كوردستانی ڕۆژئاوا سەرباری هەموو تێبینییەكانی كە هەیە، هەنگاوی بە پەلەی هاویشتووە و توانیویەتی ناوچەكانی كوردستان و ئەو بەشانەشی كە تەعریب كراون، ئازاد بكات، لە هەمان كاتیشدا توانیویەتی بەشداریێكی باشیش لە پاشەكشێپێكردنی داعشدا بكات. هەرێمی ڕۆژئاوا، یان فیدڕاڵیزمی رۆژئاوا، یان هەر ناوێك كە پەیەدە لێی نابێت، ئەوە زۆر گرینگ نییە، گرینگ ئەوەیە كورد ئێستا ئەو پارچەیە بەڕێوە دەبات.
عەلەوییەكان بە پەلە خۆیان ئامادە دەكەن لە كاتی گۆڕانكارییەكانی داهاتوودا دەوڵەتی خۆیان رابگەیەنن. چارەنووسی عەرەبی سوننە و توركمانی سوننەی ناو سووریایش ماوەتە بۆ لێكتێگەیشتنی نێوان سعودیە و توركیا، هەروەها ئەو هێزانەشی كە لە دەوروبەر بەرژەوەندییان لە هەر گۆڕانكارییەكی ناوچەكەدا هەیە، وەكو (ئیسرائیل، ئێران و ئوردن و هەروەها كوردستانیش).
توركیا بەو كودەتایەی دوایی دەركەوت كە ناتوانێ وەكو دەوڵەتێكی بەهێز و دەوڵەمەند بمێنێتەوە، لە كاتێكدا چواردەوری لە شەڕدایە و ئاگر دەبارێ، ئەویش سوودێكی زۆر لە ماڵوێرانیی دەوروبەر بكات. رووداوی ئەم دواییەی توركیا جیا لە تێكچوونی باری ئەمنی لە نەتیجەی پەیدابوونی كێشە لە نێوان داعش و توركیا، ئەو تەقینەوانەی لە ئیستانبووڵ و شارەكانی دیكەی توركیا بە دەستی داعش روویاندا، خودی كودەتاكەش نیشانی دا كە لە سەركردایەتیی عەسكەری و سیاسیی توركیادا جیاوازیێكی زۆر هەیە، ڕوانگاكانیان زۆر لێك دوورن، هەروەها ئایندەی توركیا دیار نییە. دیار نییە ئاخۆ سوپا هەڵدەگەڕێتەوە، یان نا، ئەلتەرناتیڤی دیكە دێنەپێش، یان ئەوەتا فەرمانڕانیی ئەردۆگان بە شێوەیەكی دیكتاتۆریانە بە سەر هەموو توركیادا باڵ دەكێشێ. ئەوەش بۆخۆی دەرهاویشتەی دیكەی دەبێ.
لە هەموو حاڵەتێكدا هەریەك لەوانەی كە باسم كرد لە توركیادا روو بدەن، ئەوا بە گوێرەی ئەو ئاماژانەی كەوا هەن، ئەو دەسەڵاتە ناداتەوە بە توركیا كە تەنانەت ناوخۆی توركیایش بە باشی كۆنتڕۆڵ بكات، چجای دەوروبەری خۆی و هەبوونی ستراتیژی دەرەوەی توركیا. ئێستا توركیا لە هەبوونی ستراتیژیەت بۆ ئاسیای ناوەڕاست و رۆژهەڵات و ئەورووپا پاشەكشەی كرد بۆ پاراستنی لانی هەرە كەم، كە ئەویش بریتییە لە پاراستنی خۆی. لە پاراستنی خۆیشیدا لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش نییە، لە نێوان پەكەكە و هێزە كوردییەكان و حكوومەتی توركیادا هیچ روانگایەكی هاوبەش نەماوە و پرۆسەی ئاشتییان بەستووە. بۆیە دەبێ چاوەڕێ بین كە ئابووریی توركیایش زۆر بە خێرایی كاریگەری لەم دۆخە لێكهەڵوەشاوە وەربگرێ. دەستی توركیا لە شەڕەكانی سووریا و پەكەكە و بەشداری لە عێراقدا زۆر لاواز دەبێ.
ئێران كە شەڕكەری سەرەكییە لە بەرانبەر ئەورووپا و ئەمەریكادا، هەروەها خۆی بە دوژمنی سەرەكی سعودیە دەزانێ و سعودیەش بە هەمان شێوە. پار باسی ئەوەمان كرد كەوا ئێران پاشەكشەی پێكرا لە شەڕەكان بەرەو سنوورەكانی خۆی، لە لوبنان و سووریا و لە یەمەن، هەروەها لە عێراق پێگەی ئێران یەكجار زۆر لاواز بووە. هێزەكانی ئێرانی لەو وڵاتانەدا ئەگەر مابیشن ئەوا بە شێوەی راوێژكاری سەربازی زیاتر ماون. تەكنۆلۆژیای سەربازیی ئێران دەورێكی زۆر لاوازی نیشاندا، بەتایبەتی هێزی هەوایی و دەریایی ئێران نیشانی دا كە لەو شەڕەی ئێستا لە ناوچەكەدا هەیە هیچ دەورێك نابینن و بایهخیشی نییە.
ئەمساڵ بە ددانپێدانانی سەركردە سیاسی و سەربازییە گەورەكانی ئێرانی، لەسەر ئاستی وەزیری پاسداران و وەزیری جەنگ و راوێژكارە سەرەكییەكانی رەهبەری جمهوریی ئیسلامیی ئێران، دەڵێن كەوا شەڕ كەوتۆتە ناو خاكی ئێران بۆخۆی. ئەوان باسی شەڕ لە كوردستان و خوزستان و بەلوچستان دەكەن. تۆنی دەنگی سەركردە سەربازییەكانی ئێران جۆرێك لە ترسی پێوە دیارە، ئەوان دەڵێن زانیارییان هەیە كە هێزێكی گەورەی نێودەوڵەتی لە پشتەوەی ئەم شەڕە ناوخۆییە بچووكانەوە بن، كە لەوانەیە لە داهاتوویێكی نزیكدا بە خێرایی گەورەتر ببن. بەوەش تەواوی ئێران بە خۆیانەوە سەرقاڵ دەكەن. دەبێ ئێمە چاودێری و لێكۆڵینەوە لەسەر دوای ئەم شەڕانە لەناو ئێران بكەین، تا بزانین بەشەكانی تری ئێران كاردانەوەیان چۆن دەبێت. ئایا ئێران خۆی دەگرێت؟ تەجرەبەی سووریا دووبارە دەكاتەوە؟ وەكو توركیای بەسەر دێت؟ یان وەكو میسری لێدێت. جارێ دیار نییە، یان لەوانەیە نموونەیەكی دیكە پێشكەش بكات. لە هەموو حاڵەتێكدا ئێران لەو پێگەیە دەرچوو كە وەكو هێزێكی نێودەوڵەتی كەس نەتوانێ پاشەكشەی پێ بكات و هیچ كەسێك، یان هێزێك نەتوانێ پەل باوێتە ناو ئاسایشی ناوخۆی. ئەمە كاردانەوەی لەسەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت.
ئێمە لە مانگی رابردوودا بینیمان كە ئێران زۆر بە جیددی هەڕەشەی لە هەرێمی كوردستان كرد، هەروەها هەرێمی كوردستانی لەگەڵ سعودیە و ئیسرائیل جووت كردووە. لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە هیچ كێشەیەكی عەسكەری و سیاسی لەگەڵ ئێراندا نییە، هەروەها خۆیشی ناگلێنێتە هیچ كێشەیەكی داهاتووهوه، بەڵام سەرباری ئەوەش هەر گۆڕانكارییەك بەسەر ئێراندا بێ، ئەم گۆڕانكارییە كاریگەری دەبێت لەسەر ئەم دەورەی كە كوردستان لە داهاتوودا دەیبینێ. هەر بۆیە سەركردایەتیی كوردستان، ستراتیژی سەرۆكی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی كوردستان ئەوەیە كە لێكتێگەیشتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە ژمارە یەكدا دەبێ بۆ هەر ئەلتەرناتیڤێك كە لە داهاتوودا پێشنیاز بكرێ لە نێوان كوردستان و عێراقدا. لە هەمان كاتدا كوردستان بەردەوام هەوڵ دەدات تێگەیشتنی لەگەڵ توركیا و ئێراندا هەبێ و كێشە ناوخۆییەكانی ئەوان نەبەسترێنەوە بە دەوری هەرێمی كوردستان، یان بەو دەورەی كوردستان ئێستا رۆژ بە رۆژ زیاتر دەیبینێ. وەك دەبینین ئێستا هێزەكانی نێودەوڵەتی هاوپەیمانێتییان لەگەڵ كوردستان فراوانتر كردووە، هەروەها لە هەموو روویێكەوە رایانگەیاندووە كەوا یارمەتی بۆ كوردستان زیاتر دەكەن و بوونیان لە كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و رێكخستنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەكەن.
لە راستیدا كوردستان بۆتە تاكە ناوچە، یان تاكە وڵاتی هاوپەیمانیی ناتۆ و هێزەكانی هاوپەیمانیی ناتۆ، بۆ ئەوەی بتوانن دەورێكی كاریگەری سیاسی و سەربازییان لە داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێ. ئەوەش بایەخێكی زیاتر لە جاران بە كوردستان دەدات، هەروەها سەربەخۆیی و دەوری كوردستان لە داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابین دەكات.
هەر ئەوەشە كە ئێستا لە تەعدیلاتی دەربڕینە یەك لە دوای یەكەكانی سەرۆكی كوردستان بۆ سیاسەتی كوردستان لە ناوچەكەدا هەستی پێ دەكەین، ئەم تەعدیلاتانە بە مانای پێشكەوتنە بەرەو پێشەوە و پاشەكشەی تێدا نییە.
لە كوردستاندا ئەوەی كە هەستی پێ دەكرێ لێكتێگەیشتنی ناوخۆیی گرینگییەكی زۆری هەیە، ئێستا وا خەریكە واقیعی ژیان بەسەر هەموو حزبەكانیدا دەسەپێنێ كەوا دەبێ لە دەرەوەی بەرژەوەندیی حزبی و تاكەكەسی كە لە سەركردەكاندا هەیانە، بۆ دابینكردنی چارەنووسی كوردستان لێكتێگەیشتن زۆرتر ببێ و بەیەكەوە كۆ ببنەوە. هەر ئەوەش وا دەكات كە دەكرێ چاوەڕوان بین لە داهاتوویێكی نزیكدا و بە شێوەی جیا جیا گفتوگۆ لەنێوان لایەنەكاندا دەست پێبكات. ئەگەر كارێكی ئاوها رووبدات ئەوا نیشانەی زیندووێتی بزووتنەوەی سیاسیی كوردستانە. چونكە چارەنووسی هەموو پارچەكانی كوردستان و هەموو هێزە كوردستانییەكان یەكە، لە پێناوی بەرژەوەندیی حزبی و تاكەكەسیی هیچ حزبێك و هیچ كەسێك ناتوانێ لەم بارودۆخی عەسكەری و سیاسییەی كە كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێیدا دەژیێت، هیچ شارێكی كوردستان لە هەرێمی كوردستان داببڕێت، هەروەها ناتوانێ هیچ ڕوانگایەكی دیكەی دەرەوە بێنێتە ناو ئەو ئەلتەرناتیڤەی كە بۆ داهاتووی كوردستان خەریكە رێككەوتنی لەسەر دەكرێت...
هەربۆیە هەر ریسكێك بۆ شێواندنی هەرێمی كوردستان، من پێموایە لە داهاتوودا جگە لە تێكشكانی ئەو كەس و لایەنەی كە خولیای ئەوهایان لەسەردا هەبێ، هیچی دیكەیان پێنابڕێ.
بۆیە ئێستا هەموو سیاسەتمەدارەكانی كوردستان و حزبەكان و هەموو كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكان و ئەو رۆشنبیرانەی كە توانای بیركردنەوە و بەشداریكردنیان هەیە لە دروستكردنی روانگا بۆ داهاتووی كوردستان، دەبێ بە دوای خاڵە بەهێزەكانی ئێستای كوردستاندا بگەڕێن. ئەو خاڵە بەهێزانە روون بكەنەوە و هەموو لایەك دەست بەم خاڵ و لایەنە بەهێزانەوە بگرێت كە كوردستان لەم بارودۆخە نوێیەدا هەیەتی.
پێموایە لە راستیدا سێ لایەن، یان سێ خاڵی بەهێز دەكرێ لە پێگەی ئێستای كوردستاندا دەستنیشان بكرێ.
یەكەم: هەبوونی سوپایەكی بەهێزە بە ناوی پێشمەرگە، كە ئێستا هاریكاریی نێودەوڵەتی بۆ دابین كراوە.
دووەم: هەبوونی سەرۆكێكی بەرچاو ڕوون و زانایە و فەرماندەیەكی عەسكەریی بەهێزە بە ناوی بارزانی، كە جێی متمانەی ناوخۆ و نێودەوڵەتییە.
سێیەم: هەبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە سەرباری هەموو ئاستەنگەكان توانیویەتی وەكو حكوومەتێك بمێنێتەوە، ئێستا خەریكە وردە وردە دەتوانێ پێویستییە داراییەكانی هەموو دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بە ئەندازەی هەرە كەمیش بێت دابین بكات و، نەهێڵێ شیرازەی ئیداری و پێوەندییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لێك هەڵبوەشێت. لە هەمانكاتدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی دەستی داوەتە بیركردنەوە لە چاكسازیكردن لە ئەدای حكوومەت و لە سیستەمی ئیداری و ماڵیدا، كە من پێموایە لە داهاتوودا و ئەگەر ئەو داهاتووە زۆر نێزیكیش نەبێ، بەو رێنوێنییانەی كەوا سەرۆك بارزانی تەئكیدی لەسەر دەكاتەوە و ئەو هاریكارییە نێودەڵەتییەی هەیە، نێچیرڤان بارزانی دەتوانێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو چاكسازییەكی باش بەرێ. بەڵام ئەوە پێویستی بە بەشداری و هاریكاری هەموو لایەنەكان هەیە.
لەبەر ئەم سێ هۆكارەی كە باسم كردن (پێشمەرگە، سەرۆك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان) پێویستە حزبەكانی كوردستان هاوكارییان بكەن، ئەو هاوكارییەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانی بێت، نەك لەسەر بنەمای ئەوەی حزبەكە بەشدار دەبێت لە حكوومەت، یان سوود و قازانجی ئەو حزب و فڵانە كەس لە دارایی كوردستان چەند دەبێت.
من پێم وایە هەموو حزبەكان بەبێ جیاوازی، لە هەرە بچووك تا گەورەكان بەرپرسیارێتییان هەیە لەبەردەم شناساییكردنی ئەم سێ لایەنەی كە باسم كردن، هاوكاریكردنیان و بەشداریكردن لە دروستكردنی یەكپارچەیی ناوخۆیی.
ئەگەر من كورتی بكەمەوە و بە پوختی بمەوێ ئارمانجی خۆم دەرببڕم، پێموایە داهاتووی عێراق، داهاتووی توركیا و ئێران، داهاتوویەكە كە ناتوانێ وەكو خۆی بمێنێتەوە، دەوری جوگرافییان، واتە دابەشبوونیان، یان مانەوەیان، دەوری سەربازییان و ئەو ستراتیژییەی كەوا هەیانبوو، یان لەگەڵی تێكەڵ ببوون، هەموو ئەوانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت. ئەم گۆڕانكارییانە وایان لێدەكات كە بە واقیعبینییەوە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتێكی بەهێز بكەن كەوا بە كردەیی دەستی پێ كردووە و لە رووی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەكرێ، لە ناوخۆشیدا زۆر بە ئیرادە و بە هێزەوە خۆی بەڕێوە دەبات، ئەویش كوردستانە.
كوردستان سەرباری هەموو كێشەكانی لە ناوخۆ و لە رووی سەربازییشەوە لە دەرەوەش هەیەتی، بەڵام بە خێرایی وا گەشە دەكات، كە بە خێرایی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ زیاد دەبێ، هەروەها بە خێراییش خەریكە ئاسۆی ئەم نەخشە سیاسییەی كە دەوڵەتی داهاتووی ئێمەی لەسەر بنیاد دەندرێ رۆژ بە رۆژ دەردەكەوێ و دروست دەبێ. جگە لە لێكتێگەیشتنی حزبەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لێكتێگەیشتنی حزبەكانی سێ پارچەكەی دیكەش بەتایبەتی حزبە سەرەكییەكان لە رۆژئاوا و باكوور و رۆژهەڵات لە یەكتری و لە هەستكردن بە دەوری ئەوانیش لە داهاتوودا زۆر گرینگە. ئەمە هەمان گرینگیی روانگای نیشتمانپەروەرانەی حزبەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانە.
گەر حزبەكانی هەرێمی كوردستان، لە روانگای بەرژەوەندیی نیشتمانی هاوكاریی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەوا حزبەكانی سێ پارچەكەی تر لە روانگای دەوری كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوری ئەم كوردستانە بەهێزە لە گۆڕانكاری لە داهاتووی ئەوانیشدا هەڵبسەنگێنن و هاوكاری بكەن و لە نزیكەوە لێكتێگەیشتن هەبێت. ئەمە پێویستییە هەرە ژیارییەكانی ئێستای كوردستانن. نیشتمانپەروەری لە هەڵكشانی سیاسییەكاندایە بەرەو پاراستنی دەستكەوتەكانی وڵاتەكەیان. نەك نەخشەكێشان بۆ شكاندنی ئێسقانی یەكدی.
*بەڕیوەبەری ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان- كوردستان (IRDK)




