له وه‌ڵامی 'كه‌واسووری به‌رله‌شكر'ه‌كه‌ی ڕه‌فیق سابیر

به‌كر ئه‌حمه‌د ئاكۆ
ڕه‌فیق سابیر له‌باره‌ی پرۆتۆكۆڵه سەربازییه‌كه‌ی هه‌ولێر-واشنتنه‌وه پرسیویه‌تی: (ئایا ئەم رێکەوتننامەیە هەڕاجکردنی خوێنی پێشمەرگەیە، یان بۆ دەستکەوتی سیاسی و نەتەوەییە؟)؛ لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم بڵێم، له راستیدا ئه‌گه‌ر به ویژدانه‌وه و به كه‌مێك ده‌رچوون له‌و خۆڕاده‌ستكردنه‌ی ڕه‌فیق سابیر و هاوبیرانی، به هه‌ڵمه‌تی ماكینه‌ی ئیعلامیی دژه‌پارتی و بارزانی، لێی بڕوانرێ، ئاشكرایه كه ڕێككه‌وتنی 12ی تەمووزی ئەمساڵ، به‌ره‌نجامی قاره‌مانیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانه به سەرپەرشتیی راستەوخۆی سه‌رۆك بارزانی كه ئوستووره‌ی مەترسیدارترین ڕێكخراوی تیرۆریستی له دنیادا تێك شكاند. ڕێككه‌وتنێكه جیا له‌وه‌ی سەركەوتنی هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبەشی نێوان گەورەترین و پێشكەوتووترین سوپای جیهان لەگەڵ پێشمه‌رگه‌دا ده‌رده‌خات، سه‌ركه‌وتنی دیپلۆماسیه‌تی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستانیشه.
لە ڕووی مەعنه‌وییشەوە دەستكەوتێكە بۆ گەلی كوردستان كە یەكەمجارە لە مێژوویدا به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت. هەرێمی کوردستان بەو پڕۆتۆکۆڵە سەربازییە، پایەیه‌کی دیکەی بۆ سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان داكوتا. له ڕاوبۆچوونی خه‌ڵكیشدا به خۆشحاڵییه‌وه پێشوازیی لێ كراوه؛ كه پێچه‌وانه‌ی پرسیار و گومانی نه‌یاره نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیییه.
ڕێككەوتنەكە هاوكاریی دارایی بە پێشمەرگە دەگەیێنێت و كه‌مێك له باری گرانی حكوومەتی هەرێمیش سووك ده‌كات، گرینگتر له‌وه، شەرعیەتێكی تەواوی دا به سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئەو خاكەی بە خوێن ئازاد كراوە؛ ددانپێدانانی ئەمەریکایە بە سنووری نوێی کوردستان. ده‌مێكیشه بارزانی له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاندووه، ئه‌و ناوچه كوردستانیانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كه به خوێن ستێندراونه‌ته‌وه، جارێكی دی بۆ قسه له‌باره‌وه كردن نین. ئاخر بارزانی باوه‌ڕی وایه كه ڕژانی خوێنی ڕۆڵه‌ی كورد بۆ له‌مه‌ودوا ده‌بێ له پێناو سه‌ربه‌خۆییدا بێ نه‌ك بابه‌تێكی دیكه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌شێ بڵێین، كاك ڕه‌فیق گومانه‌كه‌ت بێمانایه و پێشمەرگە به 'كرێ' نادرێ، چونكه ئه‌وه‌ی بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا كردوویه‌تی، پەیامێكی ڕوونە بۆ نەیارانی كورد و ناحەزانی پێشمەرگە، كە گەلی كورد تەنیا نییە و ئیدی زه‌مه‌نی گه‌ڵه‌گایی لێكردنی له باشووری كوردستان تێپه‌ڕاندووه، پێشمه‌رگه سه‌رۆكی هه‌یه و وه‌ك هه‌میشه ڕێگر ده‌بێ له 'كه‌واسوورانی به‌رله‌شكر' و خه‌ونی له‌مێژینه‌ی نه‌زۆكیان له‌گۆڕ ده‌نێ. هه‌ڵبه‌ته وه‌رسووڕاندنه‌وه‌ی له‌ناكاوی ڕووی تیرۆریستانی داعش‌یش به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان و پشتیوانیی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانیشی، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌یه.
ڕه‌فیق سابیر، خه‌ڵكی كوردستان ئه‌م راستیانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌زانن و به‌و به‌خشینه‌وه‌ی گومان و تۆمه‌تانه‌تان چی دی ناخه‌ڵه‌تێن. چونكه ده‌زانن كرێگرته ئه‌وانه‌ن كه ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێ پاره و مووچه‌یه‌کی مفت به ناوی په‌رله‌مانتارییه‌وه وه‌رده‌گرن و، هیچ نه‌زاهه‌تێكیشیان لێ نه‌بینین تا ئێستا باوه‌ڕتان پێ بكه‌ن. خه‌ڵكی باش ده‌زانن خه‌باتی سیاسیی ئێوه بۆ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق بووه و نیشانتان داوه پرسی نه‌ته‌وه‌یی، خه‌مێك نه‌بووه به كۆڵتانه‌وه و، به تۆمه‌تبه‌خشینه‌وه‌ی ئێستایشتان بۆتان قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه.
كاك ڕه‌فیق تۆ كه له وتاره‌كه‌تدا قسه‌یه‌كی مه‌سعوود عه‌بدولخالقمان وه‌ك شرۆڤه‌یه‌كی تۆماس فریدمان پێ ده‌فرۆشییه‌وه!، ره‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه بێ وه‌ك چۆن تۆ جیا له داپچڕینی مووچه‌یه‌كی زۆر، شانازیی ئه‌وه‌ت پێ نابڕێ خه‌م له دۆزی گه‌له‌كه‌ت بخۆی چونكه له سه‌ختترین ڕۆژه‌كانیدا له‌گه‌ڵیدا نه‌ژیاوی، ئه‌و زاته‌یش به هه‌مان شێوه، به‌ڵام قازانجه‌كه‌ی ئه‌و ئه‌وه‌یه كه لە ژێرەوە دەست پان دەكاتەوە و پارە وەردەگرێ، لە زاهریشدا قینی توندڕۆیانەی خۆی بە پارتی و بارزانی دەڕێژڕێت. ئاخر کەسێکی وا خۆی تەسلیمی بەعس كردبێته‌وه و هاوکاریی موخابەراتی كردبێ، چاوەڕێی چی لێ دەکرێت؟، كه‌سێك هێشتا نه‌یتوانیبێ له نێوان به‌رداشی گۆڕانبوون و كۆمه‌ڵبوونه‌كه‌یدا خۆی یه‌كلا بكاته‌وه بۆ ئه‌وه ناشێ بهێنرێته به‌ر باسه‌وه، بۆیه ده‌ڵێم پێویستت به به‌خۆداچوونه‌وه‌یه و دووجار به‌هه‌ڵه‌دا چووی كاك ڕه‌فیق.




