تێكچوونی دۆخه‌كه له ئه‌ستۆی یه‌كێتییه

كه‌ریم قادر
نۆرماڵكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كوردستان باسێكی گه‌رمه و قسه‌ی زۆری له‌باره‌وه ده‌كرێ، هه‌ن له په‌نای ئه‌م باسه‌وه بۆ به‌دیهێنانی ویستێكی له‌مێژینه‌یان و په‌رده‌پۆشكردنی نه‌قسه‌كانیان، هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان، كه گوایه سه‌به‌بكاره و كار بۆ به پارتیكردنی كۆمه‌ڵگا ده‌كات. به پێچه‌وانه‌وه زیاتر له جارێكه پارتی، كوردستان له كوده‌تای مه‌ترسیدار رزگار ده‌كات. ئه‌و قسه‌یه‌شم له‌به‌رئه‌وه نییه، كه من ئه‌ندامێكی ئه‌و حزبه‌م، به‌ڵكو له ئه‌نجامه‌كان سه‌رچاوه‌یان گرتووه.
كاتێك چاودێرێك شه‌نوكه‌وی ئه‌و باسه ده‌كات، سه‌نگه‌رگرتنێك، قینێك و ئاوتێكردن له ئاشی نه‌یارانێك ده‌بینێ، كه ناخوازن به‌رنامه و هه‌نگاوه‌كانی كوردستان به ئامانج بگه‌ن. به قسه‌یه‌كی زه‌قتر، جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر پرسگه‌لێك، كه خۆیان دروستكه‌رن، خۆدزینه‌وه‌یه له ئه‌وله‌ویه‌ته‌كان، كه خۆیان له شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و قۆناغی پاشتر ده‌بینێته‌وه. ئه‌گه‌رنا پارتی له قۆناغی جودادا، به‌رانبه‌ر هاوبه‌شه‌كانی هه‌م هاوكار بووه هه‌م نه‌رمیی زۆری نواندووه، به‌ڵام كه مه‌سه‌له‌كه ده‌گاته ئێسك شكاندن، ئه‌وه‌ی به پێویست ببینێ بێ سڵه‌مینه‌وه ده‌یكات، چونكه خۆی به به‌رپرس ده‌زانێ به‌رانبه‌ر چاره‌نووسی ئه‌م گه‌له، كه پێشتریش له‌م پێناوه‌دا خاڵی له‌سه‌ر پیته‌كان داناوه.
له خوێندنه‌وه‌ماندا بۆ بارودۆخه‌كه به‌و راستییه ده‌گه‌ین، كه په‌رته‌وازه‌یی و نه‌بوونی هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتوو له‌ناو سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیدا دۆخه‌كه‌ی به‌مڕۆ گه‌یاند، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌وه به بیر بهێنینه‌وه، كه له‌م وڵاته‌دا كارهایێك له‌سه‌ر داوای ئه‌وان كراوه، هه‌روه‌ها له پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌تدا پارتی بۆ نزیكه‌ی هه‌شت مانگ چاوه‌ڕێی یه‌كێتی كرد، چونكه له‌ناو خۆیاندا ته‌با و تفاق نه‌بوون له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی كاندیده‌كانیان بۆ پۆسته‌كان. وێڕای ئه‌وه‌ی بۆ خاتری رزگاركردنی یه‌كێتی له گوشاره‌كانی گۆڕان، له‌لایه‌ن پارتییه‌وه كاری زۆر گه‌وره‌یان بۆ كرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه ئه‌وه‌یه، كه تائێستا نه‌یتوانیوه خۆی یه‌كلا بكاته‌وه، كه ئایا بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخه نه‌خوازراوه‌كه ده‌ستبار له‌گه‌ڵ ئاسته‌نگ دروستكه‌ران یا له‌گه‌ڵ پارتی ده‌گرێ. ئێستایش ئه‌گه‌ر ده‌خوازن بارودۆخه‌كه چاك بێته‌وه، له‌بری تۆمه‌تباركردنی پارتی، كه تا ئێستایش به چاوی هاوبه‌ش له یه‌كێتی ده‌ڕوانێ، پێویسته خۆی یه‌كلا بكاته‌وه و واز له‌و دڵدارییه بهێنێ، كه له‌گه‌ڵ ئه‌م و ئه‌ودا ده‌یكات، كه نه له قازانجی خۆیه‌تی وه‌ك حزب نه له قازانجی دۆخه‌كه‌دایه. چونكه گریمان ئه‌گه‌ر گۆڕان له دواجاردا به‌و مه‌به‌سته‌ش گه‌یشت، كه زۆر ده‌مێكه كاری بۆ ده‌كات( جوداكردنه‌وه‌ی سلێمانی له هه‌رێمی كوردستان و كردنی به شارێكی سه‌ر به به‌غدا) نه‌مازه هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م دواییه‌یان به‌و ئاڕاسته‌یه زه‌قه و ناشاردرێته‌وه، كه من به گومانم زۆرینه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی و گه‌رمیان لێی قه‌بووڵ بكه‌ن.
چاودێران پێشبینی ده‌كه‌ن له‌م چوونه‌پاڵه‌دا گورزی گه‌وره به‌ر یه‌كێتی بكه‌وێت، چونكه شه‌ڕفرۆشتن به هێزه ناوخۆییه‌كان به‌شێكی دانه‌بڕاوه له ستراتیژ و تاكتیكی رێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان. به مانایه‌كی دی ئایا هیچ كاتێك بینیوتانه یا گوێتان لێبووه رێكخه‌ر شه‌ڕی نه‌یارانی هه‌نگاوه‌كانی كوردستانی كردبێت، یا به‌رده‌وام ته‌ركیزی له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی گرێ ده‌روونییه‌كانی. بۆیه ئه‌گه‌ر یه‌كێتی زوو به‌خۆی نه‌كه‌وێ، به ته‌واوی له‌لایه‌ن رێكخه‌ره‌وه قوت ده‌درێ و پاشان قۆناغی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌ست پێده‌كات. لێره‌وه رووی قسه‌م زیاتر له‌و ئه‌ندامانه‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتییه، كه كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ریی بۆچوونه سه‌قه‌ته‌كانی گۆڕان و ئۆباڵی بارودۆخه‌كه ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی پارتی، چونكه ئه‌گه‌ر یه‌كێتی خاوه‌نی 'یه‌كگوتار' بوایه و هه‌ر كه‌س له ئاشێك باراشی لێ نه‌كردبا، دۆخه‌كه به‌و رۆژه نه‌ده‌گه‌یشت، ئێستایش ئه‌ركی یه‌كێتییه دۆخه‌كه چاك بكاته‌وه و خۆی له‌و كاریگه‌ربوونه یا دارده‌ستبوونه‌ی رێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و په‌یوه‌ندییه نابه‌رانبه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ نه‌یاران ده‌رباز بكات، چونكه ئه‌وه‌ی به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ پارتی و حزبه نیشتمانییه‌كانی دیكه بۆ گه‌ل و بۆ خودی حزبه‌كه‌یان به‌دی دێت، هه‌رگیز به‌و دڵدارییه‌ی ئێستای نایه‌ته دی، نه‌خاسمه په‌ره‌سه‌ندنه‌كان پێچه‌وانه‌ی ویستی به‌ره‌كه‌ی دیكه ده‌چێته پێش.




