٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

فیرعەونێکی نوێ ، دیکتاتۆر دادگایی دەکات

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

دیارە لە رۆژهەڵاتدا نێوانی شۆڕشگێر و داواکارانی بگۆڕی دیکتاتۆرەکان و بوونە دیکتاتۆر گەلێک کەمە، بەتایبەتی ئەوانەی لە روانگەی زۆرینە و هێز و پانتایی شەقامەوە دەیانەوێت گوتارەکانیان ئاراستە بکەن. محەمەد مورسی لە زیندانەوە گەیشتە کورسی دەسەڵات، خەڵک راپەڕینی کرد و حوسنی موبارەکی لادا و دادگایی کرد و کۆتایی بە پتر لە سی ساڵ خۆسەپێنی هێنا. واتە خەڵک هاتە سەر شەقام و دەسەڵاتی سەربازی بێلایەنی لە یەکلایکردنەوەی کێشەکان نواند و لەئەنجامی ئەو بێدەنگییە، دەرگای بۆ جێهێشتنی دەسەڵاتی بۆ موبارەک کردەوە و دەرگای زیندانی بۆ کردەوە.

وێنە خێراکانی رووداوەکانی میسر کۆمەڵە ئاماژەیێکی نوێ بە رای گشتی نیشان دەدات، مورسی خێرا گۆڕانکاری لە هەندێک پلەی سەربازی کرد و تەنتاوی لادا و ئەویش چووە ژێربار  و دەسەڵاتی دایە، کاندێدەکەی مورسی، لە سینا کێشە تەقییەوە و دەیان سەربازی میسری بوونە قوربانی توندو تیژی. هەر چەند هەفتەیەک بەر لەئێستا مورسی دادوەری باڵای میسری لەکار لادا، بەڵام ئەو رەتی کردەوە بۆیە خێرا و دەستوبرد مورسیش بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە.

هەنووکە شەقامی میسر بەرەو شۆڕشێکی دیکە هەنگاو دەنێت، ئەمجارە دژی دیکتاتۆرە نوێیەکە، لایەنە پێشکەتنخواز و مەدەنییەکان پێچەوانەی لایەنە ئیسلامی و توندرەوەکان ناڕازین، تەنیا شەڕو پێکدادان و بارەگا سوتانی ئیسلامییەکانی سەر بە ئیخوانیشی لێکەوتەوە. مورسی لە گوتارێک بۆ لایەنگرانی خۆی گوتی " دەبێت گەندەکان دادگایی بکرێنەوە" و " ئامانجی من  بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕش و سەرکەوتنە بەسەر هەموو کۆسپەکانی رابردوو" واتە، دەسەڵات بەخۆی دەدات لەژێر ناوی ئامانجەکانی شۆڕشدا سەرکوتی رکابەرەکانی بکات.

بۆیە داوا دەکات پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگا بکرێت، ئەمەش دادوەرانی وروژاند و وایلێکردن بکەونە شەقام بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی ئەم قسانەی مورسی، کە مەبەستی ئەوەیە موبارەک و کوڕەکانی سەر لەنوێ دادگایی بکرێنەوە.

لەبەرامبەریشدا  تەنیا چەند سەد مەترێک لەولاتری کۆشکی کۆماری، لە گۆڕەپانی تەحریر هەزارەها کەس لە  رۆشنبیر و دیموکرات وخوێندەوار و علمانییەکان دژی سەرکردە ئیسلامییەکە کە %52ی دەنگی هێنا، کەوتنە سەر شەقام، زۆر خەڵک پێیان وایە ئیدی ئەم هیوایەی شۆڕشیان لەپێناو سازدا لەناوچوو، مورسی لە چەندین مانگی یەکەمی دەسەڵاتی لەرێگەی گۆڕینی دەستوور دەیەوێت ببێتەوە دیکتاتۆرێکی دیکە، نەک هەر ئەوەش دەیەوێت وەکو دیکتاتۆرێکی تاکڕەو بەسەر دادگا پازبدات و دیکتاتۆرە نەخۆشەکەی زیندان دادگایی بکاتەوە.

شەڕ لە غەززە دەستی پێکرد و مورسی دەبێت نێوبژیوان بێت، کەچی شەقامی میسری دژی هاتنە دەنگ، حەماس ستایشی رۆلی برا ئیسلامییەکانی لە ئیخوان دەکات و دڵی بە وەرگرتنی دەسەڵاتی ئیسلامییەکان خۆشە، ئیسرائیل فشار لەرێگەی جیا جیاوە دەکات و رای نێودەوڵەتی لە قازانجی مورسی ناجولێت.. باشە تورکیا کە پیرۆزبایی لە وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئیسلامییەکانی میسر پێشکەش مورسی دەکات، هەنووکە دەبێت چۆن لە ئاسۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر بڕوانێت؟. کە مورسی بە دیکتاتۆریەت و گێڕانەوەی سیاسەتی خۆسەپێنی تاکلایەنە و تاک ئاینی لە میسر تۆمەتبار دەکرێت. تەنیا جێگرە قوتبییەکەشی وەکو ناڕازیبوون لە دەستور و نیازەکانی مورسی بۆ دروستکردنی دیکتاتۆرێکی دیکەی نوێ، دەستی لەکار کێشایەوە. کەواتە میسر بەرەو تەنگەژەیەکی ترسناکی سیاسی و ئاینی هەنگاو دەنێت.

ئەمەریکا و حکوومەتی ئۆباما نیگەرانی خۆی لەهەمبەر هەنگاوەکانی مورسی دەربڕی و ڤیکتۆریا نۆلاندی گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند " ئامانجی سەرەکی شۆڕش لابردنی موبارەک بوو، تاکو دەسەڵات چی دیکە لەدەستی یەک کەس یاخود یەک دامودەزگا کۆنەبێتەوە" کەچی مورسی و ئیخوانەکان دەیانەوێت خێرا و کوتوپڕ گورزێکی توند لە رکابەرە سیاسییەکانیان بدەن، ئەوانەی پاشماوەی دەسەڵاتن، یاخود لایەنگیری کۆمەڵگەی مەدەنی و علمانین و داکۆکی لە مافی ئافرەتان و مافی مرۆڤ دەکەن و لەلایەن ئیسلامییەکانەوە تاوانبار بە "وابەستەی رۆژئاوا"ن بێدەنگ و گۆشەگیر بکەن. ئەوەی لە رۆژانی شۆڕش پێیان نەکرا، دوای شۆڕش لەژێر ناوی بەردەوامی شۆڕش ئەو کۆسپ و کێشانە لەبەردەم دەسەڵاتی یەکلایەنەو تاکڕەویی ئیسلامی سیاسی نەهێلن. دوور نییە ئەم کوتوپڕی و خێرا پانکردنەوەی رکابەرەکان تا ئاستێک و هەندێک بوار سەربگرێت، بەڵام کە دەگاتە چەمکە گشتی و نیشتیمانی و پێکهاتە جیاکانی میسر و مێژوو و دەوڵەت و دەسەڵاتی سەربازی کە خودانی مێژووییەکی دوورو درێژە لە جەنگی نیشتیمانی و پێکهاتەوە، کاریكی قورسە نیاز و مەرمای دیکتاتۆری بتوانێت درێژە بە مانەوەی خۆی بدات. میسرییەکان باسی جەنگە مێژووییەکان و مێژووی جەمال عەبدولناسر و ئەنوەر سادات دەکەن، باسی گۆڕینی پاشایەتی و هێنانە کایەی سیستەمی دیموکراسی و کۆماری دەکەن.

پرسی گرینگ ئەوەیە ئایا میسر جاریکی دیکە فیرعەونێکی نوێ بەرهەمدێنێتەوە، لایەنگرانی مورسی پێیان وایە شەقامی ناڕەزایی هەڵەن چونکە دادگای بێلایەن و سەربەخۆ نییە و پاشماوەی رژێمی پێشووی تێدایە و ئەوانە لایەکی دیکە دەیانەوێت پێش لە چوون بەرەو دیموکراسی بگرن و هەشیانە دەیەوێت دەسەڵاتی سەربازی بگێڕنەوە. بەڵام رکابەرەکانی مورسی و ئیخوانە ئیسلامییەکان، راشکاوانەیە و دەڵێن میسر فەرعەونێکی نوێی تێدا دروست بۆتەوەو مورسی دەیەوێت لەرێگەی دەستورەوە هەموو جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات لەدەستی خۆی کۆبکاتەوە و حکوومەت و پەرلەمان هیچ دەسەڵاتێکیان نەماوە و دادگای باڵا لەرووی دەسەڵاتەوە کۆتوبەند کراوە.

رووداوە سیاسییەکان و هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکانی مورسی و پەرەسەندنی ناڕەزایی ئەوە دەسەڵمێنن گۆڕانکاری دیموکراسی و لێککردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن لە میسر کارێکی ئاسان نییە و مورسیش گومانی زۆری لە تواناکان پەیداکردووە کە میسر هێشتا ئامادە نەبێت بەرەو دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی هەنگاو بنێت. لە کردەوەش ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن پێچەوانەی فرەکردن و دابەشبوونی دەسەڵات بەسەر پێگە سەرەکییەکانی دەسەڵات، مورسی کاردەکات هەرچی زووە، ناڕازییەکان بێدەنگ بکات و پاشماوەکانی دەسەڵاتی موبارەک لەناو ببات و کۆسپەکان کە بریتین لە لایەن و کەسایەتی و بزاڤە نزیکەکانی دەوڵەتی پێشوو، تەخت بکات. دیارە لە میسر تەختکردن وەکو سوریا و عێراق نییە. سەرپانکردنەوەی پاشماوەکان بەهیچ شێوەیەک وەکو لوبنان و ئوردن و لیبیا و هەتا سودانیش نابێت. لە عێراق مالکی توانی لەرێگەی کۆمەکی ئەمەریکی و ئێرانی  تا ئاستێکی زۆر بەسەر سونەدا سەربکەوێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی سونەکان توندەڕن و خۆیان وابەستەی تیرۆر کرد و تاکە لایەنی بەشدار و وابەستەی رژێمی بەعس بوون، بەڵام ئەمەیان لەگەڵ کورد بۆ نەچۆتە سەر چونکە کورد لەگەڵ دیموکراسیەت و کۆمەڵگەی مەدەنییە و دژی بەعسیش بووە. لە سوریا شەڕ بەردەوامە و بەشار ئەسەد نەروخاوە و لە لیبیا هەلومەرجی نێودەوڵەتی و ناوەخۆیی جودایە و لەیەمەن مەسەلەی مەزهەبی و دەستێوەردانی دەرەکی زالە. سودان دابەش بوو، ئوردن بە قوڵی مامەلە لەگەڵ کێشەی نرخی سوتەمەنی و داوای ئیسلامییەکان دەکات و ناوە ناوە حکوومەتی نوێ پێکدەهێننەوە. بەڵام میسر کەتۆتە ژێر فشارێكی گەورە، ئایا چی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات؟، ئیخوانەکان چۆن پشتیوانی حەماسی ئیسلامی دەکەن؟. ئایا مورسی دەتوانێت تا چەند لەئەنجامی کۆکردنەوەی دەسەڵات لەدەستی ئیسلامییەکان رق و ترسی قوبتییەکان لەناو ببات و چەندە بە کۆکردنەوەی دەسەڵاتی لەدەستی تەنیا یەک کەس خۆی لە نیگەرانی و ئاراستەکانی سەربازی و دەسەڵاتی سوپا بدزێتەوە و بەسەریاندا زال بێت؟. چونکە میسر یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەفسەرەکان هەمیشە کودەتای مەدەنیان دژی ئەو دەسەڵاتانە کردووە کە فیرعەون ئاسا بیریان کردۆتەوە. بینیمان ئەمەیان لەگەڵ حوسنی موبارەکیش کرد و لە دیماهیدا پشتیان تێکرد. کەواتە مورسی لەبەردەم پرسێکی گرینگ دایە، ئایا دەتوانێت ئیسلامییەکی فیرعەون ئاسا بێت؟ و هەموو دەسەڵاتەکان لەرێگەی فتکردنی سەربازەکان و عیلمانی و خواستی قوبتییەکان بخاتە ژێرکۆنترۆلی تاکڕەویانەی خۆی..! مێژوو دەڵێت میسر ناتوانێت بەیەک ئاراستە و یەک هێز و تاکەسەرکردەیەکی فیرعەون ئاسا بەرێوەبچێت.. چونکە بەلای کەمەوە لەتەک مێژووی دێرینی میسر لە دەوڵەتداری و مەدەنیەت و رۆشنبیری، سەربازەکان خۆیان لەوە بە هێزتر و متمانەدارتر دەزانن، بکرێنە گۆپالێکی هێزلێبڕاو.

هەواڵی پەیوەندیدار