٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پارتی بەرپێنی دەدرێتێ

سەرچاوە: KDP.info
دڵشاد مستەفا وەسانی
بەرپێن لە یاری تۆپی پێدا زۆر بەكاردێت، ئەمەش لەو حاڵەتەدا دەبێت كە بزانرێت یاریزانێك، یاریی جوان بكات و مەترسی بخاتە سەر بەرامبەر، زۆرجار یاریزانێك تەواوی وزەی بۆ رێگرتن لە هێرشی بەرامبەر بەكاردێنێ، دواتر كە بێ ئومێدبوو بەرپێن دەداتە یاریزانی هێرشبەر، بەرپێن بە بەرنامە بەكار دەهێندرێت و تەركیز دەخرێتە سەر ئەو یاریزانانەی لە گۆڕەپانەكەدا دیارن.
لە ناو گۆڕەپانی سیاسیی كوردستاندا دەمێكە لە چەند قۆناغی جیاجیادا بەرپێن دراوەتە پارتی و تا ئێستاش بەردەوامە، زۆربەی بەرپێنەكانیش بەڕادان دەدرێن، بۆ ئەوەی پارتی لە كاروانی رۆیشتن بەرەو ئامانج بكەوێت، هەمووجارێكیش ئەوانەی بەرپێنی دەدەنێ خۆیان لە بەرگی قۆناغ و سەردەمەكەدا دەشارنەوە، بەڵام ناخۆشترین بەرپێن، ئەو بەرپێنانەن كە دوژمن لە ڕێی قاچەكانی ناوەوەدا دەیاندات. 
بەرپێنی وەرزش و بەرپێنی گۆڕەپانی سیاسی، ئەگەرچی یەك ناویان هەیە، لێ لەوەدا جیاوازن، بەرپێنی تۆپی پێ بە گیانێكی وەرزشییەو وەرزشوانان لەیەكتری خۆش دەبن و ئەو یاریزانەی بەرپێن دەدات، یاریزانە كەوتووەكە هەڵدەستێنێتەوەو بۆ پیشاندانی نیەت پاكی  دەستێكیشی بەسەردادێنێت، لێ بەرپێنی گۆڕەپانی سیاسی بۆ ئەوە دەدرێت كە كەوتنی بەدواوە بێت و لێخۆشبوونیشی تێدانیە.
ئەگەر بە مێژووی ئەو بەرپێنانەدا بچینەوە كە دراونەتە پارتی، ئەوە دەردەكەوێت كە بەرپێندەرەكان بەشێوەیەكی كاتی دڵیان خۆشبووە، ئەو نەشئەیەی بەرپێندەرەكان و ئەوانەی لە دەرەوەی گۆڕەپانەكەدا لەگەڵ بەرپێندەر قاچیان دەجوڵینن بەردەوام نەبووە، هەمووجاریش بەرپێندەرەكان زۆر خۆیان هیلاك دەكەن و ئارەقەی رەش و شین دەدەن، كە سەر بەرز دەكەنەوە و لەو راكە راكەیە وەئاگادێنەوە، پارتی بەجێی هێشتوون، ئیدی دوای ئەو هەموو خۆماندوكردن و بە دەستی بەتاڵ گەڕانەوەیە، هێشتا پارتی ئاوڕێك دەداتەوە و دەستیان دەگرێت و دەیانباتەوە ژێر ئەو رەشماڵەی هەمووان دەگرێتەخۆ.
بەدرێژایی زیاتر لە پەنجا ساڵی رابردوو، بەرپێندەرەكان لە ساتە هەرە ناسكەكاندا بەرپێنیان داوە، ئەوان خۆیان لە ئاست قۆناغەكاندا بەرگەی بەرپرسیارێتی ناگرن و خۆیان دەدزنەوە، لەڕێی ئەو خۆدزینەوەیەدا هەموو وزە و توانایان بۆ بەرپێندانە پارتی تەرخان دەكەن، بەرپێندەرەكان لە سەرەتای بەرپێندانەكانیاندا بە بێدەنگیی پارتی شاگەشكە دەبن، ئەو سەرەتایە خۆشترین ساتەكانیانە بەڵام زۆر نابات، ئەو بێدەنگییەی پارتی زادەی سەبر و ئارامی و خۆڕاگرییە، بەشێكی گرنگە لە خۆشكردنی زەمینەی بڕیارداندا، بەرهەمی بەرپێنەكانی چل ساڵی دوایی سەدەی بیستەممان بینی كە لە تێكدانی نێوماڵی كورد زیاتر هیچی لێ شین نەبۆوە، بەرهەمی بەرپێنەكانی سەرەتای سەدەی بیست و یەكەمیش لە هی سەدەی بیستەم مایەپوچتر دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار