ترس له به ده‌وڵه‌تبوونی کوردان، بێماناییه

جه‌زای شێخ ڕه‌زا
بێگومان دژایه‌تیکردنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته کوردییه، که قسه له ڕاگه‌یاندنی ده‌کرێت، ده‌بێته ئه‌رکێکی نیشتیمانی، چونکه ده‌وڵه‌تێك ده‌بێت جگه له به‌ڵا و ناڕه‌حه‌تی هیچی دیکه‌ی لێ به‌رهه‌م نایه‌ت. بۆیه ئێستایش ده‌رفه‌ت ماوه که ڕێگه له دامه‌زراندنی بگیرێت و هه‌موو ده‌رگاکانمان به ڕوودا دانه‌خرێت.
ئه‌مه ئه‌و بهرئهنجامهیه که که‌سێکی خۆ به ڕۆشنبیرزان و لێکۆڵه‌ری سیاسی، له نووسینێکیدا که ماوه‌یه‌که له ماڵپه‌ڕی یه‌کێك له لایه‌نه هه‌ره دیاره‌کانی کوردستاندا دانراوه، پێیگه‌یشتووه. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی نه‌که‌وینه وه‌ڵام و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی بێمانای واوه، که خوێنه‌ران له گه‌وهه‌ری مه‌به‌ست دوور بخاته‌وه، ناوی (نوسه‌ر) و ماڵپه‌ڕه‌که نابه‌م.
به‌ر له هه‌موو شت، ئه‌و نووسینه کرچوکاڵه هه‌رچییه‌ك بێت، شیکاری نییه، چونکه یه‌ك داتای ڕاستی تێدا نییه، که ببێته یه‌که‌ی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری، که ئه‌وه ساکارترین مه‌رجه بۆ هه‌ر شیکارییه‌ك. پاشان ئه‌و براده‌ره ده‌بێت بزانێت، که به ڕیزکردنی چه‌ند وشه و بڕگه‌یه‌كی جۆراوجۆر، ته‌زبیحێکی ناقۆڵای وای هۆنیوه‌ته‌وه، که له بازاڕه بێسه‌ر و بهرهکانیشدا کڕیاری نییه، بۆیه زۆر به هه‌ڵه‌دا چووه گه‌ر وابزانێت بابه‌ته‌که‌ی بۆته ملوانکه‌یه‌کی ڕازاوه‌ی به‌رۆکی کوردان.
مرۆڤ که خۆی له هه‌ستی خۆبه‌که‌مزانیندا کینگڵی خوارد، ده‌یه‌وێت ده‌ورووبه‌ر به بانگه‌وازی په‌سه‌ندێتیی ئه‌و هه‌سته، کاس بکات. که‌سێکیش که دژایه‌تیکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه و نیشتیمانی خۆی (ده‌وڵه‌ت نه‌ك حوکومه‌ت)، به ئه‌رکێکی نیشتیمانی بزانێت، ده‌بێت له چ قووڵاییه‌کی ده‌ریای خۆبه‌که‌مزانیندا بۆقه‌مه‌له بکات.
تۆ که پارتی و بارزانیت بۆ حوکمداری لا په‌سه‌ند نییه، ئاره‌زووی خۆته و له‌وه‌دا ئازادیت، به‌ڵام که ئه‌و هه‌ستی ناپهسندێتییه بتگه‌یه‌نێته ڕقێکی وا، که بانگه‌وازی ڕێگه‌گرتن له بونیادی ده‌وڵه‌ت بکه‌ی، ئیدی هه‌موو سنووره‌کانی ئازادیت به‌زاندووه و به‌ره‌و ناپاکیی نیشتیمانی ده‌خزێی. به‌و پڕۆپاگهندهیهش، که ده‌ڵێی خه‌ڵکی خۆزگه به حوکمی به‌عس ده‌خوازن، هێنده‌ی دی خلیسکاوی.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌رك نه‌بێت پێمان بێژه، به چ پێوانه‌یه‌ك حوکمی فاشی و ڕه‌گه‌زپه‌رستانی به‌عسی عاره‌بی، که له باشترین باردا نه‌ته‌وه‌ی کوردی ته‌نها به مه‌والی قه‌بووڵ بوو و زێد و خاکی کوردستانی خاپوور ده‌کرد و پاکیزانی کوردی ده‌کرده که‌نیزه‌ك و شه‌وانی پڕ له سهرسهرێتییان پێ سوور ده‌کرد، به‌و ده‌وڵه‌ته کوردستانییه به‌راورد ده‌که‌ی، که هێشتا بناغه‌کانی جێگیر نه‌کراون!!.
کاکی خۆبهڕوناکبیرزانی تاریکبیر، تۆ که بڕیارت داوه بۆ خۆت هه‌تا هه‌تایه کۆیله و بنده‌ستی ئه‌و برا عاره‌به چاوڕهشانهت بیت، ئازادیت و پیرۆزت بێت. منیش هه‌ر به‌و حوکمی ئازادبوونه‌ی تۆ، ئازادم له‌وه‌ی ڕێگات پێ نه‌ده‌م له‌ته‌ك خۆتدا په‌لکێشم بکه‌ی بۆ ژێر فه‌رمانڕانیی نه‌ته‌وه و که‌سانێك، که به نه‌وه‌ی جنۆکه‌م ده‌زانن و ده‌مکه‌ن به مهوالییهکی سه‌رشۆڕی خۆیان.
که دهشڵێی ئه‌و ده‌وڵه‌ته بناغه‌ی زانستی نییه، وا دیاره عولوجانه له زانست تێگه‌یشتوویت، ده‌نا ده‌تزانی ویستی پێکه‌وه‌نانی ده‌وڵه‌ت، هزرێکی سروشتیی هه‌موو کۆمه‌ڵه‌یه‌کی ئاده‌میزاده، که کۆمه‌ڵێ بنه‌مای هاوبه‌شیان هه‌یه. ئیدی ئه‌وه چ ناماقووڵییهکه ئه‌و مافه بۆ هه‌موو ڕه‌گه‌ز و ئه‌تنه‌کان ڕه‌وابێت و بۆ کورد تابۆ؟
ده‌بێت بزانرێت، که له ڕاستیدا هزری به ده‌وڵه‌تبوون، باره زانستی و دروسته‌که‌یه و ئه‌وه‌ی سه‌یر و نازانستییه ئه‌وه‌یه، که خوێندنه‌وه و تێخوێندنه‌وه‌ی مێژووی سه‌دان ساڵه‌ی ژێرده‌سته‌یی، تاکی کورد نه‌گه‌یه‌نێته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که بونیادنانی ده‌وڵه‌ت کلیلی کردنه‌وه‌ی ده‌رگای چاره‌ی تێکڕای ده‌رده سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌لتووری و هه‌موو ده‌رده‌کانی تری نه‌ته‌وه‌که‌یه‌تی.
ئه‌ز لێره‌دا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌کانی بۆ پارتیت هه‌ڵبه‌ستووه، که وا دیاره هه‌ر بۆ بازاڕگه‌رمی بێت، بۆ خۆیان جێده‌هێڵم. به‌ڵام له‌و شتانه‌دا که به بارزانی ده‌ڵێیت، که نازانم به ڕاستته و له قووڵایی باوهڕتهوهیه، یاخود نه‌زانی یان به‌رژه‌وه‌ندیی کورتخایه‌ن پێی کردوویت، هێنده کورتت هێناوه، که شایانی به‌زه‌ییت.
له‌م باره‌وه به تۆ و به هه‌موو ئه‌وانه‌ش، که ده‌یان ساڵه به شێوه‌ی جیاواز به هه‌ڵه‌دا ده‌برێن، ده‌ڵێم؛
گومان له‌وه‌دا نییه، که هیچ کۆمه‌ڵه و تاکێك بێ هه‌ڵه و که‌موکورتی نییه و نابێت، چون مرۆڤه‌کان فریشته‌ی ڕاسپێرراوی خودا نین. بارزانییش که مرۆڤێکی سه‌رکه‌شی یاخیی ئه‌م نه‌ته‌وه بێ قه‌واره و په‌رش و بڵاوه‌یه و له بزوانێکی فراواندایه بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و باره ناله‌باره، به دوور نییه له که‌ماسی. به‌ڵام گومانکردن له مرۆڤدۆستیی په‌یامه‌که‌ی و ناوهێنانی ئه‌و په‌یامه پڕ له میهر و ڕووناکییه ئاریاییه، به ڕه‌گه‌زپه‌رستی و یه‌كڕه‌نگی.......تاد. خۆفڕێدانێکی نه‌زانانه‌یه بۆ نێو ئۆقیانووسێکی پڕ له شه‌پۆل، له‌به‌رئه‌وه‌ی؛
له په‌یامی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌دا، که ئێستا جه‌نابی کاك مه‌سعوود به‌ڕێوه‌به‌رێتی، باوه‌ڕبوونێك هه‌بووه و هه‌یه به‌وه‌ی، مرۆڤ چه‌قی هه‌موو گرینگییه‌کان و گه‌وهه‌ری مه‌به‌سته‌کانه و ده‌بێت هه‌موو هزر و ئایدیایه‌ك له خزمه‌تی ئه‌ودا بن. ئه‌م باوه‌ڕه‌ش درێژکراوه‌ی ئه‌و هزره خودا و خودناسییه یهکتاپهرستییهیه، که ڕه‌گێکی قووڵی هه‌زاران ساڵه‌ی له‌م خاکه‌دا هه‌یه. هه‌رکاتێکیش ئه‌م باوه‌ڕ و دنیابینییه، که تا ئێستا به هیچ هێزێك و بۆ هیچ په‌ستانێك نه‌چه‌ماوه‌ته‌وه، له‌قی، ئیدی ئه‌و قوتابخانه‌یه کۆتایی هاتووه. هه‌ر له‌مه‌وه به‌راوردکردنی خانه‌واده‌ی بارزان (که ده‌شێت ڕه‌خنه‌یان لێ بگیرێت)، به خانه‌واده‌یه‌کی ئایدیالیستی دیکتاتۆری ڕه‌فتار ستالینیی وه‌کو خانه‌واده‌ی سۆنگ، که مامۆستایانی تۆ ماوه‌یه‌کی درێژ ئایدیا و نووسینه‌کانیان کردبووه قورئانی خۆیان و ده‌یانویست به لووله‌ی تفه‌نگه‌کانیان بیکه‌ن به ده‌ستووری ژیانی کوردان، ئه‌وپه‌ڕی بێویژدانی و تۆمه‌تێکی بێ بناغه‌ی ناڕه‌وایه و خزمه‌تی ئه‌و شه‌پۆلی بێئومێدکردنه ده‌کات، که ئه‌هریمه‌نانی ده‌ورووبه‌ر له دروستکردنیدان.
کاکی من، وا دیاره ئه‌و هه‌ویره‌ی ویستووته بیشێلیت، هێنده ئاوی ده‌وێت، که لای تۆ نییه، بۆیه چاکتر وایه ده‌ستی بۆ نه‌به‌یت و بزڕبزڕی نه‌که‌یت.
ئه‌ز چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به هۆنینه‌وه‌ی پێنجخشتهکییهك له‌سه‌ر هۆنراوه‌یه‌کی مامۆستا ح.س. سۆران، که له به‌شێکیدا ده‌ڵێم؛
بـۆ به‌رگری له زێـد و بـوون، باو و باپیران کـهوتنه خـۆ
له‌ناو پیـر و مـێرخاساندا، په‌سه‌ندیان کـرد شــا دیـاکـۆ
ئـێستاش لای زاگرۆسـنشینان، بارزانییـه نیشانه و هــۆ
قـــارهمــانــی هـــه‌ر ئهمـێنـــی، شــاهیــدی تـــۆ مــێـژووه
فـهخــری کــوردانـی جـیهانـی، شــیعـــری نــاوتـــراوی کـــــورد
ده‌نگم خسته پاڵ ده‌نگی زۆرێك له دڵسۆزان و داوای ئه‌وه‌مان کرد، که با ئه‌مجاره مێژوو به شێوه‌یه‌کی دی دووباره بکه‌ینه‌وه و بازێکی به‌رز به‌سه‌ر جیاوازییه‌کانماندا بده‌ین و هه‌رکه‌سه‌مان به‌وه‌ی پێمانه هاوکاریی بارزانی بکه‌ین له‌و پڕۆژه‌یه‌دا، که ئومێد هه‌یه لانه‌یه‌کی ئارام بێت بۆ هه‌موولایه‌ك.
ئێستایش که؛
ئومێدێك هه‌یه ئه‌م زێد و خه‌ڵکه له کۆت و به‌ندی ئه‌وانه قوتار ببێت، که هێنده‌ی ئاشقی مه‌رگن و تامه‌زرۆی گه‌یشتنه..............ن، نیوه‌ی ئه‌وه باوه‌ڕیان به به‌ها به‌رزه‌کانی بوون و یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ئه‌م گه‌ردوونه نییه، که خوداوه‌ندێك ئه‌فراندوویه‌تی، که هه‌رگیز شیمانه‌ی ئه‌وه‌ی نییه ئه‌و مرۆڤکوژانه‌ی کردبێته بریکاری خۆی له‌سه‌ر زه‌وی.
ئێستایش که؛
هیوایه‌کی گه‌ش هه‌یه که له ژیر ده‌ستی ئه‌وانه ڕزگاری بێت، که ساڵه‌های ساڵه به به‌هانه‌ی ڕه‌وایی بێپایانه‌وه، وزه‌ی کار و بیرکردنه‌وه‌یان به‌م نه‌ته‌وه‌یه‌وه نه‌هێشتووه.
ئه‌رکێکی ئاکاری (مۆڕاڵی)ـی هه‌موو ژیاندۆستانی کوردستانه، که بۆ ساتێك به ئارامی بیر بکه‌ینه‌وه و نه‌که‌وینه ته‌ڵه و داوێکه‌وه، که به دڵنیایی جگه له گهداییبوونمان چی ترمان پێ نابڕێت و دژی دووباره پابه‌ندبوون بین به وڵاتێکه‌وه، که هه‌زاران ساڵه مێرگێکی به پیتی تاوانه.




