پیلانی ئەردۆگان و دەوڵەتی كوردی

زكری مووسا
هەندێك كورد پێشنیازیان دا بە مالیكی كە قووتی خەڵكی كوردستان ببڕێت، بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم و بە قسەی خۆیان پارتی بكەوێتە سەر ئەژنۆ و تەسلیم ببێت. هاوكات لەگەڵ ئەو پێشنیازە زێڕینەی چەند جاشسیفەتێكی كورد، خوبەرای فورس و عەرەبی مالیكی، هانی سەرۆكوەزیرانیان دا پێشنیازەكە جێبەجێ بكات. ئەوان وای بۆ دەچوون سایكۆلۆژیای ئینسانی كورد چاوچنۆك و پارەپەرستە و ئەوە بكرێت كورد خێرا خۆی بەدەستەوە دەدات. پێشتر مالیكی هەرگیز جورئەتی نەبوو بودجە وەك كارتێكی سیاسی لە دژی كورد بەكار بهێنێت، بەڵام كە پێشنیازەكە لە لایەن خودی كوردەوە پێشكهش كرا، بە دەنگێكی دلێرەوە بڕیاری بڕینی بودجەی دا. بەڵام گەلی كوردستان لەوە خۆراگرتر بوو مەكرێكی ئەوها نزم ئیرادەی تێكبشكێنێت.
كە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی یەكڕیز و یەكدەنگ، سنووری سەربەخۆیی دیاری دەكرد و داعشی بەدڕەوشتی دەشكاند، بەغدا ئابڵۆقەی چەكی خستەسەر پێشمەرگە و جاش حەشدی لە شنگال دروست كرد و، لەنێوخۆیشدا سەدان پەیج و سایت و میدیای سێبەر هەڵتۆقین و شەڕی دەروونییان لەگەڵ پێشمەرگە كرد و، ڕیكلامی خۆڕاییان پێشكەشی دوژمن دەكرد. ئەو ڕەفتارە نامۆیە مایەی سەرسووڕمانی چاودێرە بیانییەكان بوو، كه بۆچی دەبێ لەكاتی شەڕدا میدیای حزبەكان بە شێوەیەكی ڕێكخراو دژی وڵاتپارێزان بن؟ بەوەیش نەوەستان هانی كارمەندی حكوومییان دا مان بگرن، بارەگایان سووتاندن، خوتبەیان دا بۆ ئەوەی كۆنسووڵ بكوژن و ئەندازیار بڕفێنن.... لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا پێشمەرگە شەڕەكەی بردەوە و لووتی داعشی شكاند.
تابۆی سەربەخۆیی شكا، كوردستان لە دەرگای سەربەخۆیی دا، كۆمیتەی سەربەخۆیی دروست بوو، كەچی حزبەكان سەدان نووسەریان بەكرێ گرت، دەیان ملیۆن دۆلاریان لە میدیا خەرج كرد، شاشەكانیان كردە ئێچ دی بۆ ئەوەی باشتر جنێو بدەن و سووكایەتی بە سەربەخۆیی بكەن و سەرۆك و پێشمەرگە بشكێنن. ناو و ناتۆرەیان بۆ دەوڵەت داتاشی. ئاواتی گەلێكی ستەمدیتەیان بچووك كردەوە و بە پیلانی ئەردۆگان و قەتەر و سعوودیە و ئیماراتیان لەقەڵەم دا. ڕووقایمانە بڕوبیانوویان بۆ دۆزییەوە، ئەوەی لەدەستیان هات كردیان بۆ ئەوەی لە زەینی خەڵكدا دەوڵەت سووك و چرووك بكەن. لەوە زیاتر ڕۆییشتن و بەیعەتیان لەگەڵ بەغدایش تازە كردەوە و بە دەنگێكی بەرز بە نەیاریان گوت، خەمتان نەبێ ئێمە پەرتەوازەین، یەك دەنگ نین، دەوڵەتمان ناوێ، پاشكۆییمان گەرەكە.
ڕەنگە تێگەییشتن لەم ڕەفتارە بۆ موحەلیلی ناوخۆیی ئاسان بێت، بەڵام جیهانییان بە ئەسەفەوە سەیری ڕووداو و هەڵوێست و ئاستی نزمی سیاسییەكانی كورد دەكەن و، ئهوان هێشتا لەو خۆبەبچووكزانینەی سیاسییەكانی كورد نهگهیشتوون.
دەوڵەت هیی بارزانی و پارتی نییە، هیی هیچ حزب و كەسێك نییە، موڵكی تاك تاكی هاووڵاتیانی كوردستانە. دەوڵەتی كوردستان ئاواتی مەزنی ئەم گەلەیە و دژایەتیی دەكرێت، چونكە پڕۆژەیەكی پیرۆزە بۆ گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف. دەوڵەتی كوردستان گێڕانەوەی ئیرادەی دانیشتووانە كە سەدانساڵە بە زوڵم لە لایەن داگیركارانهوه زەوت كراوە. دەوڵەتی كوردستان نەیاری زۆرە، چونكە ئاشتیی دەوێت و تاییفەگەری و جەهل هەوێنی نییە، دەوڵەتی كوردستان دوژمنی زۆرە، چونكە وەك دەوراوپشتی خۆی دیكتاتۆر نییە و ڕۆڵەكانی لە سێدارە نادات و قڕیان ناكات، ئەو دەوڵەتە ڕاسیست و توندڕۆ نییە و ڕێزی پێكهاتەكان دەگرێ.
لەناوخۆدا دژی زۆرە، چونكە دەوڵەت كۆتاییی خێڵایەتی و ناوچەگەری و شارچێتییە، گەڕانەوەی بڕوابەخۆبوونە بۆ مرۆڤی كورد. دەوڵەت كۆتایی بە حزب دەهێنێ و چوارچێوەیان بۆ دادەنێت. دەوڵەت ئینسانی كورد لە كۆیلەبوونی حزب و شەخس و خێڵ ڕزگار دەكات و دەیكاتە هاووڵاتی، بۆیە ئەوەندە لێی دەخوێنن. دەوڵەت بەربەستە لەوەی مرۆڤی كوردستانی تێكەڵی ئەدەبیاتی ئومەمی و توندڕۆییی جیهانی بكرێت و لە پێناسەی نامۆدا بتوێتەوە، بۆیە ئەوەندە لە دژی ڕادەوەستن.




