٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئایا خەباتى ئیستاى پارتى دیموکراتى کوردستان، (شۆرشى سەربەخۆیى) نییە؟

سەرچاوە: KDP.info

سامان ڕەشید
سادەترین پێناسە بۆ شۆرش وەک دەستەواژەیەکى سیاسى بریتییە لە دەرچوون لەباردۆخێک و هەنگاونان بەرەوە دۆخێکى باشتر،ئەمە جگە لەوەى شۆرش وەک چەمكێکى سیاسى، خوێندنەوە و پێناسەى ترى بۆ کراوە بەپیى تێروانینى سیاسى و ئایدیولۆجى.
پێناسەى کلاسێکى بۆ شۆڕش لەسەردەمى شۆڕشى فەرەنسییەوە وەک چەمکێکى سیاسى دەرکەوت، ئەو تێڕۆانینە کلاسیکییە ڕادیکاڵەى لەخۆگرتووە کە دەستەبژێر (نخبة) سەرکردایەتیى گەل دەکەن بۆ گۆڕینى سیستەم بە هێز. بەڵام دواتر مارکسییەکان ئەم تێڕوانیینەیان گەشە پێدا بەپێى ئایدیاى خۆیان، ئەم کۆنسێپتە لە دەستەبژێر و ڕۆشنبیران بە چینى سەرکردایەتیی کریکاران و زەحمەتکێشان کە بە پرۆلیتاریا ناوى نان، پێناسەیان کرد. هەروەها هیگڵ لە (عەقل و شۆرش) وا پێناسەى شۆڕش دەکات کە پەیوەستە بە ئەو هەلومەرج و باردۆخەى کە هەیە و بزاوتێکە کە ئەو باردۆخە ڕەت دەکاتەوە. بە واتایەکى تر ئەتوانین بڵێین شۆڕش پرۆسەیەکى دینامیکییە و خەسڵەتى گۆاستنە وە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکى تر لەخۆ دەگرێت. بەڵام مەرج نییە هەموو شۆڕشێک لە ڕێگاى زەبر و توندوتیژییەوە بەرپا بکرێت، بەڵکو بە تێڕوانینى نوێى ئەمڕۆمان دەکرێت شۆڕش لە ڕێگاى ئامرازە ئاشتییەکانەوە ئامانجەکانى بەدی بهێنێ. هەروەها وشەى شۆڕش لە ته‌کنۆلۆجیا و زانستە پراکتیکەکان (العلوم التطبیقیة) دەلالەت لە گەشەکردنى ئەو بوارە دەکات بەمەش شۆڕش لە ماناى گواستنەوە خۆى بەیان دەکات.
شۆڕشەکانى سەدەى بیستى گەلى کورد بە گشتى و تایبەتیتریش شۆڕشەکانى بارزان و شۆڕشى ئەیلوولى مەزن و شۆڕشى گوڵانى پێشکەوتنخواز، هەر هەموویان ڕەتکردنەوەى واقعێک بوون کە لەپێناو بەدهێنانى مافەکانى گەلەکەماندا هەڵگیرساون، وەک بزاوتێکى نەتەوایەتى ئەو باردۆخەیان ڕەت کردووەتەوە و خەباتیان بۆ بارودۆخێکى باشتر و گونجاوتر کردووە کە ماف و ئازادییەکانى گەلەکەمانى تێیایدا بەرجەستە بووبێت و پارێزراو بێت. ئەگەر بڕوانینە شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان دەبینین، خەباتى چەکدارى ئامرازى سەرەکیی هه‌ردوو شۆڕشه‌كه‌ بوون بۆ گەیشتن بەو قۆناغ و باردۆخەى کە وەک ستراتیژى شۆڕش خەباتى بۆ دەکرا بەپێى هەلومەرج و هاوکێشەى سیاسیى ئەوکات، سەرکردایەتیى شۆڕش لە ڕێگاى میتۆدێکى ڕیالیستى هەنگاوى بەرەو ئامانجە پیرۆزەکانى دەنا، ئەمە بەو مانایا نا کە تاکە ڕێگاى گەیشتن بە ئامانج، خەباتى چەکدارى بێت، بەڵکو لەپاڵ هێزى چەکداریدا هێزى نەرم (soft power) کە خۆى لە دیپلۆماسییەت و گفتوگۆدا دەبینییەوە، وەک ئامرازێکى دیکە تەوزیف دەکرا بۆ گەیشتن بە ئامانج لە ڕێگا ئاشتییەکانەوە، ئەمەش خه‌سڵەتێکى تایبەتى قوتابخانەى بارزانیى نەمر و پارتى دیموکراتى کوردستانە کە هەرکات تروسکاییەک بەدى کرابێت بۆ چارەسەرى ئاشتییانە، هەنگاویان بۆی ناوه‌.
کاتێک جەنابى سەرۆک دەفەرموێ (یەک سەعات ئاشتى لە دەیان ساڵ شه‌ڕ باشترە) ئەمە ئەو خه‌سڵەتەیە کە ئەو قوتابخانەیە وەک پره‌نسیپێکى سیاسى باوەڕ و قەناعەتى پێى هەیە و لەپاڵ هێزى چەکدارى وەک ئامرزاێکى دیکەى شۆڕش بۆ بەدەسهینانى ئامانجەکانى پراکتیزە کراوە و، ڕەنگى داوەتەوە لە سیاسەت و میتۆدى سەرکردایەتیى شۆڕش. بەمەش هەردوو هێز (soft power & hard power) وەک دوو ئامرازى شۆڕش تەواوکەرى یەکترى بوون بۆ گەیشتن بە ئامانج، هەریەکێکیان بەپێى قوناغەکان و بەپێى هەلومەرج و بارودۆخ ڕۆڵیان هەبووە، وەک دوو فۆرمى خەباتکردن لە شۆڕش بەپێى هاوکێشە سیاسییەکانى سەردەمەکە پراکتیزە کراوە. دەرئەنجام ئۆتۆنۆمى و ڕاپەرین و فیدراڵى لێ بەرهەم هات بۆ هەرێمى کوردستان.
خەباتى ئەمڕۆى پارتى دیموکراتى کوردستان بە ڕابەرایەتیى جەنابى سەرۆک، بەهەمان شێوەى شۆڕشەکانى پێشوو خەباتکردنە بۆ گواستنەوەى هەرێمى کوردستان بۆ قۆناغێکى دیکە کە سەربەخۆیى هەرێمى کوردستانە، بە واتایەکى دیکە، ڕەتکردنەوەى واقعى ئێستا کە فیدڕاڵییەتە و خەباتکردنە بۆ سەربەخۆیى. بەڵام لە خەباتى ئەمڕۆى پارتى دیموکراتى کوردستاندا دەبینین هێزى نەرم بووەتە ئامرازى سەرەکى بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پیرۆزە. ئەگەر سەرنج بدەین لە خەباتى دە ساڵى ڕابردوو، دیپلۆماسیەت و سیاسەتى دەرەوە و پەیوەندیى سیاسى و ئابوورى لەگەڵ وڵاتانى جیهان و هەرێمایەتیدا وەک هێزى نەرمى خەباتکردن لەپێناو بەدهێنانى ئامانجى نەتەوەکەمان، بە باشترین شێوە کارى لەسەر کراوە. کاتێک سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى وڵاتان دەکات و بەشداریى مەحافیلە نێودەوڵەتییەکان دەكات، بەپێى پرۆتۆکۆڵى دیپولۆماسی وەک سەرۆکى وڵاتێک پیشوازى لێ دەکرێت، کاتێک پەیوەندیی ئابوورى لەگەڵ وڵاتان وەک پردێک بۆ هاوبەشکردنى بەرژەوەندیى هەرێمى کوردستان و وڵاتان دروست دەکرێت، ئەمە خۆى لەخۆیدا هێزى نەرمى بزاڤى ڕزگاریخوازى گەلەکەمانە کە لە سیاسەت و میتۆد و خەباتى ئەمڕۆى پارتى دیموکراتى کوردستاندا خۆى بەیان دەکات. لەپاڵ ئەم هێزەش، هێزى پێشمەرگەى کوردستانیش ڕۆڵى مێژوویى و گرینگى خۆى دەبینى لە پاراستن و پارێزگاریکردن لە هەرێمەکەمان. بەم پێیەش بەهەمان شێوەى خەباتکردنى دوێنێى سەردەمى شۆڕشەکانى ڕابردوو، پارتى دیموکراتى کوردستان بەپێى خوێندنەوەى واقعى ئەمڕۆى دەوڵەتى بەناو عێڕاق و ئیستاى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى و، بەرچاوکردنى هاوکێشە سیاسییەکانى ئەمڕۆى ناوچەکە، خەبات دەکات بۆ بەدهێنانى ئامانجى نەتەوەکەمان. بەم پییەش ئەتوانین خەباتى ئەمڕۆى پارتى دیموکراتى کوردستان وەک پرۆسه‌یەکى دینامیکى بۆ گۆاستنەوەى هەرێمى کوردستان بۆ قۆناغى سەربەخۆیى بە (شۆڕشى سەربەخۆیى) پێناسەی بکەین.

هەواڵی پەیوەندیدار