عێراق پەناگای كوردە ڕاگوێزراوەكان و كوردستان پەناگای ئازادیخوازانی عێراق بوو

نووسینی: عادل عەبدولمەهدی*
كورد كۆنترین گەلانی ناوچەكەن. بەشداریی خەم و دابەشكردن و كێشە و جەنگەكانی عەرەب و تورك و فارس و ئەوانی دیكەیشیان كردووە. ژمارەیان زۆر لە كۆی گەلانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریكاری زیاترە، بەڵام هێشتا بە دوای ناسنامەی سیاسی و كولتووری و نیشتمانییاندا دەگەڕێن.
هێشتا زۆرێكیان بە دوای سادەترین مافە سەرەكییەكانیاندا وێڵن، لە نێویاندا زمان و ڕەگەزنامە.
لە عێراقدا یاسای" خزمەتی زانستی" دەرچووی زانكۆكانی بە پێوەندیكردن بە كۆلێژی یەدەگ، كە ڕوتبەی مولازمی دووەمی دەبەخشی، پابەند كرد. لە ساڵی 1965 بانگهێشت كراین. لە كۆی ئەو پەندانەی بینیمان، پلانەكانی سووتانی گوندە كوردییەكان بوو كە یەكە سەربازییەكان دەچوونە نێویان.
پێوەندیی نێوان دەوڵەتی عێراق بە پرسی كوردی لە بنچینەوە شەڕانگێزی بووە، ئەمە گەشەی كرد تا گەییشتە ئەوپەڕی قۆناخەكانی بەكارهێنانی چەكی كیمیاویی و ئەنفال و كۆچپێكردن و تەبعیس و تەعریب و گۆڕینی نەتەوەی كوردی و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە وەكو ئەوەی لەگەڵ فەیلییەكان ڕووی دا، یان كوشتنی بەكۆمەڵ وەكو لەگەڵ بارزانییەكان كرا.
بەڵام كوردەکان داكۆكییان لە خۆیان كرد بە چەك و گوتووێژ. هاوبەشانی وڵات زانییان چۆن فیتنە بەدوور دەخەنەوە، زۆرینەی عەرەب و توركمان و ئەوانی تریش ڕەتیان كردەوە ملكەچی ئەو پاساوانە بن كە لە پشت لۆژیكی دەمارگیرییەوە بوون.
بانگەشەكانی حكوومەتیش ڕێگەی لە (ئیمام حەكیم) نەگرت فەتوای حەرامیی شەڕكردن لەگەڵ كورددا دەربكات، هەروەها هەڵوێستی هەردوو شەهید سەدری و بەدریش بوو، بۆیە ناوچەكانی عێراق بوونە پەناگەی كوردە ڕاگوێزراوەكان و كوردستانیش پەناگەی ئازادیخوازەكانی عێراق، لە مەنفا و زیندانەكان و لە ناوچەكانی مردن و هەژاریی و بێزارییەوە هاوپەیمانیی مێژوویی نێوان بێبەشان و چەوساوەكان لە دایك بوو بە ناوە جیاوازەكانییەوە.
لە ساڵی 1962ـدا لە زیندانی سەربازگەی ڕەشید دەستگیر كرام. لەوێ چاوپێكەوتن و بینینی زیندانییەكانی ترمان لێ قەدەغە بوو. لە ژوورەكەی تەنیشتمان ژمارەیەك كوردی لێ بوو لەوانەی حوكمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو بە هۆی خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی جەنگی. ئەمان چاوپێكەوتنیان بۆ هەبوو. لە كاتی ڕۆییشتنمان بۆ سەراو شتی خۆمانمان لەسەر کاغەز بۆ فڕێ دەدان و ئەوەش تاكە ئامرازی ئێمە بوو بۆ پێوەندیكردن بە دنیای دەرەوە.
بۆ بەڵگەهێنانەوە ئەم ڕووداوە دەگێڕینەوە: سەرباری هەموو توندوتیژی و ڕەقییەك لە مامەڵەكردن لەگەڵ كورددا، كە هەموو بودجەكانی عێراق بەكار برا و ملیۆنان كوژرراو و بریندار و ئاوارەی لێ كەوتەوە، كورد كردەوە خراپەكارییەكانی كوشتن و ڕووخانی بەكۆمەڵیان بە تۆڵەی بەكۆمەڵ قەرەبوو نەکردەوە، بەڵكوو بە خەبات دژی یەكە ڕێكخراوەكانی حزبی بەعس. ئەوان شەڕیان نەگواستەوە بۆ ناوەڕاست و باشوور هەرچەندە دەیانتوانی ئەمە بكەن و وەكو قاعیدە و (سەددام)ـییەكان تۆڵەیان نەكردەوە، بەڵکوو بەرگرییان كرد، گوتووێژیان كرد، و دواجار سەركەوتن لەگەڵ سەركەوتنی عێراقییەكان و دادگە بۆ ئەوان و ئێمەیش لە مەسەلەكانی ئەنفال و هەڵەبجە حوكمی خۆی دەركرد، پێكەوەیش هەوڵمان دا ئازارەكانی ڕابردوو بسڕینەوە و ڕێك كەوتین لەسەر دەستوورێك كە ماف و ئەركەكانمان دەپارێزێت.
كێشە و هەڵە و سنووربەزاندنی زۆر هەیە کە هەمووان ئەنجامی دەدەن، ئەگەرچی بە ڕێژەی جیاجیا، بەڵام دەرگەی فیتنە كراوە دەبێت ئەگەر دەرگەی گوتووێژ و چاكسازی و دەستوور داخراو بێت. شەڕ ڕۆچوون بۆی و هێنانەوەی پاساوی هەڵگیرسانی ئاسان دەكات، بەڵام دەرچوونی لێی و بەرگریكردن لە ئەركەكانی قورس دەكات.
جێگری پێشووی سەرۆككۆماری عێراق*
وهرگێڕانی له عهرهبییهوه: هێمن بابان




