فازڵ میرانی بۆ كورد پرێس:هاوبەشییەكانی ئێمە و كۆماری ئیسلامی ئێران هەم لە ناوخۆی عێراق و هەم لە ناوچەكەدا زۆرە

دیمانە: ئەردەشیر پەشەنگ
سەفەری وەفدی باڵای دیپلۆماتیكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، هەم دیسان سەرەنجی میدیای ئێرانی و ناوچەكەی بۆ لای خۆی ڕاكێشا، سەفەرێك كە بە لەبەرچاوگرتنی ئەندامانی وەفدەكە خۆی لە چوارچێوەی بەرفراوانكردنی پێوەندی بازرگانی و ئابووری دەبینییەوە.
لەم سەفەرەدا فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوڕێیەتی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكرد، كە بەهۆی هەڵوێستی نیشتیمانی و میانەڕەوانەی پێگە و ڕێزێكی تایبەتی لە نێوان پارتە كوردییەكان و هەروەها پارت و لایەنە عەرەبەكانی عێراقدا هەیە. وەفدی دیپلۆماتیكی كوردی عێراق بە بەرنامەیەكی چڕەوە و لە ماوەیەكی كەم لە تاراندا بوون، دیدار لەگەڵ ناوبراو ئەوەندە ئاسان نەبوو، بەڵام بە هەوڵ و پێوەشوێنگرییەكانی دوكتۆر جگەرخوێن، بەرپرسی باڵای نووسینگەی پارتە كوردییەكان لە تاران، توانیمان دوانیوەڕۆیەكی بارانی لە هۆتێل ئیستیقلالی تاران دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجام بدەین.
ئەمەی خوارەوە دیمانەی كوردپرێسە لەگەڵ فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان.
* ڕوانینی گشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق بۆ ئێران بە گشتی و كۆماری ئیسلامی بەتایبەت، وەكوو هاوسێیەكی ڕۆژهەڵاتیتان چۆنە؟
فازڵ میرانی: ئێران وڵاتێكی گرینگە نە تەنیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بەڵكوو لە ئاستی جیهاندا، ئەم گرینگایەتییە ڕەهەندی جۆربەجۆری هەیە، لە ڕووی ئابوورییەوە وڵاتێكی دەوڵەمەند و توانامەندە. خاوەنی پاشەكەوتی گەورەی نەوتییە، بەشێكی بەرچاو لە پێویستییەكانی وزەی جیهان دابین دەكات و هەروەها خاوەن توانایەكی بەرزە لە بواری كشتوكاڵیدا. لە ڕووی ژیۆپۆلێتیك، وڵاتی ئێران پێگەیەكی شازی هەیە. بۆ وێنە كەنداوی فارسی هەیە، هەروەها لە ڕووی زانستەوە خاوەنی پێگەیەكی تایبەتە، لە ڕووی مێژوویی و شارستانییەتەوە، زۆر دەوڵەمەند و بەشكۆیە، لەبەر ئەوەی كە وڵاتێكی كەلتوورییە بە پێشینەی دەوڵەتی 2600 ساڵە، بەم هۆكارانەوە ئێستاكە بڕۆیتە هەر شوێنێكی جیهان باس لە ئێران و گرینگایەتی ئەم وڵاتە دەكرێت.
دەبێ ئاماژە بدەم كە "كورد" خۆی لە ناوی گەلانی ئێرانی و بە واتایەكی دیكە ئاریایی دەبینێتەوە و لە ڕووی مێژوویی، كەلتووری و زمانی لە یەك بنەماڵەین. بۆ نموونە دەبینین زمانی كوردی زۆر لە زمانی فارسی نێزیكە و خۆیان لە یەك لقدا دەبێننەوە و بەشێكن لە زمانەكانی هیند و ئەورووپی، هەر بۆیە ئێمەش خۆمان لە زۆرێك لە سەركەوتنەكانی ئێران بە تایبەت لە بوارەكانی مێژوویی، شارستانییەت و كەلتووری بە هاوبەش دەزانین و شانازی پێوە دەكەین.
* باس لە قۆناغی ئێستا بكەین و ئاوڕێك لە پێوەندی مێژوویی كوردی عێراق لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بدەینەوە، پێوەندی نێوان كوردی عێراق و دواتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كەی و چۆن دەستیپێكردووە؟
فازڵ میرانی: وەكو كوردی عێراقی بە گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە تایبەت، پێوەندییەكی تایبەتمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و ئەزموونی بەنرخ و قووڵی مێژووییمان لەم پێوەندییانە بووە و هەیە، ئەم پێوەندیانە دەگەڕێنەوە بۆ ڕۆژانی سەرەتایی سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 و ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە ئێراندا. سەردەمێك كە وڵاتانی بیانی پێشوازییەكیان لە شۆڕشی ئیسلامی و حكوومەتی سەرهەڵداو لەو شۆڕشە نەكرد، هاوكات عێراق بە قۆناغێكی مێژوویی تێدەپەڕی كە كوردی ئەو وڵاتە لە بارودۆخێكی هاوشێوەدا بوون و لەم كەشەدا شەڕێكی سەپێنراوی زاڵمانە لەلایەن دەوڵەتی بەعسی عێراقەوە بە سەر ئێراندا سەپا، شەڕێك كە كاریگەری نێگەتیڤ و زیانباری خستە سەر ڕەهەندە جۆربەجۆرەكانی هێز و دەسەڵاتی ئێران، لە دەسپێكی ئەم قۆناغە، لە نێوان ئێمە وەكوو بزووتنەوەی كوردی عێراق و ئێران وەكوو دەوڵەتێكی شۆڕشگێر، پێوەندی دۆستانە و زۆر پتەو هاتە ئاراوە كە ئەمەش بۆ سەرهەڵدانی شۆڕش دەگەڕایەوە. ئەم پێوەندیانە شتێكی بچووك و بێ بایەخ نییە، لەبەر ئەوەی لە سێبەریدا ئێرانییەكان پشتیوانی ئێمەیان كرد لە بەرانبەر ڕژێمی سەددامدا و ئێمەش لە بەرانبەردا پشتیوانی ئێرانمان كرد لە بەرانبەر دوژمنی هاوبەش و لەم ڕێگایەدا و بۆ ئاواتە هاوبەشەكانمان گیانفیداییەكی زۆرمان كرد و زۆرێك لە ئازیزانمان گیانیان فیدا كرد، هەرچەند نەگەیشتینە ئارمانی هاوبەشمان كە ڕووخاندنی سەددام حسێن بوو و بە داخەوە شەڕ كۆتایی هات و بڕیارنامەی 598 لەلایەن هەردوولاوە واژۆ كرا و لە ئەنجامدا نە ئێمە و نە ئێرانییەكان نەگەیشتینە ئامانجی هاوبەشمان كە لەناوبردنی سەددام بوو، تا لە ئاكامدا و لە ساڵی 2003 لە هێرشی وڵاتانی بیانی و دەرەوەی ناوچە، حكوومەتی بەعسی ژێر دەسەڵاتی سەددام ڕووخا و ئەو حكوومەتە كە شەڕی سەپاندە سەر هەردوولامان لەناوچوو.
* ئایا پێوەندی كوردی عێراق لەگەڵ ئێران تەنیا بەهۆی دوژمنێكی هاوبەش و ڕوودانی شەڕ دروست بوو و بەردەوام كرا؟
فازڵ میرانی: بە دڵنیاییەوە نا، پێوەندی ئێمە لەگەڵ ئێران یەك ڕەهەندی و تەنیا لە دژی سەددام نەبوو، چونكوو دەبینین تەنانەت پاش پەسەندبوونی بڕیارنامەی598 لەلایەن ئێرانەوە، پێوەندی دووقۆڵیمان وەك خۆی مایەوە، لە ساڵی1991 ئێران پشتگیریی كرد لە سەرهەڵدانی ئێمە كە لە ڕانیە دەستیپێكرد و ئێمە گەڕاینەوە سەرزەمینی خۆمان و چەند بەشێكیمان ئازاد كرد و لەم نێوەدا پشتیوانییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەوری گرینگی لەم سەركەوتنانە بوو. هەروەها پاش ڕاپەڕین و هێرشی هەمەلایەنەی ئەرتەشی بەعس و هێزە ئەمنییەكان، گرووپگەلێكی هەزاران كەسی لە خەڵك ئاوارە بوون و كۆڕەو دەستیپێكرد كە هەمدیسان ئێران وەكوو پاش بۆردومانی كیمیایی هەڵەبجە، سنوورەكانی بە ڕووی گەلی بێ پەنای ئێمە كردەوە و دووبارە خۆمان گەڕاینەوە بۆ ئێران و هەماهەنگیگەلێكمان ئەنجام دا و ئەم ڕەوتە و پێوەندیانە تا ئەمڕۆكە و لە چوارچێوە و شێوازی جۆربەجۆر بە شێوەی باش ماوەتەوە.
* بە گشتی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و هەروەها بەرژەوەندی و ڕوانگە دژبەیەكەكانی ئێوە لەگەڵ ئێران لە چ ئاستێكدایە؟
فازڵ میرانی: پێویستە بڵێم هاوبەشییەكانی ئێمە و كۆماری ئیسلامی هەم لە ناوخۆی عێراق و هەم لە ناوچە زۆرن، بەڵام بەمەشەوە ئێمە بەشێك نین لە كۆماری ئیسلامی، هەر لەم چوارچێوەیەدا دەكرێت جیاوازیگەلێك لە هەندێ لە بابەتەكان و هەروەها سیاسەتەكانی دوولایەن ببینین ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بنەمای سەربەخۆیی هەردوولایەن كە لەگەڵ پێوەندییە بەرفراوانەكانمان یەك دەگرێتەوە و هیچ دژایەتییەكی لەگەڵ ئەم یەكە نییە، دەبێ جەخت بكەمە سەر ئەوەی هەرچەندە لە هەندێ قۆناغ و هەندێ بابەت جیاوازی و بەرژەوەندی و بۆچوونی جۆربەجۆر هەیە، بەڵام بەرژەوەندی و ڕوانگە و پێوەندی هاوبەشمان زۆر زیاترە لە ناكۆكی و جیاوازییەكانمان. لە قۆناغێكدا كە ئاوەها دەبینرێت ناكۆكیگەلێك لە نێوانماندا هەیە، كاتێك لەسەر مێزێك دادەنیشین، دەبینین زۆر زوو ئەو ناكۆكیانە لەناو دەچێ و ئەمەش خۆی پێوەندی قووڵ و ئاسۆی ڕونی ئەم پێوەندیانەیە.
* وەك ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگر، ئێران گرنگترین دراوسێ و هاوپەیوەندە لەگەڵ عێراق و ئێوەش لەم دیمانەیەدا ئاماژەتان بە پەیوەندی بەربڵاو و دۆستانەی كۆماری ئیسلامی ئێران و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، بەڵام هێشتا دەفرایەتیگەلێكی بۆش لە بوارە جۆراوجۆرەكانی نێوان دوو لا هەست پێدەكرێت و ئەم فەزایەش وەك لەمپەرێك بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان وێنا دەكرێت. هەر ئەم بابەتە دەسكەوتگەلێكی زۆری بەدواوە دەبێت، بۆ وێنە پێدەچێت فەزای باسكراو، بووەتە هۆی قورستر بوونەوەی باری پەیوەندییەكانی هەولێر و توركیا بە نیسبەتی هەولێر و تاران، ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم بابەتە؟
فازڵ میرانی: بۆچوونەكەی ئێوە ڕاستە، بەڵام دەبێت دوو بواری ئابووری و سیاسی لە یەك جیا بكەینەوە و لە ڕاستیدا هەر ئێستاش پەیوەندییە سیاسییەكانی ئێمە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی دەوڵەمەندترە لە توركیا. بەپێچەوانەوە ئەوەی ئێوە باسی لێدەكەن لە بواری ئابووریدایە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی تایبەتی توركیا وەك پردی دوو ئەستوونەی نێوان ئێمە و یەكێتی ئەورووپا كە وەك هۆكارێكی گرینگ لە دەفرایەتی و پەرەسەندنی پەیوەندی ئابووری كاریگەری زۆری بووە. بەڵام بە گشت ئەمانەوە ئێمە هەوڵی زۆرمان داوە لەگەڵ تەواو دراوسێكانمان پەیوەندییەكی تۆكمە و باشمان هەبێت. پەیوەندییە بازرگانییەكانی ئێمە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی لە ئێستادا، گەیشتووەتە شەش میلیارد دۆلار، لە كاتێكدا ڕێژەی پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا زیاتر لە 11 میلیارد دۆلارە. هەڵبەت ئەم ڕێژە لە كاتێكدا كە پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ ئێران تەمەنێكی دوور و درێژتری بە نیسبەت توركیا بووە، دەتوانێ وەك خەسارێك باسی لێ بكرێت. بە لای منەوە هۆی سەرهەڵدانی ئەم خەسارە دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەی نەوت و گازی هەرێم لەگەڵ توركیا و ئامادەبوونی كۆمپانیا نەوتییەكانی توركیا لەم بەشەدا. هۆكارێكی دیكە كە بووەتە هۆی كەم نواندنی پەیوەندییەكانی ئێمە و ئێران، سەرچاوە لە چۆنیەتی ڕووماڵكردنی میدیایی و پروپاگەندەیی شیاو لەم بەستێنەیە دەگرێ، چونكە هەندێك لە هاوكارییە ئابوورییەكانی نێوان ئێمە و كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چەند ساڵێك دەچێت كە بە باشی دەچێتە پێش، كەچی لە میدیاكان كەمتر باسیان لێكراوە و ئاڕاستە كراونەتەوە. بەم هۆیە لای ڕای گشتی واباوە كە پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ ئێران لە كەمایەسیی دایە. ئەمە لە كاتێكدایە كە هەمان میدیاگەل بە باشی ئامادەبوونی كۆمپانیاكانی توركیا و سەرمایەداران لە بوارەكانی نەوتی و گازی كوردستان، بەهۆی ناكۆكی نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا، پڕ ڕەنگتر ڕووماڵ دەكەن و لەو ڕۆژنامانە وا دەردەكەوێت كە ئێمە پشتیوانیی زیاتر دەكەین لە پەیوەندی لەگەڵ توركیا بە نیسبەت ئێرانەوە. بەڵام من لێرەدا و لەسەر ئەم بابەتە داكۆكی دەكەمەوە، كە ئێمە نە لە بەر توركیا پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێران كەم دەكەینەوە و نە لە بەر ئێران پەیوەندی كەمتر دەگرین بە توركیاوە. چونكە ئێمە بەرژوەندی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ هەر دوو وڵات و ئێران و توركیا بە لای ئێمەوە دوو وڵاتی بەتوانا و گەورەن لە ناوچەكە و خاوەن جەماوەرێكی زۆری كوردن. بابەتی مێژوویی و هاورەگەزی وادەكەن كە ئێمە پەیوەندیگەلێكی قووڵ و لە بن نەهاتوومان لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە و بەتایبەت لەگەڵ ئێران هەبێت كە لە باری زمانی، ئایینی، كەلتووری و مێژوویی هاوبەشێكی دێرینمان پێكەوە هەیە. ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق، بەگشتی و لە پارتی دیموكرات، بەتایبەت و بەپێی ئامانجگەلێك كە لە دوا كونگرەی ئەو پارتە جەختی لەسەر كراوە، هەوڵدەدەین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ دراوسێكان پەرەپێبدەین و ببین بە پردێك بۆ ئاشتی و نزیكبوونەوەی زیاتری وڵاتانی هاوێر بە یەكترەوە و بە دیكەی ناوچەكانی عێراق. ئێمە هەوڵدەدەین هەم بەشێوەی ڕاستەوخۆ و هەم وەك حەڵقەی ناوبژیكار ئەم ڕۆڵە ئیجابییە لە نێوان وڵاتاندا بگێرین. واتە گەر زەمانێك كێشەی كورد یەكێك لە هۆكارەكانی تەشەنەسەندنی كێشەكان و شەڕەكان و لەوان شەڕی نێوان ئێران و عێراق بوو، ئێستا ئێمە دەمانەوێ كورد بكەینە هۆكاری ئاشتی و هاورێیەتی تۆكمەتری نێوان ئەم دوو وڵاتە دراوسێیە. بە واتایەكی دیكە دەمانەوێ ڕوانینی نەریتخوازانە و كلاسیك بۆ كورد لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بگۆڕین و كوردی عێراق بكەینە ئەكتەری سەرەكی ئەم مەیدانە.
* لە بەشی ئابووریدا كە ئاماژەتان پێكرد، بابەتی ئامادەنەبوونی جیدی ئێران لە سەرمایەدانەریی بنەمایی و ژێرخان لە هەرێمی كوردستان بابەتێكی بەرچاوە، لە ڕاستیدا بۆ بەشی ئێران لەم بوارەدا بەو ڕادەیە كەمە؟ ئەم بابەتانە تا چ ئاستێك دەگەڕێتەوە بۆ كەمكاری ئێرانییەكان و بە هەند وەرنەگرتنی بازاڕ و بارودۆخی ئابووری هەرێمی كوردستانی عێراق و تا چەند بەهۆی لەبارنەبوونی دۆخەكە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بووە؟ كێشەگەلێك كە لەلایەن هەردوو لاوە لەم بوارەدا بوونیان هەیە، كامانەن؟
فازڵ میرانی: ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەمبارەوە نییە و گەر كێشەیەكیش هەبێت ئەوا لەلایەن ئێرانییەكانەوە بووە، بۆ وێنە كۆمپانیا بەتواناكانی ئێران ڕوو لە هەرێم ناكەن، لە بەرامبەردا ئێمە گرێبەستی باشمان لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئامادەبوو لە هەرێم بەستووە، كەچی ئەوانیش یان پڕۆژەكانیان بە ئەنجام نەگەیاندووە، یان بە نیوەكاری بەجێیانهێشتووە و دەرچوون، یان كوالیتی كارەكان لە ئاستێكی خواردا بوون. واتە ئەو كۆمپانیانەی كە هاتوون توانای بە ئەنجام گەیاندنی بەڵێنییەكانیان نەبووە و زۆربەیان گەڕاونەتەوە بۆ ئێران و ئێمە لەمبار كاربەدەستانی ئێرانیمان ئاگادار كردووەتەوە. هەروەها، لەم سەفەرە، وەزیری ڕێگا و نیشتەجێ بوون دیدارێكی باش و چڕی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی بووە و لەسەر ئامادەبوونی كۆمپانیاگەلێكی دەرەجە یەك و بە تواناتری ئێرانی لە هەرێمی كوردستان، كۆبوونەتەوە. هەڵبەت ئەوە بە مانای لاوازبوونی تەواو كۆمپانیا ئێرانییەكان لە هەرێم نییە و ئێمە بەشێكی زۆر لە پڕۆژە گرینگەكانی ئابووریمان بە كۆمپانیاكانی ئێرانی سپاردووە، بۆ وێنە پڕۆژەی ئاوی عەقەرە كە بایەخەكەی دەگاتە 40 ملیارو دۆلار. ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین، كۆمپانیاكانی ئێرانی، كارەكان بە كوالیتی باڵاوە بە ئەنجام بگەیەنن. تا لایەنی ئێرانی وەك یەكایەتی ئێمە لە دیكەی پڕۆژەكان و كێكەمتەرەكانی گرینگترمان، ئاوڕیان لێبدرێتەوە. بەڵام ئاساییە كە گەر كوالیتی كارەكانیان شیاو نەبێت، ڕوانگەی ئێمەش لەبارەی چۆنیەتی یەكایەتی كارپێسپاردنەكان ئاڵوگۆڕیی پێدا دێت. بەڵام پێویستە جەخت لەوە بكەمەوە كە ئێمە لە حاڵەتی هاوسەنگدا، حەز دەكەین كۆمپانیا ئێرانییەكان بە ڕێژەی دیكەی كۆمپانیا ئامادەبووەكانی هەرێم پێش كەون و زیاترین پڕۆژە بگرنە دەستیان. ئێمە لە بابەتگەلی جۆراوجۆری وەك ئاو، تونێل، سەدسازی، پردسازی، پێویستمان بە كاركردنی كۆمپانیاگەلێكی پسپۆڕ و بە توانایە، هەر بۆیە هەمدیسان داوا لە كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەین كۆمپانیا بەتواناكانی بنێرێتە هەرێمی كوردستان و هەروەها پسپۆڕایەتی و تواناییەكانیان دەستەبەر بكات.
❊ یەكێك لەو بابەتانەی كە لەم ساڵە دواییانەدا بووەتە هۆی جۆرێك بێ متمانەیی و نیگەرانی لە نێوان كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمبەر هەرێمی كوردستان دروست كردووە، بابەتی ئامادەبوونی گرووپگەل و پارتە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی لە خاكی هەرێمە. لە چەند ساڵی ڕابردوو ئاگاداری هەوڵەكانی مسعود بارزانی لەم بوارە بووین، ئەو هەوڵانە توانیویانە تا ئاستێكی زۆر، ئاسایش و هێمنایەتی بگەڕێنێتەوە بۆ سنوورە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا. بەڵام لەگەڵ ئەم هەوڵانەش، هێشتاش ئێرانییەكان، بە دڕدونگی و نیگەرانییەوە دەڕواننە هەرێمی كوردستان، ئێوە بەرژەوەندی بابەتە ئەمنی و ئاسایشەكانی سەر سنووری هاوبەشی ئێران و هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی پارتەكانی نەیاری عێراق لەوێ و كاردانەوەیان لەسەر كۆی پەیوەندییەكان، چۆن تاوتوێ دەكەن؟
فازڵ میرانی: لەمبارەوە دەبێ جەخت لە پەرەنسیپێك بكەمەوە، هاودەروەستەبوونی ئاسایشی سنوورەكانی هاوبەشی ئێمە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی و خودی حكوومەی هەرێمە و هەر وەك پێشتر وتوومە؛ ئێمە بە دوای ئەوەوەین كە ڕۆڵێكی ئیجابیمان لە ناوچەكەدا هەبێ. ئێمە پێشوازی لە بەستێنێكی هاوبەش بۆ جێگركردنی ئاسایشی سنوورەكان دەكەین، كەواتە بەردەوام لەبارەی كێشە ئەمنییەكان لەگەڵ ئێران دانوستان دەكەین و لیژنەیەكی تایبەتیش بۆ ئەم مەبەستە تەرخان دراوە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، جیا لە كەرەت ناكۆكی نێوان كۆماری ئیسلامی و گرووپی پەژاك (كە دەروەستێكیان بە ئێمەوە نییە)، هیچ ڕووداوێكی بەرچاوی ئەمنی لە سنوورە هاوبەشەكانی ئێمە نەبیندراوە. خاڵێكی دیكە لەمبارە چۆنیەتی دابەشبوونی ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێرانیە لە سەر دوو لقی جیاوازی، لایەنگرانی ڕێبازی سیاسی و لایەنگرانی ڕێبازی چەكدارانە. بەشێك لەوان، وەك حزبی دیموكرات زۆرترین چالاكییەكانیان لە بواری سیاسیدا چڕ كردووەتەوە و خۆیان لە پشێوی و نائەمنی كردنەوە دەپارێزن و چالاكی چەكدارانەیان لە ئێران بەلاوە ناوە. ئەوان لە پێناو چالاكی سیاسی، حەز بە پشێوی و ئاژاوە لەم بوارەدا ناكەن و خۆیان بە ئێرانی دەزانن و نایانەوێ بە وڵات و هاونیشتیمانییەكانیان خەسار بگەیەنن. حكوومەتی كۆماری ئیسلامیش لە ڕەوتێك كە ئەم گرووپانە گرتوویانە پێش (وەك خۆ بە دوورگرتن لە خەباتی چەكدارانە)، تا ڕادەیەك ڕازییە و ئەمە بووەتە هۆی جێگیربوونی پاوەجێی و ئاسایش. بەڵام بەشێكی دیكەی دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی "پژاك" كە بە بڕوای من، جێی كۆنترۆڵە. لەمبارە ئێمە تەنیا دەتوانین لە بەشێكی كەمدا هەوڵ بدەین، بەشەكانێ دیكە لە ئەستۆی خودی كۆماری ئیسلامییە كە دەتوانێت لە ژێر سێبەری پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ پارتە كوردەكانی توركیا و عێراق، كێشەكان چارەسەر بكات، هەر وەك ئاماژەت پێدا، چالاكیگەلێكی باش لەم بوارەدا كراوە و ئێستا دەبێ ئەم چالاكیانە بەردەوام بێت و دەسكەوتێكی ئیجابی و پڕ لە ئاسایشی بۆ پاوەجێیی ناوچە لێبكەوێتەوە.
* لە دوای دابەزینی جۆرێك خۆبەڕێوەبەری ڕێژەیی لە باكووری عێراق و بە تایبەت كاتێك كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەی فەرمی لە عێراقی نوێ دامەزراوە، شایەدی پەرەسەندنی پەیوەندییەكان و هاتوچووەكانی جەماوەری لە دووبەری سنوور بووین و لەم چەند ساڵە دواییە تەنانەت شایەدی جۆرێك پێشوازی لای جەماوەری غەیری كورد لە ئێرانەوە بۆ خاكی هەرێمی كوردستان بووین. لێكدانەوەی ئێوە لەبارەی پەیوەندیی نافەرمی شارومەندانی هەردووبەری سنوور پێكەوە چییە و چ ڕێكارگەلێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئاسانكاری بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و كەلتووری جەماوەریی عێراق و ئێران، پێشنیار دەكەن؟
فازڵ میرانی: ئێمە پەیوەندییەكانی نێوان نەتەوەی كورد لە عێراق و جەماوەری كوردی ئێرانی وەك پەیوەندی خزمایەتی و بنەماڵەیی دەزانین كە تەنانەت لەوپەری سنوورەكانی دیاریكراوی سیاسی و تەنگەژەكانی دەوڵەتانی سەردەم و سنوورە سیاسییەكانیش نەیانتوانیوە پێش بەم پەیوەندییانە بگرن. تەنانەت لە سەردەمێكیشدا كە سنوورەكانی ئێران و عێراق داخرابوون و ئەمان بەرگرییان لە پەیوەندییەكان دەگرت، لەو كاتەشدا جەماوەری كورد لە ڕێگا نافەرمییەكان و بە شێوەی قاچاخ سەردانی یەكتریان دەكرد. ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو و بە خۆشحاڵییەوە، ئێستاكە ڕووبەڕووی كرانەوەی سنوورەكان و پەیوەندی باشی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستانیش، جەماوەر بە ئاسانی و بە شێوەی یاسایی دەتوانن هاتووچۆ و سەردانی یەكتر بكەن. لێرە دەبێ سوپاسی خۆمان ئاڕاستەی كۆماری ئیسلامی ئێران بكەین كە سنوورە هاوبەشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و بە تایبەت سنوورەكانی حاجی ئۆمەران، پێنجوێن، مەریوان، باشماخ و پەرویز خانی وەك سنوورێكی فەرمی و نێونەتەوەیی پەسەند كردووە. ئێستا بە پەساپۆرت و بە ئاسانی سەفەری شارۆمەندانی دوو لایەن بە ئەنجام دەگات. هەڵبەت دەبێ بڵێین كە كۆماری ئیسلامی ئێران یەكەمین وڵاتێكە كە لە هەولێر و سلێمانی كونسووڵی دامەزراندووە و پەیوەندی فەرمی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرەپێداوە. ئێمە ئەم كردەوە وەك پشتیوانیی كۆماری ئیسلامی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێناسە دەكەین، چوونكا ئەم كردەوە، كاریگەری باشی لەسەر وڵاتانێ دیكە داناوە بۆ كردنەوەی كۆنسوولگەری لە هەرێم.
* جۆری ڕوانینی جەماوەری كوردی عێراقی بۆ سەردانی ئێران بە ڕێژەی توركیا و دیكەی وڵاتانی ناوچە چۆنە؟ فازڵ میرانی: لەبارەی كوالیتی و چەندایەتی سەفەری جەماوەری بۆ هەردوولای سنوور، دەبێ بڵێیم، جەماوەری ئێمە ڕوویان لە ئێران ناوە، چوونكە بەشێكی زۆر لە جەماوەری كوردی عێراقی بە باشی ئاخاوتن بە زمانی فارسی دەكەن یان بە لانی كەم لێی حاڵی دەبن. نرخەكان و تێچووەكان لە ئێران بۆ ئێمە كەمتر و گونجاوترە، كەواتە پێشوازی كوردی عێراقی لە سەفەر بۆ ئێران زۆر زیاتر و دڵخوازانەترە لە سەفەر بۆ توركیا و وڵاتانی عەرەبی یا بەشە عەرەبنشینەكانی عێراق. بەم پێیە پەیوەندی كۆمەڵایەتی، زانستی و كاری لە نێوان شارۆمەندانی ئێران و هەرێم زیاتر بەر چاو دەكەوێت و جەماوەرێكی زۆر لە قوتابی و مامۆستایانی ئێمە لە زانكۆكانی ئێران درێژە بە خوێندن و توێژینەوە دەدەن، یان لە كارخانەكان و ئیدارەكانی ئێرانی وەك فەرمانبەر چالاكن و بەشێكی زۆری دیكەش بە مەبەستی گەشتیاری و كاروباری تەندروستی و پزیشكی سەردانی ئێران دەكەن.
❊ بەڵام بە گشت ئەم پێشوازییانە لە هەر دوو لا، ژمارەی گەشتی ئاسمانی ئامادە، ڕێژەیەكی زۆر پایینە، لەمبارەوە چی دەڵێن؟
فازڵ میرانی: ڕاستە و بەم پێیە، ئێمە داواكاری پەرەپێدانی ڕێگاكانی پەیوەندین، بۆ وێنە ئێمە داواكاری زیادكردنی ژمارەی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان هەرێم و ئێرانین. ئێمە لە نێوان هەولێر و تاران، تەنیا یەك گەشتمان لە هەفتەدا هەیە، لە كاتێكدا لە نێوان هەرێم و عەممانی پایتەختی ئۆردۆن11 گەشت لە حەوتە، لەگەڵ دوبەی9 گەشت و لەگەڵ توركیا8 گەشت ئامادەیە. كەواتە لەگەڵ دڵخوازی و خواستی جەماوەری و پەیوەندی باشی دوولایەنە، كەمایەسی گەشتەكان تا ئاستی یەك گەشتی هەوایی، نەگونجاوە و دەبێت هەوڵی زیاتری بۆ بدرێت. هەروەها هیوادارم هێڵی پەروازی ئەربیل و ورمێ بۆ ئەو كوردانەی كە ئیشەكانیان لە شارە سەرسنوورییەكانیش چارەسەر دەكرێت و پێویست ناكات بچنە تاران، چێ بكرێت. سەرجەم ئێمە بە دوای زیادكردنی ژمارەی گەشتە ئاسمانییەكان بە شێوەی ڕۆژانەین. ڕەنگە بوترێت كە هەرچەندە ژمارەی پەروازەكان كەمن، هاتووچۆی زەوینی بەربڵاوە. لە وەڵامدا دەبێ جەخت لەوە بكەم كە بەپێی كوێستانی بوونی زۆربەی سنوورە هاوبەشەكان، لە زستاندا بەفر و كڕێوە و بەسترانی جاددەكان، گرفتێكی بەرچاوە لە بەر دەم ئەم رێگایە. بۆ وێنە لە نێوان حاجی ئۆمەران و پیرانشار و دواتر رێگاكانی نێوان تەورێز و مەرەند و زەنجان و تاكستان لە زستاندا دەبێتە بەستەلەك و جەماوەر ناتوانن بە ئاسانی و بە ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان بەرەو ئێران و پایتەختەكەی هاتووچۆ بكەن. هەروەها شیاوی ئاماژەیە، لە گشتیدا پەیوەندییەكانی كۆمەڵایەتی نێوان هەردوولا زۆر باشە و بە ڕاستی زۆربەی جەماوەری كوردی عێراقی كە بە هۆگەلی جۆراوجۆر سەردانی ئێران دەكەن، لە گەڕانەوەیان لە گەرم و گوڕی و میوانداری جەماوەر و ڕووخۆشی كاربەدەستانی ئەو وڵاتە باسدەكەن و لەمبارەوە زۆر دڵخۆشین.




