ئەگەر بتانەوێت پارتی پێشوازیتان لێ بکات، جارێ واز لە زمانی "دەبێ" بێنن

عەبدولسەلام بەرواری
ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان رادەگەیەنێت: "دەبێ پارتی پیشوازیی لە شاندە هاوبەشەکە بکات.. دەبێ رێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکریت."
ئەمە لە کاتێکدایە گۆڕان حزبێکی لۆکاڵی دۆڕاوە و پارتییش خاوەنی زۆرینەی دەنگەکان و گەورەترین فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکانە.
ئەمە یەکەمین جار نییە بەم زمانە و بەم لۆژیک (منطق)ـە سەرکردەکان و کادیرانی گۆڕان قسە دەکەن، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە ئەمە شێوازی بیرکردن و دەربڕینیانە: کەمینەیەک بە مافی خۆی دەزانێت تەنیا خۆی وەک نوێنەری خەڵک سەیر بکرێت، ڕا و بۆچوونەکانی بەهەند وەربگیرێن، یاساکان بە مەیل و زەوقی ئەوان دەربکرێن، سازان بە مانای خۆسەپاند بەسەر لایەنەکان بێت.
ئەگەریش لایەنەکانی دیکە گوێڕایەلیان نەبن، ئینجا دەست دەکەن بە تەپڵلێدانی ناو هۆڵی پەرلەمان و فیکە و بایکۆت و چەواشەکاری و درۆ و هەڕەشە، تا دهیگەیێننە بایکۆتی دەوام و چۆڵکردنی قوتابخانەکان و ئاژاوە و سووتاندنی بارەگا و کوشتنی پاسەوان و مێرمنداڵ و هەڕەشەی جیابوونەوە و، رێگری لە هەر پرۆژەیەکی نیشتمانی.
ئەوەی سەیری رابردووی رێکخەر و هەموو دەسەڵاتبەدەستانی گۆڕان بکات و، رابردووی زۆربەی کەسە دیارەکانی ناو ئەم حزبە بزانێت، باش تێدەگات لەم شێوازە سیاسەتکردنە، چونکە بنەمای کەمینەی خۆسەپێنەر داهێنانی گۆڕان نییە، بەڵکو پێش زیاتر لە سەد ساڵ بانگەشەی بۆکراوە و بە شانازییەوە بە (دیکتاتورییەت)ـی ڕەوا دانراوە.
ئەوکات (بەلشەفییەکان) کەمینەیەک بوون لەناو کۆمۆنیستەکانی رووسیادا و (لینین) بانگەشەی (دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا) دەکرد، بەو بەهانەی کە چینی کرێکار و جووتیار زۆرینەی میللەت پێکدێنن و، چونکە ئەوان (بەلشەفییەکان) تاکە نوێنەری ئەم چینەن، بۆیە بە مافی خۆیان دەزانن تاکە دەسەڵاتدار بن و رێگا نەدەن هیچ حزبێکی تر هەبێت و ئەگەر ئەم بە (دیکتاتۆرییەت)ـیش دابنرێت، دیکتاتۆرییەتێکی ڕەوایە.
پاشخانی مارکسی-لینینیی سەرکردەکانی گۆڕان هێشتا لەو دونیایەی پێش سەد ساڵ دەژیێت و، لە خەیاڵی خۆیاندا ئەوان تاکە نوێنەری زۆرینەی خەڵکن، بۆیە (دەبێ) ئەوانی تر گوێرایەڵیان بن و بە فیتی ئەوان بجووڵێن، لە بیری خۆیشیان دەبەنەو کە نە ئەوان و نە سەرکردەکەیان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ لینین و بەلشەفییەکان بەراورد ناکرێن.
گۆڕان دەرفەتێکی زێرینی لەدەست دا و نموونەیەکی زۆر خراپ و سەقەتی حوکمڕانیی پیشان دا. ئەگەر پارتی و یەکێتی بە درێژایی بیست ساڵ و لەژێر کاریگەریی هەلومەرجی تایبەتدا لە چەند بوارێکدا هەڵەیان کردبێت، ئەوا گۆڕان لە کەمتر لە دوو ساڵ بە هەمان ئەندازە هەڵە و پیشێلکاری و گەندەڵیی کرد.
کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سێ لە گرینگترین وەزارەتیان بەدەستەوە بوو، پەنایان بردە بەر ئاژاوە و بانگەشەی (رووخانی دەسەڵات)، ئیتر هیچ بنەمایەک بۆ رێککەوتن لەگەڵیان نەما.
ئێستایش ئەگەر نیازیان بێت بگەڕێنەوە گۆڕەپانی سیاسەت و حوکمڕانی، پێویستە باش سەنگی خۆیان و تواناکانی خۆیان بزانن و یەکەمین هەنگاو ئەوە بزانن کە بە زمانی (دەبێ) لەگەڵ پارتیدا قسە ناکرێت و ئەوان لەوە بچووکترن پارتی ناچار بکەن لەگەڵیان دابنیشێت و حکوومەتیان لەگەڵ پێکبێنێت.




