٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

هەمیشە رێگایەك هەیە بۆ چارەسەر

سەرچاوە: KDP.info

د.سالار عوسمان

بەرلەهەرشت، دەبێ ئەو هەڵەیە راست بكەینەوە، كە گرفتی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا، تەنیا بریتی نییە لە گرفتی نێوان پارتی و گۆڕان، راستە ئەمە یەكێكە لە گرفتەكان، بەڵام كۆمەڵێك گرفتی سیاسی تریش هەن، كە هەریەكەیان بەشێكن لەكۆیەكدا، كۆیەك خەریكە هەرێمی كوردستان بخاتە نێودۆخێك لە چەقبەستوویی سیاسی، كە بێگومان هەموو لایەك: (هاووڵاتی، هەرێمی كوردستان، حزبە كوردییەكان و پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان) زەرەری سیاسی و كۆمەڵایەتی و كه‌لتووری لێ دەكەن، زەرەرێك كە لەزەمەنی بەڵام وەدیارناكەوێت، بەڵام دواتر دەرهاویشتە نێگەتیڤەكانی وەدیاردەكەوێت و دەبن بەبەشێك لە گرفتی سیاسی و رۆدەچنە نێو كایە كۆمەڵایەتی و كه‌لتوورییەكانەوە .


هۆكارە هەرە سەرەكییەكانی گرفتی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا بریتین لە:
1- دیموكراسی و ئیشكالیەتەكانی
2- نەخوێندنەوەی واقیعی سیاسی
3- دەوروبەرێكی ناحەزی بەرژەوەندخواز
لەوانەیە لێرەدا نەپڕژێینە سەر قسەكردنی قووڵ لەبارەی هەریەك لەو گرفتە سەرەكییانە، بەڵام هەر بە كورتی دەكرێ بڵێین:


- دیموكراسی نەبۆتە كه‌لتوور و لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی (1992)ەوە تا ئێستا، وەك ئیشكالیەتێكی چارەسەرنەكراو ماوەتەوە.
- واقیعی سیاسی هەرێمی كوردستان، بەواقیعە نێوخۆیی و دەرەكییەكەیەوە، واقیعی تەوافوقات و تێگەیشتنی سیاسین و بەدەر لەو میكانیزمە هیچ میكانیزمێكی تر هەڵگری چارەسەر نییە؟
- وڵاتانی دەوروبەر، تەنانەت بەغدایش، كە ئێستا لەوپەڕی خراپیدایە، قازانجی كوردیان ناوێت و هەریەك بەجۆرێك بەدوای شكاندنی كورد و بەرژەوەندییەكانی خۆیانن.


دیارە لەپاڵ ئەم گرفتە سەرەكیانە، گرفتی لاوەكیش هەن، لەوانە: میدیا، تایبەت ئەم میدیا دەمهەراشەی لەچركەساتی ململانێكاندا تەڕ و وشك بەیەكەوە دەسووتێنێ، سنوور دەبەزێنێ و لۆژیك و ئەقڵانیەت لەدەست دەدا، هەر بەنموونە (KNN لەهەفتەی ڕابردوودا).


یەكێ لە ئیشكالیەتەكانی میدیای دەمهەراش بریتیە لەوەی بوارێك ناهێڵێتەوە بۆ چارەسەر، هەموو رێگاكان قوفڵ و دەرگاكان كڵۆم دەدات، ئەو میدیایە لەهەناوی خۆیدا گوتارێك بەرهەم دێنێت، گوتاری شەڕ و سڕینەوەی بەرامبەر، گوتارێك شوناسەكەی، دیدگا و چارەسەرییەكانی دیكتاتۆریانەیە، ئەگەر لە فۆرمیشدا بانگەشە بۆ دیموكراسی بكات !

دەمێنێتەوە بڵێن: گرفتی سیاسی چەند قووڵ بێت، هەمیشە رێگایەك هەیە بۆ چارەسەر، بەڵام كێن ئەوانەی چرای ئەم چارەسەرە هەڵدەكەن، پێموایە لە پاڵ سیاسییە بەخەمەكانی ئەم وڵاتە كە لەهەموو حزبەكاندا بوونیان هەیە و چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەكرێت ڕۆڵی چارەسەر و ئاو بە ئاگرداكردن بگێڕن، میدیا رۆڵێكی كارا و كاریگەر دەبینێت، تایبەت لە بنیاتنانی گوتارێكی چارەسەرئامێز، چونكە ئەوەی ئێستا میدیا لە كوردستان دەیكات قووڵكردنەوەی گرفتە سیاسییەكانە و هیچی تر، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە هاوڵاتیان لە میدیا بپرسنەوە، پرسینەوەیەك بە ئاراستەی : (میدیا : ئەرك و پیشەییبوون لە هەرێمێكی بەر لەقۆناغی دەوڵەت)، بەواتایەكیتر، هاووڵاتی نابێ هەر وەرگرێكی میدیایی بێ دەسەڵات بێ (مەبەست لە دەسەڵات بیركردنەوەیە)، دەبێ بیربكاتەوە، لەكوێ میدیا پێی خستە نێو لیتاوی فیتنەوە، لەوێ دەسەڵاتی بیركردنەوە بەكاربێنێت و رایبگرێت !! ....


میدیا دەتوانێ لەگەڵ پرەنسیپی روونی(هەمیشە رێگەیەك هەیە بۆ چارەسەر) رۆڵ ببینێت، بەشداربێ و لەهەڵكردنی چرای چارەسەری سیاسی بەیداخ هەڵگربێت!.

هەواڵی پەیوەندیدار