سەربەخۆییی دادوەری

ئاریان فەرەج
چەند ساڵێك بوو، ئەوانەی لە ژێر رووپۆشی ئۆپۆزسیۆندا، دژایەتی كۆی دەزگا و دامەزراوەكانی كوردستانیان دەكرد و، راسپێردرابوون متمانە لە نێوان خەڵك و دەزگا نیشتمانییەكاندا نەهێڵن، دامەزراوی داداوەرییان بە ئامانج گرتبوو.
ئەو دامەزراوەیەی، لە پاڵ دەزگاكانی ئاسایشدا، توانیبوویان كارێك بكەن كوردستان لەنێو ئاگربارانی دەوروبەرەكەیدا نیعمەتی تەناهی و ئارامیی تێدا بەرقەرار بێت و، تەنانەت ببێتە نەوای ئارام بۆ ملیۆنان خەڵكی ئاوارە و پەنابەر.
بەو گومانەی، ئەوسا و ئێستاش، لەسەر دەزگای دادوەری دروستیدەكەن و هەوڵدەدەن رای گشتیی لێ خانەگومان بكەن، مەبەستیانە خەڵك باوەڕیان بە یاسا و دادگا نەمێنێ و، بۆ چارەی ئاریشەكانی نێوانیان و وەرگرتنی ماف و بەدیهێنانی عەدالەت، لە جیاتی پەنابردن بۆ دادگا، بەدەست و بازووی خۆیان حەقی خۆیان بستێنن، بەوەش شەرعی دارستان جێی یاسا بگرێتەوە و كوردستان ببێتە گێرەیەكی شێواو و بەرەلڵاو بێ ساحێب.
لە سایەی ئەو فەوزایەشدا، هەم بەهێز بێ هێز بخوا و هەم بەناوی ئۆپۆزسیۆنكارییەوە بێ ترس تەراتێنیان بێ و بێ سڵەمینەوە بەرژەوەندی و ئاسایشی گشتی تێكبدەن و كەس نەبێ لێیان بپێچێتەوە و، دواجاریش بڵێن : كوردستان بۆ سەربەخۆیی ناشێ، چونكە نە یاسا سەروەرە و نە دادوەری سەربەخۆیه. ئەوەش كرۆك و ئەسڵی مەبەستەكەیانە.
لە هەموو دونیادا، یەك لە پێوەرە هەرە سەرەكییەكانی بێلایەنی و باڵادەستیی یاسا ئەوەیە، بتوانێ لە خەڵكانی خۆبەشتزان و هەژمووندار و بێ منەت و پشت قایم بپێچێتەوە و، تەنیا بە هاووڵاتی سادە و بێ دەسەڵات نەوێرێ.
لە سەركەیسە گەورە و مەترسیدارەكان بێتەجواب و كۆمەڵگە لە هەڕەشە و شەڕی شەڕانگێزان بپارێزێ و، تەنیا بە بابەتە لاوەكی و ساكارەكانەوە سەرقاڵ نەبێ. مودەعیی مافی گشتی و داكۆكیكاری بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل بێ و، بتوانێ دەستی تۆمەتباری بۆ هەر كەس و لایەن و گرووپێك درێژ بكات كە مەترسی بن بۆ سەر ئارامیی ژیانی خەڵك.
یەك لە پێوەرە هەرە سەرەتاییەكانی راستگۆیی هەر كەس و لایەنێكیش، كە ئیدیعای یاساسەروەری و مەدەنیەت و عەدالەتخوازی دەكات، ئەوەیە، لەبەرامبەر هەر تۆمەت و لێپرسینەوە و داواكارییەكی یاساییدا، پێش هاووڵاتی ئاسایی و بێ دەسەڵات، بچێته بەدەم دادگا و رێز لە داواكاری گشتی بگرێ و بیسەلمێنێ لەگەڵ ئیدیعا و دروشمەكانی راستگۆیە و، خۆی بكاتە نموونە بۆ كەسانی دیكە. نەك لە یاسا یاخی و بێ منەت بێ و، بە جنێو و سووكایەتی پێكردن وەڵامی تەبلیغی دادگا بداتەوە.
خۆ ئەگەر لە پاكی و بێ تاوانی خۆی دڵنیایە، ئەوە دەبێ خێراتر بەدەم دادگاوە بچێت و فورسەتی سەلماندنی بێتاوانیی خۆی بقۆزێتەوە.
لە كەیسی هەڕەشەی كوشتنی كونسوڵەكان و رفاندنی ئەندازیارانی بیانی و تێكدانی ئاسایشی گشتیدا، كە رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان تێیدا تۆمەتبارە، داواكاری گشتی و دادگا تەنیا و تەنیا ئەركی خۆیان بەجێهێنا و بەو پرنسیپە كاریان كرد كە هاووڵاتیان جا هەر پلە و پۆست و پایەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتییان هەبێ، لەبەردەم یاسادا یەكسانن و نابێ هەڵاوێرد هەبێ، بۆیەش، بە پێی بەڵگەكانی بەردەمیان داوای ئامادەبوون و ئیفادەی رێكخەرەكەی گۆڕانیان كرد و هەر بە پێی ئەو یاسایەش، كە خودی پەرلەمانتارەكانی ئەو بزووتنەوەیەش بەڵێیان بۆ كردووە، رێكخەرەكە ئاگادار كراوەتەوە كە ئەگەر ئامادە نەبێت، دەستگیر دەكرێ. كەچی ئەوان لە جیاتی رێزگرتنی یاسا و ئامادەبوون و ئیفادەی یاسایی، بە شاڵاوێكی بێ وێنەی جنێودان و سووكایەتی و بێڕێزی وەڵامیان دایەوە و یاخی بوونیان لە یاساكانی وڵات ئیعلان كرد.
كەواتە، دامەزراوی دادوەری لە كوردستاندا كاری خۆی كرد و، سەلماندی كە بایی هێندە سەربەخۆ و بەهێزە بتوانێ تۆمەتبارە گەورەكانیش وەك هەرهاووڵاتییەكی تۆمەتباری بێ پشت و پەنا پەلكێشی دادگا بكات، حەرەكەی گۆڕان و رێكخەرەكەشی، كە لە یاسا یاخی بوون، سەلماندییان تا سەر ئێسقان دژی یاساسەروەری و بەدامەزراوەیی بوون و، عەدالەت و مەدەنیەت و شارستانخوازین و هەڵوێست و كردەوەكانیان پێچەوانەی كۆی ئیدیعا و دروشمەكانیانە.




