٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئەرکى ڕۆشنبیر لە بڵاوکردنەوەى مەعریفەتدا

سەرچاوە: KDP.info

سامان ڕەشید

لە گفتوگۆیەکى نێوان سوکرات و گۆرگیاسدا، کۆمەڵێک پرسیارى جەوهەرى لەلایەن سوکراتەوە ئاراستەى گۆرگیاس سەرمەشق و سوارچاکى سۆفستاییەکان دەکرێت سەبارەت بە هونەرى گوتنەکان، گوتاربێژیى (ڕۆشنبیر) و ماهییەت و ئەرکە ئەخلاقییەکانى بەرانبەر بە کۆمەڵگا و تاچەند مەعریفەت بوونى هەیە لە پەیامیان و ڕەهەندەکانى پەیوەست بە گوتاربێژى. دەرئەنجام هەردوولا دەگەنە ئەو قەناعتەى کە  باوەڕهێنانى بەرانبەر ئامانجى سەرەکى گوتاربیژییە، لەم ڕوانگایەوە سوقرات دوو چەشن لە گریمانە دەخاتە ڕوو، یەکەمیان سروشتى هێزى ئەو قەناعەت و باوەڕهێنانە زادەى مەعریفەیە و دووەمیان زادەى وەهم و وازانینە، بەم پێیەش دەکرێت باوەڕهێنان و قەناعەتى بەرانبەر زادەى مەعریفە بێ، یان بەرمەبناى وەهم بێت. ئەم پێشەکییەم بۆ ئەوە بوو ئایا ڕۆشنبیران (گوتاربێژان)ى ئەمڕۆى کوردستان تاچەند هێزى باوەڕهێنانیان پڕچەکە بە مەعریفە؟ یان زادەى وەهم و خەیاڵە و، خاڵییە لە ئەرگۆمێنتى ڕیالیستى؟ ئەى بەرژەوەندوى گشتى و پێویستى و کات و حەقیقەت و لۆجیک تا چەند بوونى هەیە لەو ئایدیا و تێزانەى ئەمڕۆ کۆمەڵێک گوتاربیژان تەسویقى بۆ دەکەن؟ ئەى ئەوانەى کە ناو و پیناسەى ڕۆشنبیریان خڕاوەتە پاڵ تاچەند ڕچاوى پره‌نسیپ و ئاکارى رۆشنبیرى و مەهام و ئەرکە سەرکییەکانیان کردووە؟ ڕەنگە هەر یەک لەم پرسیارانە بابەتێک بن بۆ خۆیان لێره‌دا نەتوانین وەک پێویست قسەى لەسەر بکەین، بەڵام بە شێوەیەکى گشتى، ئەمڕۆ لە هەریمى کوردستان شێوەیەک لە فۆرمى قەناعەت (باوەڕ)پێهینان لەلایەن هەندێک لە گوتاربێژانەوە هەیە کە هێز و باوەڕهێنانى بەرانبەریان وەهمە و ئامرازى سەرەکییان وشەی ڕەق و زبر و تەنانەت جنێویش لەخۆ دەگرێت، بەبێ ڕچاوکردنى شارەزایى لە سیکتەرە جیاوازەکان، ئەم گوتاربیژانە قسە لەسەر هەموو بابەتێکى کۆمەڵگاى ئیمە دەکەن لەژێر ناوى ڕۆشنبیر، قسە و باس لە سیاسەت و ئابوورى و سەربازی و جڤاكى و هەموو بابەتێکى پەیوەست بە هەرێمى کوردستان دەکەن. ئەم جۆرە بەناو ڕۆشنبیرانە ماوەیەکى دوورودرێژە کار بەو میتۆدە دەکەن و کاراساتەکەش لەوەیە زۆربەیان بوونەتە ئامرازى سیاسى، بێئەوەى خۆیان درک بە ئەوە بکەن، لەوەش کاره‌ساتبارتر ئەوەیە کاتێک وشەى نەشیاوى قەڵم و زارى ئەو گوتاربیژانە و توڕەیى ڕەفتار و گۆفتار و ئایدیاى دژبوونیان وەک کەلتوورێک بڵاو بکەنەووە و، هاونیشتمانیان قەناعەت و باوەڕى پێبکەن، بێئەوەى مەعریفە و بەرژەوەندیى گشتى و لۆجیک و حەقیقەت بوونى هەبێت لە تێز و دەربڕینەکانیان، ئەمەش وایکردووە وەرگرانى ئەم فۆرمە لە گوتاربێژانى هەرێمى کوردستان، تاکێکى تووڕە و خاوەن مەعریفەیەک بن کە ڕاستى و لۆجیک و بەرژەوەندییەکانیان غائبە، بێئەوەى درکى پێبکەن، چونکە وزەى عەقڵى ئەم تاکانە لە وەهم و ئامانجێکى دیاریکراوە و لەسەر وەهمى باوەڕهێنانەوە سەرچاوەى گرتووە، کە ئەو فۆرمە لە گوتاربێژان ڕۆژانە دەرخواردیان ئەدەن بەمەبەستێکى دیاریکراوى سیاسى. هەرکاتێکیش هێزى باوەێهێنانى گۆتاربێژ (ڕۆشنبیر) یان سیاسى وەهم و ڕق و بەرژەوەندیى کەسى و حزبى و دژبوون و ڕەتکردنەوەى بەرانبەر بێت. ئەوە بێگومان مەعریفەیەکى نادروست بڵاوە پێدەکەن کە ئەتوانین بە مەعریفەیەکى نەخۆش یان ڤایرۆساوى بیناسێنین و، دەرئەنجامەکەشى کۆمەڵگا و تاکەکانى بەرەو کەلتوورێک دەبات کە مەعریفەى زانین و لۆجیک و حەقیقەت و واقع تیایدا ونە.
ئەمڕۆ ئەرکى ڕۆشنبیر ئەوەیە لە هەرێمى کوردستان قسە لەسەر ئەو مەترسییانە بکات کە ڕووبەروى هەرێمەکەمان بووەتەوە، نەک خۆیان بببنە ئامرازى مەترسى بۆ سەر ئەزموونەکەمان. قسە لەو دەرفەتانە بکەن کە 100 ساڵە چاوەڕێى دەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجى هەمووان کە سەربەخۆیی نیشتمانەکەمانە، نەک کار بۆ لەناوبردنى دەرفەتەکان بکەن. قسە لەسەر ئازایەتى و مەردایەتیى پێشمەرگە و بەرزکردنەووەى ورە و مۆڕاڵیان بکەن،  نەک بەویست یان بێ ویست ببنە هۆکار بۆ دڵەڕاوکێ و دابەزینى ورەیان. قسە لەسەر چۆنێتیى تێپەڕاندنى قەیرانى ئابوورى بە شێوەیەکى زانستى بکەن، نەک خۆیان ببنە بەشێک لەقەیران. قسە لەسەر چۆنێتیى دروستکردنى ئیرادە و بڕوابەخۆبوون و ئینتیما لاى تاکى کورد بکەن، نەک ببنە مایەى کاڵکردنەوەى خۆشەویستى بۆ نیشتمان و تێکشکاندنى ناخى تاکى کورد. قسە لەسەر هێز و کاریگەرییە پۆزەتیڤەکانى سازان و هەرەوەزى و پێکەوکارکردنى حزبە کوردستانییەکان بکەن، نەک ببنە بەشێک لە هۆکارەکانى لێکترازان و بڵاوکردنەوەى بێمتمانەیى.

هەواڵی پەیوەندیدار