ناکۆکییە نێوخۆییهكان تێچووی زۆرە

حوسێن کوردنەژاد
دەتوانین ئیدیعا بکەین کە زۆر جاران بارودۆخی باشووری کوردستان بە شێوەیەکی ساکارانە شیی دەکرێتەوە، نەتیجە و ئاکامی سیاسی لێ وەردەگیرێت و ستراتێژی جیاوازی ئەحزاب لەسەر ئەم بنەمایە دادەرێژرێت و مێژوو و ئێستا تێکەڵ دەکرێت، کۆمەڵگای لاواز(بە شێوەیەکی مێژوویی) و بارگرانیی کوردی تووشی تەنگوچەڵەمە دەبێت.
حەق نییە وابێت، زوڵمە، نابێ میللەت تا ئەم ئاستە تووشی قەیران و ناراحەتی بکرێ و تەنانەت چارەنووسیان لێڵ و ناڕوون بکرێتەوە.
گرفتەکانی باشووری کوردستان رێژەیەکی زۆریان گرفتی پێکهاتەیی و ستراکچراڵن، ئەمە دێتە چ واتایەکەوە و مەبەست لەم قسەیە چییە؟
یەکەم: باشوور وڵات نییە، لەبەر ئەوە کە دۆخی(ستاتوس)ی یاسایی دیار نییە و بوونێکی دیفاکتۆیە. بەڵام کە چاو لە گوتاری ئەحزاب دەکەی وەک وڵاتێک باسی دەکەن و بەوپێیەش ئەولەوییهتەکان دادەڕێژنەوە، ئەمە بناغەی دژبەریی ئەحزاب پێک دێنێت و گوتارەکانیان دەکەونە دژی یەکترهوه.
دووەم: گرفتی ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان؛ پێکهاتەیین و بە هیچ حزب و بەرنامەیەک و حکوومەتێکەوە لە کورتخایەندا چارەسەر ناکرێن. ماوەیەکی دوورودرێژ، ئارامی و سەقامگیریی جێگیر، سەروەری و سیادەی بە رەسمی ناسراومان پێویستە تاکوو بتوانین ئەم گرفتانە چارەسەر بکەین.
سێیەم: گۆڕانی ژیئۆپۆلیتیکی ناوچە، گۆڕانێکی ستراکچراڵە کە لە دەرەوەی ئیرادە و ویست و پلانی کوردە، هەرچەندە بۆ خۆی ئاکتۆرێکە لەم مەیدانەدا، بۆیە دەبێ لەگەڵ ئەم پرۆسەیەشدا هەڵسوکەوت بکەین و سیاسەتمان بۆی هەبێ.
جیاوازیی ئەحزاب لە گوتار و لە تێگەیشتن لە بارودۆخی وڵات لە بارودۆخێکی نۆرماڵدا رەنگە سروشتی بێ و جێگای نیگەرانییش نەبێت، ئەوەی جیاوازیی ئەحزاب لەسەر بنەمای خەراپ تێگەیشتن لە وڵات، مەترسیدار دەکات، بریتییە لە عومقی ژیئۆپۆلیتیکی و درێژەی خیلافات لە سیاسەتی ناوچەدایە، کە رێگا خۆش دەکات بۆ دوژمنان. ئەگەر بێتوو ئاگامان لەم لایەنەی گرفتەکانمان نەبێت، دەتوانین و مومکینە ببینە ئامرازی دەستی دوژمنان.
کە زانیمان گرفتەکان کاتیان گەرەکە و هێز و ستاتوسی نەتەوەییان گەرەکە، ئەودەم گشت پرۆپاگاندای بریقهدار و قسەی خێر بۆ دێمۆکراسی و..... نابنە هیچی تر جگە لە دێماگۆژیی تێکدەر و پۆپۆلیزمی خەڵک ورووژێنەر. ئەم سیاسەتە هەڵەیە. هیوادارم بە تایبەت بزووتنەوەی گۆڕان لە توانایدا بێت کە بگاتە واقیعی سەر عەرز و بەوپێیە سیاسەت بکات.
سەرۆکی هەرێم دیاریکردنی چارەنووسی ستاتوسی نەتەوەییی کوردی کە ئێستا نادیارە و ناوچەش بەرەو گۆڕان دەڕوات، لە خۆی و لە میللەت کردوویەتی بە ئەولەویەتی یەکەم. ئەگەر بێتوو ئەحزابی تر ئەولەویەتی تریان هەبێت، دیارە ناکۆکی دەبێتە ئاکام. لەم خاڵەدا رێگا دەکرێتەوە بۆ دوژمن و مەترسیدارترین شت ئەوەیە، کە هاوپەیمانیی خوازراو یان نەخوازراو لە دژی ئەم ستراتیژییە لە نێوان هێزی کوردی و دوژمنانی رزگاریی کورددا شێوه بگرێت. دەبێ هەموو لایەنە كوردستانییهكان، ئێستا کە سەرۆکی هەرێم توانیویەتی سەرەڕای گشت کەماسییەکانی ستراکچراڵ و مێژوویی کۆمەڵگای کوردی و لاوازیی ئیدارە و ئابووری، ببێتە خاوەن پێگەیەکی بەرچاو لە سیاسەتی ناوچە و جیهانیدا و لە ناوخۆدا پێشمەرگە بە یەکگرتوویی سەرۆکایەتیی بکات لە شەڕی مان و نەماندا، حەیفە نێوماڵی کورد تێک بچێت، ئەوەش بە دەرجەی یەکەم بە شیعاری دژایەتیی سەرۆکی هەرێم، ئەم سیاسەتە کۆتاییەکەی دەبێتە هاوپەیمانی لەگەڵ دوژمنان(خوازراو یان نەخوازراو) و رێگای بۆ دواوە گەڕان و کۆیلایهتیی کوردە. یەک واقیع بە ئیعتیرافی گشت لایەنهكان لە ئارادایە، کە گەڕانەوە بۆ دواوە بۆ کورد مومکین نییە، تەنیا ئالترناتیڤ هەنگاو هەڵێنانە لە ئەم حاڵەتی دیفاکتۆیەوە بەرەو حاڵەتێکی سەقامگیریی بەڕەسمی ناسروای ستاتوسی کوردە، سەرکردەی ئەم پرۆسەیە بە کردەیی سەرۆکی هەرێمە، گشت لایەنێک دەبێ تەسلیمی ههژموونی ئەم گوتار(دیسکۆرس)ە بن، (تەسلیمی شەخس نا، بەڵکوو دیسکۆرس) لەبەر بهرژهوهندیی میللەت و خۆیان. مەنتیقی خیلافاتی مێژوویی ئەحزاب و تێگەیشتنی جیاوازیان لە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئیداریی هەرێم هیچ لەم راستییە ناگۆڕێت.




