٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پرسی کورد لە باکووردا بەرەو کوێ؟

سەرچاوە: KDP.info
حوسین کوردنەژاد
سۆنگەی روانین بۆ پرسی کورد لە باکووردا گرینگە، تاکوو بتوانین لە ئاسۆی سێناریۆی جیاواز تێبگەین: رووداوەکانی ناوچە، دژبەرییەکانی ناوچەیی و رەکەبەرایەتی نێوان ئێران و تورکیا و دینامیکی نێوخۆیی حەرەکه‌ی کوردی و پێشکەوتنی جۆری(کۆوالیتایتۆ)ی ئەم حەرەکەیە کە بووه‌تە هۆی پۆلاریزاسیۆن لە نێوان جێگیرتربوونی رەوتی دێمۆکراتیک و نەتەوەیی لە لایەک و ئیسراری بۆچوونی چەپی تورکی بێ پاشه‌ڕۆژ لە لایەکی ترەوە بۆ سەردەستی خۆی لە ناو بزووتنەوەی کوردیدا، گشتیان فاکتۆری یارمەتیدەرن بۆ تێگەیشتن لە پاشه‌ڕۆژ. ئەم هەڵبژاردنی دەروازه‌ی چوونە ناو بابەتە گرینگە بۆ داڕشتنی سیاسەتی کوردی.
سۆنگەیەکی گرینگ کە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر خۆی دەسەلمێنێت بریتییە لەمە کە تورکیا بەم حاڵەی ئێستایەوە ناتوانێ بەردەوام بێت، لە کورد دوور دەکەوێته‌وه‌، لە یەکیەتیی ئەورووپادا جێی نابێتەوە و رەنگە لە ناتۆیشدا جێی نەبێتەوە و..... تورکیای سەقامگیر گرینگە بۆ ستراتێژی وزەی جیهانی و ناوچەیی؛ وزە پێویستە، وزە سەقامگیریی پێویستە و سەقامگیریی کوردی پێویستە، ئەم سەقامگیرییە مومکین نابێت بێ چارەسەری پرسی کورد، لەم پرسەشدا گەڕانەوە بۆ دەیەکانی پێشوو نە مومکینە و نە گونجاو و نە قه‌بووڵیش دەکرێت و نە وه‌ڵامدەریش دەبێت بۆ ئەو چاوەڕوانییانە کە لە تورکیادا هەیە.
ئەم شەڕە شەڕی کاتییە بۆ دەربازبوون یان وه‌ڵامدەربوون بەو تووندوتیژییەی رەکەبەرایەتیی ناوچەییە کە ئێستا لە ئارادایە بەر لە سەقامگیریی ناوچە لەسەر نەخشە و رێککەوتنی نوێ.
بۆیە تەرکیز نابێ بە تەنیا لەسەر بەرێوەبردن و کاردانەوەکانی ئەم شەڕەی ئێستادا بێت بەڵکوو سێناریۆی دابێ، دەبێ ببێتە بەشێک لە بنەمای کار و تێکۆشان و پلان داڕشتنی کوردی.
تورکیا دەبێ هەبێ و دەبێ سەقامگیر بێ، پرسی کورد دەبێ چارەسەر بێت و دەبێ پێگەیەکی بەهێزی لە سیاسەت و کۆمەڵگای تورکیادا هەبێ. هاوپەیمانیی ستراتێژیکی داهاتووی تورکیا و کورد، ئەورووپا و ئامریکایە و ئەم رێگاچارەیەش رێخۆشکەرە. سیاسەتی ئینکار لە پاشه‌ڕۆژی تورکیادا جێی نابێته‌وه‌، دەنا هەموو شت بەرەو نەمان دەڕوات. لە ناو کورددا رەوتی دێمۆکراتیک و نەتەوەیی رەددی تێرۆر و تێرۆریزم دەکات و چەپایەتیی سوننەتیی تورکی وەک رێباز قه‌بووڵ ناکات، لەبەر ئەوە کە تێکدەر و بێئاکامە. کەوابوو دەبێ رۆژ لە دوای رۆژ بە هیواوە خۆمان بۆ سەرخستنی مافەکانی کورد لە تورکیادا ئامادە بکەین. سەرۆکایەتیی باشوور و هاوپەیمانان و سەرۆک ئۆجەلان و بزووتنەوەی باکوور، گشتیان دەوری گەورەیان دەبێ لە چارەسەری ئەم پرسەدا. لە بنەڕەتدا ئەم پرسە، پرسی گۆڕانکاری و ریفۆرمە، گۆڕین و ریفۆرمیش بە ئارزوو نایێتە دی، بەڵکوو جەبری مەنتیق و پێداویستیی سەردەم بارگاوی دەکات.
 

هەواڵی پەیوەندیدار