٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

تورکیا بە تەنیا لەگەڵ کورددا گەورە و بەهێز دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

سەرچاوە. میللیەت
نووسەر" ئەسڵی ئایدین تاشباش

لەو دێمانەیەدا کە ماوەیەک لەمەوبەر لە ئەورووپا لەگەڵ بەرپرسی ئەورووپای پەکەکە و کەسی سەرەکەی قوناخی ئوسلو زۆبەیرئایداردا سازم کرد شتێکی زۆر گرنگ سەرنج راکێشام ئەویش یەکسان بوون و هاودەنگ بوونی بارودۆخی تورکیا لەگەڵ کەسایەتی چەند کەسێکی ناو ئاکەپەدا بوو. ئەو تورکیایە کە باسی دەکەم ئەو تورکیایە کە دەیەوێ لە رۆژهەڵاتی ناویندا خۆی بکات بە سەرۆکێکی هەرێمی یا ببێتە سەرۆکی ناوچەکە.

بەرپرسانی حکوومەتی تورکیا  بە تایبەتی ئەو بەرپرسانەی کە لایەنگری چارەسەر کردنی پرسی کوردن، چەندین جار لە نێو وتار و قسەکانی خۆیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەیانەوێ پرسی کورد چارەسەر بکەن ئەگەر چی ئەم پێنگاوە ببێتە هۆکاری گچکە کردنەوە یا گەورە کردنی تورکیا، ئەوان هەر سوورن لە سەر هەوڵدانەکانی خۆیان بۆ چارەسەر کردنی ئەم پرسە.

بێگۆمان کاتێک کە باس لە گەورە و بەهێزتر کردنی تورکیا دەکەن مەبەستیان ئەوە نییە کە خاکی وڵاتێکی دیکە داگیر بکەن. لە نێو خەیاڵی چەند بەرپرسێکی حکوومەتی تورکیا وەکو ئەحمەد داودئوغڵوو کە لایەنگری کراوە بوون بە رووی رۆژهەڵاتی ناوەراستدان، ئەو تورکیایە کە بتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات چە لە رووی سیاسی و چە لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە گەورەتر و بەهێزتر دەبێت چوونکە ئەگەر تورکیا بتوانێت پرسی کورد لە نێو خۆیدا چارەسەر بکات ئەوا ئەم چارەسەرییە کاریگەرییەکی یەکجار باش لە سەر کورد لە باکووری عێراق و کوردانی سووریایش دەکات و بەمجۆرە تورکیا دەبێتە خاوەن پێگەیەکی بەهێز لە دەڤەرەکەدا. بۆیە ئەگەر پلانی تورکیا بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد لە نێو سنوورەکانی خۆیدا هەبێت دەبێت ئەم پلانە ئەوەندە بەرفرە بێت کە هەر هەمووی ناوچەکانی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی تورکیا و باکووری عێراق و باکووری سووریایش بگرێتەوە.


هەر بۆیە کاتێک کە زۆبەیرئایداریش لە دێمانەکەیدا باسی سەرۆکایەتی تورکیای کرد من سەرم سۆڕما. ئایدار وتی: سەرەتا پێویستە تورکیا لەگەڵ ئەو کوردانەدا کە زمانی تورکی دەزانن ئاشت ببێتەوە و دەست بە پێکەوە ژیانێکی برایانە و ئاشتییانە بکات و دواتر هەوڵ بۆ دامەزراندنی بەرەیەکی هاوبەش و بەهێزی کوردی وتورکی بدات.


وەکو ئاگادارن هێزەکانی پەیەدە لە دەڤەری شاری سەرێ کانیدا لەگەڵ هێزەکانی سوپای ئازادی سووریادا بە شەڕ هاتن، ئەرێ بۆچی پەیەدەیان نەخستە نێو بەرەی ئوپوزسیۆنی تورکیاوە؟


بێگۆمان دوو ترسی تورکیا هەیە یا بە زمانێکی دیکە لە سیاسەتی تورکیا لە بەرامبەر سووریادا دوو هێڵی سوور هەیە. یەکەم هێڵی سووری تورکیا ئەوەیە کە نابێت کورد بە هیچ شێوەیەک لە سووریا ببنە خاوەن هیچ جۆرە ماف و دەستکەوتێک. هێڵی سووری دووەمی تورکیا ئەوەیە کە تورکیا لە بەرامبەر رووداوەکانی نێو سووریادا زۆر گرنگی بە بواری ئاین دەدات.

ئاکەپە لە رووی ئایدئولۆژیای مسڵمانیەتییەوە خۆی زۆر نزیکی ئەخوانەکان دەبینێت، هەر بۆیە دەڵێت با لە نێو ئوپوزسیۆنی سووریادا کورد هەبێت بەڵام نابێت پەیەدە هەبێت. نموونەی بەرچاوی ئەم هەڵوێستەی ئاکەپەمان لە شاری سەرێ کانی و رەسولعەیندا بینی. لە شەری سەرێ کانیدا بینیمان کە تورکیا لە دژی پەیەدە پشتگیری لە گرووپە توندرەوە ئیسلامییەکانی وەکو  ئەلقاعێدە و بەرەی نۆسرای سەر بە ئەلقاعێدە و بزوتنەوەی تەوحید و ئەلشامی کرد. بێگۆمان ئەم گرووپانە هەر هەموویان گرووپی ئیسلامی توندرەون. هەر چەند زۆربەی هەرە زۆری ئەم گرووپانە خەڵکی سووریا نین بەڵام تورکیا لە بەرامبەر پەیەدەدا لە هەر روویەکەوە پشتگیری لەم گرووپانەی کرد.


ئایا پەیەدە باڵی پەکەکەیە؟


پەیەدە بەشێک نییە لە پەکەکە بەڵام لە روی ئایدئولۆژییەوە ئوجەلانی وەکو سەرۆک قەبووڵً کردووە و لە پارتەکانی دیکە زۆرتر نزیکی پەکەکەیە.


بەڵام دەگوترێت کە پەیەدە هێزە چەکدارەکانی خۆی کە بە یەکینەکانی پاراستنی گەل ناسراون لە چەکدارەکانی پەکەکە دامەزراندووە.


خاڵی راست ئەوەیە کە ئەندامەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل هەر هەموویان خەڵکی سووریان یا بە گوتە کورد هەر هەموویان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و لە نێوانیانیشیان ژمارەیەک کۆنە ئەندامی پەکەکەیش هەیە، ئەمەیش بە مانای ئەوە نییە کە هەر هەمووی چەکدارەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل، ئەندامی پەکەکە بن، بێگۆمان دەبێ ئەو مافەیش بدەین بە کورد کە بتوانن لە ناوچەکانی دیکە بۆ هاوکاری و پشتگیری بچنە لای پارت و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی سووریا.


ئەو شتەی کە دەمەوێ دووبارەی بکەمەوە ئەوەیە کە تورکیا ئەگەر دەیەوێ ببێتە سوپەر هێزی دەڤەرەکە یا خۆ ئەگەر خەیاڵی سەرۆکایەتی کردنی دەڤەرەکەی لە سەردایە و دەیەوێ خۆی گەورە بکات ئەوا ئاشت بوونەوەی تورکیا لەگەڵ هەر هەمووی کورد، کوردانی عێراق، تورکیا، ئێران و سووریا بۆ تورکیا فەرزێکی حەشاهەڵنەگرە، چوونکە تورکیا بەبێ ئاشت بوونەوەی لەگەڵ کورددا ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بنێت.


هەر بۆیە دەمەوێ رەخنە ئاراستەی سیاسەتی تورکیا لە بەرامبەر پەیەدە بکەم، چوونکە ئەو سیاسەتە کە لە سەر بنەمای رەد کردنەوەی پەیەدە و قەبووڵ نەکردنی پەیەدە پەێرەو دەکرد هیچ سوود و قازانجێکی بۆ تورکیا نییە. ئەگەر بێتۆ تورکیا کێشەی کورد لە نێو سنوورەکانی خۆیدا چارەسەر بکات بەڵام لە بەرامبەر کوردانی دەراوسێ خۆی خاوەن سیاسەتی قەبووڵ نەکردن و نکۆڵی کردن بێت ئەوا دووبارە پرسی کورد بڕەکی تورکیا دەگرێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار