٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە دوو پارچەی كوردستانی ئازاد، ستراتیژی هاوبەش پێویستە

سەرچاوە: KDP.info
سه‌رۆ قادر
بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی كوردستان و ئەو وڵاتانەی كە كوردستانیان پێوە لكێندراوە، هەروا ئاڵۆز دەبێت. زیاتر لە دوو ساڵە شەڕی كوردستان دژی داعش، داعش دژی كوردستان بەردەوامە. ئێستا خەریكە پارسەنگی هێزەكان دەگۆڕدرێ، شەڕ لە بەرژەوەندیی كورد و هاوپەیمانان وا خەریكە وردە وردە لاسەنگ دەبێ. هەروەها شكانی یەك لە دوای یەكی داعش دەستی پێ كردووە، ئێستا باسی گرتنەوەی مووسڵ و رەققە دەكرێ. هەروەها باسی گۆڕانكارییەكانی دوای گرتنەوەی ئەم دوو شارە دەكرێ. ئەم دوو شارە بۆ داعش زۆر گرینگن، لە راستیدا دوو پایتەختی داعشن لە عێراق و سووریادا. هەردوو شار لە ئەنجامی شكانەكان و پاشەكشێی داعش كەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی هێزەكانی كوردستانی، چ لە باشوور بێ، یان رۆژئاوا.
ئەوە هێزی چەكداری وڵاتپارێزی كوردە كە پاشەكشە بە داعش دەكات، هیچ هێزێكی تری راستەوخۆی بەشدار جیا لە كورد بوونی نییە. هاوپەیمانانیش هاوپەیمانی كوردن لە هەردوو پارچەی كوردستان. لەم شەڕەدا كورد باجێكی زۆری داوە، ئەم باجە، چ بە خوێن، یان بە كاولكرانی شارەكانی بێت، یان ئەو ئاوارە زۆرەی كە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هەیەتی.
تەنیا شەڕكردن و سەركەوتن لە شەڕدا ئامانج نییە. ئامانجی پەلاماری داعش بۆ سەر دوو پارچەی كوردستان، ئەنفالێكی زۆر سەختتر بوو لەو ئەنفالەی كە لە كۆتایی هەشتاكاندا بەعس لە كوردستان ئەنجامیدابوو. ئەگەر داعش سەركەوتووبایە شتێك بە ناوی كوردستان نەدەما. بۆیە دەبێ ئامانجی دوای سەركەوتنی كوردیش دیاربێ، تەنیا ئەوە نییە كە چەند شارێكی وێران، یان ناوچەیەكی وێران ئازاد بكرێ، بەڵكو دەبێ كورد ڕوانگایەكی ڕوونی بۆ دواڕۆژی خۆی هەبێ. ئەم ڕوانگەیە لە هەرێمی كوردستاندا گفتوگۆیەكی دوورودرێژی لەسەرە و ئێستا یەكلا بووه‌تەوە، بەلایەنی كەمەوە ئەو ڕوانگایەی كە لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە دەردەبڕدرێت، كە نەرم جووڵانەوەیە لەگەڵ عێراق و دەوروبەر، بەڵام هەنگاوهاویشتنی بەوەج بەرەو سەربەخۆیی هەڵنراوە. وەك دابینكردنی پەسەند و پشتیوانیی نێودەوڵەتی، هەروەها قۆزتنەوەی ئەو ئامادەییە سەربازییەی رۆژئاوا كە لە كوردستان و ناوچەكە هەیەتی، كە ئەمەیان قەرەبوویە بۆ ئەو باجە گەورە و رووبارە خوێنەی كەوا كورد داویەتی.
هەرچەند لە هەرێمی كوردستاندا هەندێك لە هێزەكان گفتوگۆی ڕوانگای دواڕۆژ دەكەن، هەندێك لەوانە بەرچاویان روون نییە، هەندێكیش لەژێر كاریگەریی وڵاتانی دەوروبەردان. ئەوەی كە زۆر جێگای داخە، ئەوەیە كە لە رۆژئاوای كوردستاندا پەیەدە (نوێنەری پەكەكە) هەوڵێكی ئەوتۆ نادات تا بەرچاوی روون بێ، سەركەوتنی سەربازی بەدەست دێنێ بەبێ ئەوەی هیچ مەرجێكی نیشتمانی و نەتەوەیی هەبێت. پەكەكە لەوێ تا ئێستایش هاوڕایی لەگەڵ هێزەكانی سووریا دەكات كە سەر بە رژێمی سووریا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەون. ئەو حزبە دەڵێت گوایە شتێك بە ناوی كوردایەتی و سەربەخۆیی كوردستان بوونی نییە. بۆ ئەوان هەموو پێكهاتەكان وەكو یەكن، سەرەنجام ئەوان لە باكووری سووریا ئیدارەیەك (كە ئێستا پێی دەڵێن فیدڕاڵی) دروست دەكەن كە هەمیشە ئامادەن لەگەڵ سووریا یەكبگرنەوە. ئەمە كارێكی خەراپە، من ناڵێم با هەر لە ئێستاوە لە دژی یەكگرتنەوە لەگەڵ سووریا قسە بكرێ، یان قسە نەكرێ، بەڵكو زیاتر ئەو پرسیارە بێ كە ئەو سەركەوتنانەیان لە پێناوی چ دواڕۆژێكە بۆ كوردی رۆژئاوا؟ 
ئەوەی كە پەیەدە پێوەی پابەندە، باوەڕی ئایدیۆلۆژییە. ئایدیۆلۆژیا هیچ دواڕۆژێكی نییە، وەك ئەو ئایدیۆلۆژییەی بەعس لە سووریا هەڵیگرتبوو، سەرەنجام سووریای لەدەست چوو. شەڕی ئایدیۆلۆژی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ داهاتوویەكی نابێت، هەموو جیهان و هێزە بەرچاوڕوونەكانی ناوچەكەشمان بیر لە عەدالەت و ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەنەوە، ئەوەش لە كوردستانەوە دەست پێدەكات. بڕوای عەدالەتیش لەو شوێنەوە دەست پێدەكات كە كورد و پێكهاتەكان ببنە خاوەنی چارەنووسی خۆیان.
بۆیە پێویستە گفتوگۆی بەپەلە و جیددی، بەڵام بە سینگفراوانی لە نێوان رۆژئاوای كوردستان و هەرێمی كوردستاندا لەسەر داهاتووی كوردستان دەست پێبكات. ئەم گفتوگۆیە چ لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی مەدەنی بێ، یان لەسەر ئاستی رۆشنبیران بێ، یان لەسەر ئاستی سیاسییە ناحزبییەكان بێ، سەرەنجامیش لە نێوان پەیەدە و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بێت. جیا لەوە ئێمە هیچ دواڕۆژێكیتر نییە و هیچ ئامانجێكی دیكەیش ناتوانێ لە پاشه‌ڕۆژدا ئێمە و پێكهاتەكان، واتە كورد و پێكهاتەكانی كە لە دەوروبەری كوردستان، یان لەناو كوردستان دەژیێن، بپارێزێ. ئێمە تەنیا بە یەكپارچەیی و یەكدەنگی دەتوانین خۆمان بپارێزین، هەروەها گەرەنتیی ئەوە بەدەست بێنین كە لە پاشه‌ڕۆژدا جارێكی دی نەوەكانمان ئەنفال نەكرێنەوە.
ئێمە لە ماوەی كەمتر لە 30 ساڵدا شاڵاوی ئەنفالمان لە باشوور و لە رۆژئاوای كوردستان بینیوە، بارودۆخ لە باكوور و رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر خەراپە، هیچ بەربەستێك نییە كە ئەگەر وەختی بێت، ئەنفال ئەوانیش نەگرێتەوە. كەواتە كورد لە خەمی دروستكردنی چارەنووسی خۆیدایە، لێرەوەیە كە دەبێ رۆشنبیران دوور لە بەرژەوەندیی حزبی و رابردووی سیاسیی خۆیان، روو لە پەكەكە بكەن و پێی بڵێن دەبێ ڕوانگای خۆت روون بكەیتەوە، دەبێ لە حوكمە ئایدیۆلۆژییەكانت پاشەكشە بكەی، رێزی خوێنی ئەو رۆڵە قارەمانانە بگری كە رۆژانە لە رۆژئاوا خۆیان بەخت دەكەن.
ئەمەیە چارەنووسی ئێمە و رێگایەكی دی شك نابەین. ئێستا بە ئاشكرا ئەو چوار دەوڵەتەی كە ئێمەیان داگیر كردووە، خۆیان ماندوو ناكەن تا لەسەر روانگایەكی هاوبەش قسەمان لەگەڵ بكەن، بەڵكو پتر چاوەڕێن ئێمە شەكەت بین، لەناوخۆماندا پەرت و بڵاو بین و پاشان بەناچاری بلكێندرێینەوە بەو پاشه‌ڕۆژه‌ی كە زۆر رەشە و مەجالی ژیان بۆ كورد ناهێڵێ.
تەنیا یەك ڕوانگایی و نیشتمانپەروەری و هاوچەرخیەتی لە ژیاندایە وا دەكات كورد خۆی لە پاشه‌ڕۆژێكی تاریك دوور بخاتەوە و ئاسۆیەكی روونی لە پێش بێت، بۆ ئەوەی ببێت بە دەوڵەتێكی بەهێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هەواڵی پەیوەندیدار