ناكۆكییەكانی ناو پەكەكە و هێنانەپێشەوەی ئۆجەلان

رێكان سەباح
دابەشبوونەكانی ناو پەكەكە رۆژ بە ڕۆژ تۆختر دەبێتەوە؛ بەشێوەیەك سەركردەكانی كەجەكە و پەكەكە خۆیان هاتوونەتە سەر خەت. رووداوەكانی پێشتر بەمشێوەیە وێنا دەبێت؛ موراد قەرەیلان ئیدانەی كارە خوكوژییەكەی پەكەكەی كرد لە توركیا، لەهەمانكاتدا رەزا ئاڵتوون بە تووندی هێرشی كردە سەر دەوڵەتی كوردستان، پاش ئەمەش بەشێوەی جۆراوجۆر، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ چ لەسەر ئاستی رۆژئاوای كوردستان، هەدەپە هێڵی دابەشبوونەكانی گەرمتر كردووهتەوە، پەیەدەش لەو دابەشبوونه بەدەر نییە. ئەوەتا بەشێكیان لەگەڵ توركیا و ئەمهریكا، لەسەر ئاستی پلانی سەربازیی كۆنترۆڵكردنی رەققەدا هەماهەنگن، لەهەمان كاتیشدا تەڤدەم لێدوانی پێچەوانه و دژبەرانە دەدات، ئەمەش قۆناغی تۆخبوونەوەی ناكۆكییەكانی پەكەكە زیاتر وێنا دەكات، لە دوالێدوانیشیدا، جەمیل بایك هێرش دەكاتە سەر پارتی و خەتی سیاسەتی پارتی و، بە جەمسەربەندیی سیاسەتی ئاكپارتی وێنای دەكات. بەڵام تاوەكو ئێستا جەمیل بایك لە خۆی نەپرسیوە، كە بۆچی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمهریكا لە ئەنجەرلیكهوه ههڵدهفڕن و تاوەكو ئێستا توركیا ڕێی لێ نهگرتوون. ئەمانە و كۆی رووداوەكان، دەرخەری دابەشبوونێكی مەترسیدارە، لەناو پەكەكەدا.
ئازادكردنی ئۆجەڵان
لەئێستادا دەنگۆی ئازادكردنی ئۆجەڵان لە زیندانی تاكەكەسی بڵاو دەكرێتەوە، ئەم جۆرە لە نمایشەی توركیا كە بێگومان ڕای راستەوخۆی ئۆجەلانیش وێنا دەكات، پێمان دەڵێت: كە توركیا دەیەوێت ئۆجەلان بێنێتەوە سەر شانۆی توركیا و پەكەكە، ئەمە نەك لەسەر ئاستی توركیادا هەوڵدانی بۆ دەدرێت، بەڵكو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و خودی بەرێزان مەسعوود بارزانی و نێچرڤان بارزانی و مەسروور بارزانییشهوه كار لەسەر گەڕانەوەی ئۆجەلان بۆ سەر شانۆی سیاسیی پەكەكە دەكرێت، ئەمەش وا لە سەركردەكانی كەجەكە دەكات، بێ گەڕانەوە بۆ وردەكاریی رووداوەكان، لێدوان دژی پارتی و بارزانی دەدەن، ئەمە لە ماوەی رابردوودا بە ئاشكرا بەسەر سیمای كەجەكەدا رەنگی داوەتەوە.
بۆچی بەشێك لە قەندیل دژی ئازادكردنی ئۆجەلانن
گەڕانەوە بۆ رووداوەكانی پێش 7ی حوزەیران و یەكەم هەڵبژاردنی هەدەپە وەك حزب بۆ تێكشاندنی بەربەستی لە سهدا 10، ئەوە دەسەلمێنێت، كە سیاسەتی ئۆجەلان وابەستەی پێگە جەماوەرییەكەی پەكەكەیە، ئەگەرچی لەسەر ئاستی ناوخۆی كرانەوەیەكی بێوێنەی بە ڕووی هەدەپەدا واڵا كرد، بەڵام لە بنەڕەتدا، ئەم كرانەوەیە لەلایهن بەشێك لە قەندیل هەزم نەكرا، هەر زوو پەلاماری پۆلیسی توركیا درا. ئەم جۆرە لە پەلامارە و دوای شكستهێنان بە پرۆسەی ئاشتی و هەدەپە لە هەڵبژاردن، رووداوێك نییە تەنها لە چوارچێوەی سیاسەتی ناوەوەی توركیا سەیر بكرێت، بەڵكو ئەم جۆر لە هێرشەی قەندیل لە بنەڕەتدا ئەوەندەی وێنای شەڕی توركیا كرا، دە ئەوەندە وابەستە بوو بە شەڕی ناوخۆی قەندیل و ئیمراڵییهوه، چونكە ئۆجەلان پێش جەولەی ئەم شەڕە، قەندیلی وابەستەی چەكدانان كرد، تەكانی جەماوەری باكووریش لە هەڵبژاردن وەك ئۆفەرێكی وەڵامدانەوەی سیاسەتی خۆی پێشاندا لە 7ی حوزەیران، بەڵام قەندیل لەو جۆره سیاسەتەی ئۆجەلاندا چەكی هێنایه پێشەوە؛ ئەم جۆرهیش لە هێنانەپێشەوەی چەك لە توركیادا بۆ دوو مەبەست بوو: یەكەم بۆ ئەوەی بە ئۆجەلان بڵێت كە بێ قەندیل هیچ گۆڕانكارییەك روو نادات، هەم لەسەر ئاستی توركیایش وا وێنای كرد، كە چەك لە دەسەڵاتی ئۆجەلاندا بێدەنگ نابێت.
سلێمانی و پەكەكە
نمایشەكانی ئەم دواییەی سیاسەتی سلێمانی لەمەڕ كرانەوە بە ڕووی پەكەكەدا، لەسەر بنەمای دابەشبوونی ناو پەكەكەدا گوزەر دەكات، جا چ لەسەر ئاستی راگەیاندن بێت چ لەسەر ئاستی پێشوازییەكانیان بێت لە كارەكتەرەكاندا، ئەو نمایشە رەنگدانهوهی بهسهر سلێمانیدا نیشان داوه و بە تەواوی پشگیریی بەرەی یاخیبووی ناو پەكەكە دەكات لە دژی ئۆجەلان، ئەمەش وەك وەڵامدانەوەیەك زیاتر پێشان دەدرێت، لەسەر ئاستی ناوخۆیی بۆ پارتی، دیمەنە نەبڕاوەكانی هەڵمەتی میدیای بەرەی دژەئۆجەلانیش لە نمایشی میدیای سلێمانیدا ئەوە بە تەواوی پشتڕاست دەكاتەوە، چونكە لە بنەڕەتدا پارتی سەرسەختانە پاڵپشتی هێنانەوەی سەر شانۆی سیاسی ئۆجەلانە لە توركیادا، ئەمەشە بەرەی میدیایی و سیاسیی سلێمانی قەڵس كردووە.
ئەگەر ئۆجەلان بگەڕێتەوە
گەڕانەوەی ئۆجەلان رووداوێكی بچووك نابێت لە توركیا و كوردستاندا، بەڵكو دەبێتە یەكێك لە رووداوە مێژووییەكانی كوردستان و توركیا، ئەمە وا لە بەرەی یاخیبووی ناو پەكەكە دەكات، بە ئاراستەیەكی مەترسیداردا بڕوات، بۆیە لە ئەگەری هاتنەوەی ئۆجەلاندا پەكەكە بە تەواوی لە دەست بەرەی یاخیبوو دەردەچێت، بەڵام ئەم رووداوەش ئاسان نییە، چونكە بەرەی قەندیل لە ماوەی گرتنەدەستی كۆنترۆلی پەكەكەدا جۆرها پەیوەندی جۆراوجۆر لەسەر پەكەكە بووهتە ماڵ؛ پەیوەندیی ئێران و پژاك و پەكەكە، كە گرینگترین جۆری پەیوەندیی پەكەكە و ئێرانە كه لە جیۆگرافیایەكی بهرفراواندا درێژ بووهتەوە بۆ سەر ئاستی سووریا و عێراقیش، ئەم پەیوەندییە هەم پاڵپشتی بەرەی یاخیبووە لە ئۆجەلان هەم بەرەیەكی گەورەیە لە معادەلەی سیاسی و ئاراستەبووی پەكەكەدا، بۆیە ئەم دابەشبوونە، لە ئەگەری هاتنە پێشەوەی ئۆجەلاندا زۆر بە ڕوونی دەردەكەوێـت، بەڵام پێگەی ئۆجەلان ئەوەندە ئاسان نییە كە ویستی ئۆجەلان لەناو پەكەكەدا لە هاتنە پێشەوەی فەرامۆش بكرێت، بۆیە رووداوەكانی ناو پەكەكە ئەگەری گەڕێكی تری جودابوونەوەی هاوشێوەی 2005ی لێدەكرێت. تاكە رێگایش بۆ دەربازبوونی پەكەكە جارێكی تر پێداچوونەوە و تەسفیاتی ناو پەكەكەیە هاوشێوەی رووداوەكانی 2005 و جودابوونەوەی عوسمان ئۆجەلان و نیزامەدین تاش.
ئۆجەلان و باكووری كوردستان
گۆڕینی ئامانجی سەرەكی لە پەكەكەدا لە باكوری كوردستان، بۆ باشووری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان، وای لە باكووری كوردستان كرد كە چ لەسەر ئاستی قەزیەی كورد چ لەسەر ئاستی خەباتی سیاسی و نەتەوەیی ئەو بەشەی كوردستان دووچاری مەترسیی جۆراوجۆر ببێتەوە، ئەمەش گۆڕێنێكی ئاسای نییە، بەڵكو ئەمە یەكلابوونەوەی باكووری كوردستان بوو لە بەرانبەر قەندیل، بۆیە تا پەكەكە نەگەڕێتەوە نێو مەیدانی سیاسیی باكووری كوردستان، هیچ واتایەك بۆ بوونی پەكەكە نییە وەك هێزێكی سەربەخۆ لە ناوچەكەدا، چونكە رووداوەكانی ئەم دواییەی پەكەكە و ئاراستەبوونی پەكەكە چ لەسەر ئاستی عێراق چ لەسەر ئاستی سووریادا ئەوە دەسەلمێنێت، كە پەكەكە كۆنترۆڵی سەربەخۆیی خۆی لە دەست داوە، بۆیە لە دەركەوتنی ئۆجەلاندا لە توركیا ناوەندی خەباتی پەكەكە جارێكی تر بە ئاراستەی باكووری كوردستان دەگەڕێتەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای مامەڵەكردنی ئۆجەلان لەگەڵ توركیا زیاتر رۆشنتر دەبێت، كە ئایا توركیا پێش رووداوی 7ی حوزەیران خاوەن هەمان بیركردنەوەیە، لە بەرانبەر قەزیەی كورد؟، وەڵامی ئەو پرسیارە تەواوی رووداوەكان دەگۆڕێت.




