کوردەکانى تورکیا لەنێوان خەونى جیابوونەوەو مافى ئۆتۆنۆمیدا
حکوومەتە یەک لەدواى یەکەکان بیرییان لە رێگەى چارەى سەربازى کردووەتەوە، بەڵام حکوومەتى (دادو گەشەپێدان) بارودۆخى باش کردن، بەڵام کێشەکە هێشتا نەبڕاوەتەوە.
بیروت.. سائر عەباس
و: شوکر سلێمان
بەشى دووەم:
لە لاى خۆیەوە شیشک قەیرانەکانى(رۆژهەڵاتى ناوەڕاست) دابەش دەکاتە سەر چوار قۆناغ، یەکەمیان لە نێوان ساڵى 1923 دەست پێدەکات واتە لە (مێژووى دامەزراندنى کۆمارى تورکیا) هەتا دەگاتە 1938 (سەرەتاى جەنگى دووەمى جیهانییەوە) کە لەم نێوەندەدا نزیکەى 27 یاخبوونى کورد دژ بە رژێم ئەنجامدراوە، لەگەڵ 13 یاخیبوونى تورکى روویانداوە بۆ رەتکردنەوەى خەلافەتى ئیسلامى لە لایەن باڵى سەربازى تورکییەوە، بەڵام قۆناغى دووەم لە نێوان ساڵانى 1938 و 1960 دایە، لەم ساڵانەدا پەیوەندییەکان تاردایەکى زۆر سەقامیگرى بەخۆوە بینى تەنیا یەک کودەتاى سەربازى لە ساڵى 1947 روویداوە ئەویش کاریگەربوو بە مەدى شیوعییەوە، بەڵام قۆناغى سێیەم لە دواى کودەتاى سەربازى ساڵى 1960دەست پێدەکات، کە دەوڵەتى تورکیا رابوو بە راگوێزانى 485 خێزان لە باشوورى رۆژهەڵاتى تورکیا، کە ئەوانیش خێزانى سەرکردە ناسراوەکانى کوردستان بوو، کە لە شارى سیداس لە تورکیا جێگیرکران، دواى ئەو مێژووە بزووتنەوەى نهێنى لە لایەن گەنجە کوردەکانەوە دەستى پێکرد، لە دیارترنیان ئەوەى ساڵى 1977 بوو کە دەکاتە دەسپێکى مێژووى پارتى کرێکارانى کوردستان، بەڵام یەکەم چالاکى پارت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1984 لە ژێر دروشمى دامەزراندنى کوردستانێکى یەکگرتوو و سەربەخۆ، لە بەرامبەریشدا دەوڵەتى تورکیا دژ بەو کارە هەستا بە دامەزراندنى (پارێزەرى گوند)و ناوچەکە خرایە ژێر دۆخى نائاسایی سەربازییەوە، هەروەها شیشک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەوە زۆر سروشتییە دواى راگەیاندنى بارى نائاسایی ناوچەکە لە دۆخى سروشتیانەى خۆى ترازاو سەرباز لە هەموو ناوچەکاندا بڵاوە پێکران، لەژێر ئەو دۆخە سەرکوتکارییەدا خەڵکان نەک هەر دەترسان، بەڵکو گومانیان لەوە هەبوو بێژن کە ئەوان کوردن، بۆیە کوشتن و بڕینەکان هەتا بە ئێستا رادەکات خۆى لە نزیکەى 30 هەزار کوژراو دەبینێتەوەو نزیکەى 17 هەزاریش چارەنووسیان دیار نییە، هەروەها 3200 گوند بە شێوەى ناچارەکى چۆلکراون و دانیشتوانەکەى راگوێزراون بۆ شارەکانى مێرسین و ئەستەمبۆل، ئەو خەڵکانەش کە خۆیان لە ژیانێکى مامناوەندى دەژیان یەکسەر هاتنە نێو ژیانێکى ئەوروپیانەوە، ئەوەش بووە هۆى تێکدانى پێکهاتەى شارەکە، هەروەها لەژێر سایەى ترس و رژێمى عەسکەرتاریی و ئەو کوشتن و بڕینەدا، خەلکیش بە چاوى رقەوە سەیرییان دەکردن.
ئەمە سەرەڕاى راگوێوزانى کوردەکان، بارودۆخى ئابووریش لە ناوچە کوردییەکان ئەستەم و هیچ جۆرە پەرەسەندنێک لەو ناوچانەدا بوونى نەمان کوردەکان بوونە کۆچەر چ لە تورکیا یان لە دەرەوەى تورکیا، بەڵام کۆچکردنەکەیان بە زۆرى بە خواستى خۆیان بەرەو ناوەوەى تورکیا بوو بەو ئەنقەرەو ئەستەمبۆل کە دواتر بووە گەورەترین شارى کوردەکان کە ئێستا نزیکەى 4 ملیۆن کوردى تێدا نیشتەجییە.
هەروەها شیشک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ناخۆشترین قۆناغ لە نێوان ساڵانى 1993 و 1995 بوو، کە تورکیا بۆ کۆتایى پێهێنانى کێشەى کورد چەندین جار چووە ناو خاکى عێراق، بەڵام خاڵى گەوهەرى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1999 کاتێ عەبدوڵا ئۆجەلانیان لە کینیا دەستبەسەر کرد، دواى ئەو مێژووە پارتى کرێکارانى کوردستان تاک لایەنە تەقەى وەستاند (دواى دەستگیرکردنى ئۆجەلان رایگەیاند کە ئەو پیاوى ئاشتییەو راستەوخۆ تەقەى وەستاند وەکو دەسپێشخەریەکى ئاشتیانە، دواى ئەوە حکوومەتێکى ئیئتیلافى لەنێوان پۆلەند ئەجەویدو بزووتنەوەى نەتەوەیى و پارتى نیشتمانى دایک بە سەرۆکایەتى مەسعود یەلماز هاتە کایەوە، حکوومەتیش دەستى بە چاکسازى کرد بۆ ئەوەى لەگەڵ پێوەرى ئەوروپى رێبکات، حوکمى لە سێدارەدانى لابرد، دواى پارتى داد گەشەپێدان هاتە سەر دەسەڵات بۆ تەواوکردنى کاروانەکە، تا رادەیەک ناوچە کوردیەکان ئارامى بەخۆیەوە بینى، بۆ یەکەمین جار لە شارى دیاربەکر کۆمەڵەو رێکخراوى ئایینى دامەزران، ئەوانە قەدەغەکراو نەبوون، بەڵام بارودۆخى ئاسایش ئەوەى قبوول نەبوو، هەروەها (حزبوللاى تورکى) خۆپیشاندانێکى رێکخست کە نزیکەى 300 کەسێک دەبوون وەکو ناڕەزاییەک لەسەر ئەو وێنە خراپانەى کە دژ بە (پێغەمبەر،د.خ) بوو، هەر بۆ زانین لایەنگرانى حزبوللاى تورکى دەنگیان بۆ پارتى داد گەشەپێدان دابوو لە هەڵبژاردنى گشتی. هەروەها شیشک دەڵێت: لە ساڵى 2005 ئۆردوغان وەستاو گوتى پێویستە دەوڵەت رێز لە خۆى بگرێت داواى لێبووردن لەو هەڵانە بکات کە لە رابردوودا روویانداوە، لە ناکاویش قسەکردن لە کێشەى کورد لە لایەن هەموو لایەکەوە وەکو مشتەکۆڵەیەکى لەناکاوى لێهات، هەر لەو رووەوە تۆزالى ئەندام پەرلەمان هۆشداریدا لەبارەى بەردەوامبوونى مەترسى چارەسەرى سەربازى و دەڵێت: (دواى چاوپێکەوتنمان لەگەڵ خەڵکان و کەسانى سەر شەقامەکان بۆ مان دەرکەوت ئەگەر بە زوویى چارەسەرێکى ئەو کێشەیە نەکرێت، ئەوە رەنگە یاخیبوونێکى مەدەنى لەو ناوچانەدا بێتە کایەوە کە زۆربەیان کوردن، لە هەموو ناوچەیەکى تورکیا لەنێو ئەوانەشدا لە شارى ئەستەمبۆل کە نزیکەى 3-4 ملیۆن کوردى تێدایە، ئەمە سەرەڕاى دووبارە دەستپێکردنەوەى شەڕ لە چیاکاندا، ئەگەر دەوڵەت سووربێت لەسەر بڕینەوەى لایەنى بەرامبەر، ئەوا ئاڵۆزى و نائارامى زۆربەى خاکى تورکیا دەگرێتەوە، بەڵاک کێشەکە ئەوەیە هەتا ئێستا دەوڵەتى تورکیا بەو شێوەیە سەیرى کێشەکە دەکات کە پێى وایە پرسەکە بە چەک و هێز چارەسەر دەبێت نەک بە گفتوگۆ. هەروەها تۆزال سوورە لەسەر ئەوەى کە بهیچ شێوەیەک کورد داواى جیابوونەوە ناکەن، لە سەرووى هەموویانەوە پارتى کرێکارانى کوردستان، بەڵکو ئەوان داواى مافى نەتەوەیى خۆیان دەکەن، کە ئەوەش نموونەیەکى تایبەت بەخۆیان دەخوازێ کە پێویست دەکات لە باشوورى تورکیا ئۆتۆنۆمییەک بدرێت بە کوردەکان و ئەوان خاوەن پەرلەمانى خۆیان بن و هێزى ناوخۆ لە کوردەکان بێت و هەروەها لە پەروەردەو فێرکردن و تەندروستى و حوکمى خۆجییەکان تەواوى دەسەڵاتیان هەبێت، تەنیا لە پرسى سنوورو دەرەوە تایبەت بێت بە دەوڵەتى تورکیاوە.
هەروەها شیشک ئەوە رووندەکاتەوە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ پرسەکە گۆڕاوە، بەڵام هەتا ئێستا پارتى کرێکاران هەڵگرى چەکەو چوار مەرج و داواکاریشى هەیە ئەوانیش: یەکەم هەڵگرتنى کۆسپی شێوازى رێژەیى لە هەڵبژاردنەکاندا. دووەم: بەردانى سەرجەم گیراوەکان. سێیەم: چاککردنى بارودۆخى ئۆجەلان. چوارەم: هەڵگرتنى هەموو کۆسپ و تەگەرەیەک لەبەردەم فێرکردنى زمانى کوردى لە هەموو قوتابخانەکاندا.
هەروەها شیشک پێى وایە گەورەترین بەربەست لەبەردەم چارەسەرى کێشەى کورد لە تورکیا دەزگەى سەربازییە، هەروەها تاکە دەروازە بۆ چارەسەرییەکان ئەویە لە دەستوورى نوێدا دان بنرێت بە نەتەوە جیاجیاکان لە تورکیا، ئەمە سەرەڕاى هەڵگرتنى کۆسپى رێژەیى کە رێگە لە چوونى پارتەکان دەگرێت بۆ نێو پەرلەمان کە هەر پارتێک رێژەى 10%ى دەنگەکان بەدەست نەهێنێت، ئەوا ناتوانێت بچێتە نێو پەرلەمانەوە، هەروەها دۆزینەوەى پێناسەیەکى گونجاو لە دەستوور لە بۆ گەلى تورک و ئەو گەلە لە چی پێکدێت و گۆڕانى سیستەمى پارتەکان.
دیارە چارەسەرى کێشەکە یەکەم بە گۆڕانى دەستوور و دووەم راستکردنەوەى ئەو هەڵانەى لە رابردوودا دەوڵەت ئەنجامى داوە، بە تایبەتى لە پرسى کۆژراو و بزربووەکاندا، هەروەها داواى لێبووردن لە گەلى کورد بکرێت لەو هەڵانە روویانداوە، سێیەم رەتکردنەوەو نەهێشتنى کۆسپى رێژەیى لە هەڵبژاردنەکان و چوارەم: هەڵگرتنى هەموو شێوازێکى قەدەغەکراو لەبەردەم فێربوونى زمانى کوردى و، پێنجەم: پێدانى دەسەڵاتێکى زیاتر لە حۆکمى خۆجێیى لە سەرجەم ناوچەکانى تورکیا بە تایبەتى لەو ناوچانەى کە زۆربەى دانیشتوانەکەیان کوردن، شەشەم: پارتى کرێکارانى کوردستان چەک دابنێت و لە هەمان کاتیشدا شەڕ بوەستێنێت و بگەڕێتەوە بۆ ئاشتەوایى و گفتوگۆ وەکو ئەمەکێک خەڵکانى خاوەن شەهید لە سوپاو گریللاکانەوە، هەروەها ئەوەى کوردەکان دەیانەوێت لە باشوورى تورکیا تەنیا رزگاربوونیانە لە عەقلیەتى سەربازى لەنێوان هەردوو لاداو گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ.
هەروەها شیشک جەخت لەوە دەکاتەوە کە تێگەیشتن لە کێشەى کورد گۆڕانى بەسەردا هاتووە، هەندێ داواى دەوڵەتى سەربەخۆ دەکەن، هەندێکى دیکە دەڵێن بە یەکگرتن لە دەوڵەتێکى سەربەخۆ کە سەرجەم کورد لە هەموو ناوچەکان (سووریا، تورکیا، عیراق، ئێران) بگرێتە خۆى، هەندێکى دیکەش دەڵێن گەیشتن بە چارەسەر رەنگە بە کردەى سیاسى گونجاو تر بێت، هەروەها بەشێکیش پێیان وایە ئەمە بە کردەى سەربازى دەبێت، هەر بۆئاماژە تەنیا 6.2 لە سەدا داواى جیابوونەوەى کورد لە دەوڵەتى تورکیا دەکەن.




