با فێڵ لە خۆمان نەكەین

دڵشاد مستەفا وەسانی
بەدرێژایی ساڵانی دوای 2003 ناوە ناوە دەنگێك لە كوردستان بەرزدەبۆوە، حیسابی بۆ پێشمەرگە نەدەكرد، خەریك بوو پێشمەرگە بە پێویست نەزانن، بەداخەوە ئەو دەنگەی ناوخۆ هاوكات بوو لەگەڵ دژایەتی كردنی پێشمەرگە لە لایەن بەغداوە، وێڕای ئەوەی پێشمەرگە بە بەشێك لە سیستەمی بەرگریی عێراق داندرا، كەچی حكوومەتی بەغدا خۆی لەو پابەندییە دزییەوە.
هەر زوو نیەتی بەغدا بەرامبەر بە پێشمەرگە دەركەوت، هێزە سیاسییەكانی عێراق، لە بڕوابوونیان بە پێكەوەژیان نەبوو كە لە دوای رووخاندنی رژێمی سەدام، قبوڵیان كرد واقیعی هەرێمی كوردستان بخرێتەناو یاسای بەڕێوەبردنی كاتیی دەوڵەت و دواتریش دەستووری عێراق، بەڵكو لەبەر پێداگریی سەركردایەتی سیاسیی هەرێمی كوردستان بوو.
هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر بە پێشمەرگە لێگەڕێ، چونكە هەڵوێستێكی ئاشكرای فەرامۆشكردن و دواتر نەهێشتنی ئەو هێزە شەرعییەی كوردستان بوو، لێ دەنگی ناوخۆ جێی تێڕامانە كە هەندێ جار پێشمەرگی بە میلیشیا ناودەبرد، كاتێ ململانێی حزبەكانیش لە رێی ئۆپۆزسیۆنەوە زەقتر بۆوە، لەڕێی میدیاوە كار بۆ ئەوە دەكرا هێزی پێشمەرگە ناشرین بكرێ، دواتر بە بیانووی ئەوەی هێزی پێشمەرگە هێزی حزبە، قەناعەتێك دروست بكەن، بۆ ئەوەی پێشمەرگە بە پێویست نەزاندرێ.
ئەو رەوتە سیاسییەی لە رێی ماشێنی راگەیاندنەوە خەریكی ئەوەبوو لە بەرژەوەندی خۆی، پێشمەرگە بە شتێكی هێندە بنەڕەتی بۆ هەرێمی كوردستان نەزانێت، لەمەشدا تێڕوانینی بۆ رووداوەكان كورتی هێنا، چونكە ئێستا دەركەوت پێشمەرگە چەند پێویستییەكی حەیاتییە بۆ خەڵكی كوردستان، لەو ڕێیەشدا بیانووی ئەوەی دەهێنایەوە كە هیچ گرفتێك نییە، ئەوە حزبە دەسەڵاتدارەكانن بۆ هێشتنەوەی هێز خەڵك دەترسێنن.
من نامەوێ لێرەدا، چش لە خەباتی دیپلۆماسی و كەناڵی دیالۆگ بكەم، بەڵام دەبێ ئەوەش لەبەرچاوبگرین خەباتی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمەریكا و دەوڵەتانی ئەوروپا لەجێی خۆیدایەو كاری خۆیشی كردووە، بەڵام دەركەوت لە عێراقدا خەباتی دیپلۆماسی بە واتای هیچ لەبار نەبوو سەیركراوە، ئەوەتا ئێستا خەباتی دیپلۆماسی و پەرلەمانیی كورد لە بەغدا بەكوێ گەیشت؟
بۆیە جێی خۆیەتی فێڵ لەخۆمان نەكەین، ئەوەی خاك دەگێڕێتەوە بزاوتی دیپلۆماسیی هەرێم لە ئاستی جیهان و خوێنی پێشمەرگەیە، نەك گفتۆگۆی كات بەڕێكردن تا وەسەرپێكەوتنەوەی بەغدا یان دۆستایەتی تاكلایەنەی كورد لەگەڵا عەرەب، چونكە ژینگەی ئەو(برایانەمان) داعشی لە دژی كوردستان لە باوەش گرت، بۆیە خۆشبەختی لەوەدایە ئیرادەی پێشمەرگەویست بەسەر دەنگی نەزۆكی دژایەتی پێشمەرگەدا سەركەوت.




