دەوڵەت بۆ پێویستە؟

حوسێن کوردنەژاد
یەک لە مامۆستاکانی من کە یەک لە گەورە فهیلهسوفەکانی ئەم سەردەمەیە و ئێستایش لە ژیاندا ماوە -گۆننار ئۆلسۆن-، پێناسەی مەودای نێوان تاک و کۆمەڵگا دەکات وەک ئەو مەودایە کە دەوڵەت و دامودەزگاکانی پڕی دەکەنەوە.
گشت رووداوەکان و بڕیار و کردەوەکان ڕوویان یان لە تاکە یان لە کۆمەڵگایە، یان لەو مەودای نێوانیانە. ئۆلسۆن ئەم باسەی لەو دەمەیدا پیشکەش کرد کە -ئانا لیند- وەزیری دەرەوەی سوێد چەند ساڵ لەمەوبەر بە چەقۆ لە ناو دوکانێکی شاری ستۆکهۆڵمدا کوژرا. جا پرسیار ئەوە بوو کە مەبەستی بکوژەکە کام لەم سێیانە بووە؟
هەر لەسەر بنەمای ئەم مەنتیقە، چاو لە گەشەی بزووتنەوەی حەماس و لاوا بوونی فەتح بکەین، بەتاڵبوونی مەودای نێوان تاک و دەستەڵاتی فلەستین لە دەزگاکانەوە، لەبەر نەبوونی دەوڵەت و بەتایبەت دەوڵەتی پێشکەتوو، بە رێگای چالاکیی کۆمەڵایەتی و یارمەتیی ماددی و دەرمانی و خزمەتگوزاریی حەماسەوە پڕ کرایەوە و، لە ئاکامدا حەماس بوو بەو هێزەی ئێستا لە ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی فهلەستیندا.
گرینگی دەوڵەت جگە لە پرسی پاراستنی کۆمەڵگا و..... بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر ئەم باسە. بۆ؟
ئەم دەزگایانە جۆرێک، شێوەیەک لە کارکردن و راپەڕاندنی ئەرکەکانیان پیادە دەکەن، ئەم جۆری کارکردنە کە پێدەگوترێ پراکسیس و لەسەری رێک دەکەوێن و پەیڕەوی دەکەن. پراکسیس؛ پراکتیک و کارکردنە لەسەر بنەمای تیئۆریکدا. ئەگەر چاکسازیی تاوانباران بێ، مەکتەب بێ یان نەخۆشخانە. ئانالیز و شیکردنەوەیەک لە گۆڕێدایە، گرفتەکان دەستنیشانکراون، ئامانجەکان دیاریکراون، کار و ئەرک دابەش کراوە و بە کورتی دەتوانین بڵێین کە بۆ گشت ئەو کەسانە کە لەو دەزگایانەدا کار دەکەن کۆد و نۆرمی چۆنیەتیی راپەڕاندنی ئەرک دیاری کراوە.
ئەم داڕشتنی – کۆدز ئاو کانداکت- (کۆدەکانی راپەڕاندنی ئەرک) خۆی دەبێتە پێوەر بۆ پێوانه و هەڵسەنگاندنی پابەندبوون و نەبوونی تاک بۆ ئەو کۆدانەوە و ئاستی ئەخلاق و مۆراڵ وەدیار دەکەوێ، ئەگەر هاتوو پزیشکێک هەموو خاڵەکانی لە بەرچاو گرت لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا، دەڵێین ئەخلاقی پزیشکیی بەرز پیادە دەکات و بە پێچەوانەشەوە.
ئەم باسەی سەرەوە پێوەندی نێوان مۆراڵ و ئێتیکمان بۆ دەردەخات.
دەوڵەت بۆیە گرینگە کە ئەو دەزگایانەمان بۆ ساز دەکات و ئەو پراکسیسەی جێگیر دەکات و ئەو کۆدانەمان بۆ دادەرێژێت و ئەو پێوەرانەمان لە پێوەندی لەگەڵ ئەخلاقدا بۆ دەستەبەر دەکات. هەر چەند دەزگاکانمان و دەوڵەتمان زیاتر گەشە بستێنێت ئەوەندە زیاتر ئەخلاقی کۆمەڵایهتیمان سامان بە خۆیەوە دەگرێت. ئەوەی ئێستا داوای دەکەین؛ لەسەر ئەساسی پرێنسیپەکانی داب و نەریت و ئەنیستیتوشنە نافۆرماڵەکاندا دەکەین، لەبەر ئەوە کە کۆمەڵگای ئێمە لە هەموو روویەکەوە بە خێرایی لە گواستنەوەدایە، بۆیە زۆر جارلە شێواویی مۆراڵ و ئێتیک سەرمان سوور دەمێنێت. خەتای خۆمان نییە بە قۆناغێكی مێژوویی گرینگ لە ژیانی میللەتی خۆماندا تێدەپەڕین، ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەوەیە کە ئاراستەی گشت خەبات و چالاکیمان بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتە- دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.




