٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كۆسپەكانی بەردەم پرۆسەی سەربەخۆیی

سەرچاوە: KDP.info
د. ڤیان سلێمان
ئەگەر ئاستی مامەڵەی حكوومەتی ناوەند لەگەڵ هەرێمی كوردستان و جیبەجێنەكردنی برگە و ماددەكانی دەستوور و گرتنەبەری سیاسەتی پەراوێزخستن تا دەگاتە بڕینی بودجە، تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و ناكۆكیی تووندی نێوان هێزە سیاسییەكان و بێئومێدبوون لە هاتنەكایەی حكوومەتێكی و میانرەو و دیموكراتخواز و عێراقێكی هاوسەنگ بۆ هەمووان، بژارێكی دیكەیان جگە لە جیابوونەوە بۆ هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەم جیۆگرافیا پێكەوە لكێنراوەدا نەهێشتبێتەوە، ئەوا بوون بە دەوڵەت و گەیشتن بە سەربەخۆیی مافێكی  رەوا و رەهای گەلی كوردستانە وەك گەلێكی خاوەن شوناس و تایبەتمەندی و كولتوور، جیۆگرافیا و دامودەزگا بۆ هەڵسوراندنی پرۆسەی سیاسی و ئیدارەدانی وڵات.
ساڵی (2014) كاتێك كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرێز (مەسعوود بارزانی) كە لەم قۆناغەدا رابەرایەتیی  بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان دەكات، لە پەرلەمانی كوردستان داوای ئەوەی كرد كە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و بڕیاردان لە مافی چارەنووس بۆ ئەوەی كوردستانیان بە ئازادی دەنگ بدەن و بڕیار لە ئایندەی خۆیان بدەن، ئەم هەنگاوە و نزیكبوونەوەی باشووری كوردستان لە بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆ رووبەڕووی شاڵاوی داگیركاریی درندەكانی داعش بوویەوە كە تا ئێستایش بەردەوامە، بەڵام لەم كاتەدا لە قۆناغی كۆتاییدایە، چونكە هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانی شكستیان پێبهێنێت و تیرۆریستان زۆربەی توانا سەربازی و داراییەكانیان لە دەست داوە، بۆیە  ئێستا هەموو ئاراستەكان بەرەو بە دەوڵەتبوونی ئەم بەشەی كوردستانە.
لەم چوارچێوەیەشدا (سەرۆك بارزانی) پێشنیازی ریفراندۆمی خستووه‌تە بەردەم هەموو لایەنە سیاسییەكان و هاونیشتیمانیان و لە چەندین بۆنە و دیداردا ئەوەی دووپات كردووه‌تەوە كە لە بارەی چارەنووسی كوردستانه‌وه‌ بریاری كۆتایی لە دەست گەلی كوردستانە و بە تەنها گەلی كوردستان دەتوانێت بریار لەسەر داهاتووی خۆی بدات، هیچ گومانیش لەوەدا نییە كە گەلی كوردستان بریارەكەی جیابوونەوە و راگەیاندنی سەربەخۆیی دەبێت، ئەوەش روونە كە پرۆسەی سەربەخۆیی وەك پرۆژەیەكە كە سەرۆك بارزانی بەردەوام كار و ئامادەسازی بۆ كردووە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی بە تایبەت ئامادەکردنی رای گشتیی ناوخۆیی و گرتنەبەری دیپلۆماسیەتێكی سەركەوتوو بۆ ئەوەی دۆست و لایەنگری زیاتر بۆ پرسی سەربەخۆیی و رەوایی و یاسایی ئەم پرسە بەدەست بێنێت لای وڵاتانی گەورە و خاون بڕیار.
هەروەك مێژووی دوورونزیكیش بە بیرمان دێنێتەوە هیچكات ئەم هەوڵانە بەبێ كۆسپ و لەمپەر نەبوون، ئێستایش كە هەڵوێستی كوردستان بەهێزە و لە هەموو كات زیاتر نزیكترین لە گەیشتن بەو ئاواتەی كە رۆژگارێك وەك خەون وێنا دەكرا، لێرەولەوێ چەندین هەوڵی هەمەجۆر دەدرێت بۆ ئەوەی بە ڕای گشتی رابگەیەنرێت كە ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ كاتی نەهاتووە و بارودۆخەكە لەبار نییە، بە گوتاری نائامادەیی كوردستان دژایەتیی رەوتی سەربەخۆخوازی دەكرێت و پاساو دەهێنرێتەوە بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە لەبار ببرێت، بە پێشمەرج دانان و داواكردنی دۆخێكی یوتۆپیایی كە لەو بروایەدا نیم هیچ دەوڵەتێك لە دەوڵەتانی جیهان گەیشتبێتە وەها بارودۆخێك پێش لە دایكبوونی.
خۆی لە بنەڕەتدا لای هەموان روونە كە سەرچاوەی پشت ئەم ئاستەنگانە هەژموونی دەرەكییە بەسەر هەندێ لایەنی ناوخۆیی كە لەهەمان كاتدا بارگاوییە بە ویستی كەسی كە خۆیان رۆڵیان لە پرۆسەكەدا نەبووە، بۆیە نایانەوێت ئەو ئامانجە مەزنە بە دەستبێت، بەڵام ئەم هەوڵانە بێئاكام دەبن لە بەرامبەر باوەڕی جەماوەری كوردستان بە (سەرۆك بارزانی) و هەوڵەكانی بۆ بە ئاكامگەیشتنی ئەم پرسە و، كورد دەگات بە ئاواتی لە مێژینەی خۆی، چونكە زۆرترینی ئازارەكانی لەدایكبوونی ئەم دەوڵەتەی چەشتووە و نزیكە لە كۆتایی ئازارەكان، دواتر لەناو ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەدا دەرفەتەكانی گەشەكردن و بەهێزكردنی پایەكانی بەڕێوەبردن كراوەتر دەبن و ئەو دەوڵەتەش نموونەیەكی جوان و گەشاوە لە هەمەجۆری ئیتنی و ئایینی و پێكەوەژیانی هاوسەنگ پیشانی جیهان دەدات.

هەواڵی پەیوەندیدار