٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

گەڕانەوەی ئابڕوومەندانەی ڕێكخەری گشتی

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

ڕێككەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی وەك لە ناوەڕۆكەكەیدا هاتووە، خزمەتی یەكخستنی ناوماڵی كوردستان ناكات، گرفتی سیستەمی سیاسییش چارەسەر ناكات، بەشی زۆری موفرەداتی ناو ڕێككەوتنەكە لە ئینشائیاتی ئیعلامی زیاتر هیچ نییە. چونكە لە ڕاستیدا ئامانجی ئەو ڕێككەوتنە شتێكی ترە نەك پەرۆشیی بۆ وڵات و پڕۆسە سیاسییەكەی. ئەگینا لە كۆبوونەوەكەی 18ـی 5ـی 2015ـی سه‌رۆكی هه‌رێم و هەموو لایەنەكان بە گۆڕانیشەوە، بە وردی باس لەو خاڵانە كراوە كە ئێستا ئینشای ڕێككەوتنەكە پێك دەهێنن. هەر لە سیستەمی سیاسییەوە بگرە هەتا سەربەخۆیی و بڕیاریش درا كۆمیتەیەكی تایبەت لە حزبەكان و موئەسەسات پێك بهێنرێ بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان، بەڵام حزبەكان و بە دەرجەی یەكەم گۆڕان خۆی لێ دزییەوە و خەریكی شتی دیكە بوو و ئەو قەیرانەی لێ كەوتەوە.
ڕێككەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی تەنیا و تەنیا لە قازانجی یەك شەخس بوو ئەویش ڕێكخەری گشتیی گۆڕانه‌. ئەو كە حەوت ساڵ بەر لە ئێستا یەكێتیی لەت كرد، لە ڕێی موریدەكانییەوە تێروپڕ جنێو و تۆمەتی بە هاوسەنگەرە دێرینەكانی و شەخسی مام جەلال بەخشی. تەسەروفاتی فەوزەوی و عەبەسیخوازانە وای كرد دەستیان لە پڕۆسەی سیاسیی كوردستان كورت ببێتەوە. نەوشیروان وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی ڕێی زیزبوونی گرتەبەر و حەوت مانگ بە بێدەنگی لە دەرەوە مایەوە.
لە گەڕانەوەیدا دەبوایە قسەی لەسەر پڕۆسەی سیاسی و هۆكاری شكستەكانی بزووتنەوەكەی بكردایە، بەڵام خۆی لەوە بوارد و بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئابڕوومەندانە بگەڕێتەوە، گۆڕەپانی ئیعلامی بژاردەی تەنازول بۆ یەكێتیی هەڵبژارد و خۆی كرده‌ ناو ماڵێك كە كاری بۆ ڕیسواكردنی كردبوو. نەوشیروان مستەفا تەنازول بۆ پارتی بە ئینتحار لە قەڵەم دەدا، بۆیە پێی لە ناخ و غرووری نا و گەڕایەوە مەحەفەلی هاوسەنگەرە دێرینەكانی.
ئەو گەڕانەوەیە لە لایەن بەشێكی یەكێتی كە زۆر لە لایەن نەوشیروانەوە ئازار درابوون، فرسەتێكی باش بوو بۆ ئەوەی هیچ نەبێ لە جنێو و شەڕفرۆشتنی شاگردەكانی ڕێكخەری گشتی ڕزگاریان بێت و، بە حەماسێكی زۆرەوە نەوشیروانیان قه‌بووڵ كرد و بۆ ئەو مەبەستە نمایشێكی ئیعلامیی گەورەیشیان بۆ ساز كرد.
باشترین دەستكەوتی یەكێتی ئەوە دەبێت چیتر گۆڕان ناتوانێ بە شەڕی ئیعلامی ئازاری بدات، چیتر هەردوولا ناتوانن پارتی بە موسەببی ناعەدالەتی و گەندەڵیی دەڤەری سلێمانی تۆمەتبار بكەن، چونكە ئەوەی لەوێدا هەیە نەتیجەی سەلیقەی ئیداری و سیاسیی هەردوولایە. لەگەڵ ئەوەیشدا نەوشیروان مستەفا هەرگیز ناتوانێ وەڵامی دەنگدەرەكانی بداتەوە كە، ئەرێ لەم حەوتساڵەدا دروشمەكان چییان لێ هات؟ ئایا جەماوەری گۆڕان هەڵخەڵەتێندران؟
پارتی نیگەرانە لە یەكێتی كە پرسی پێ نەكراوە و شەرعیەتی داوەتە گەڕانەوەی كەسێك كە ئامۆژگاریی موریدەكانی دەكرد، كۆنسووڵ بكوژن و ئەندازیار بڕفێنن. بەشێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیگەرانن چونكە ئەزموونی كاریان لەگەڵ نەوشیرواندا هەیە و دەزانن دەرفەتی بۆ بڕەخسێت ناكۆكییەكان قووڵ دەكاتەوە. كۆنسووڵ و نوێنەری وڵاتان ئامادەی ڕێوڕەسمەكە نەبوون چونكە نەیانویست ببنە بەشێك لە شەرعیەتدان بە نماییشێكی سیاسی بۆ خاتری كەسێك.
ڕێككەوتنەكە ئەركی خۆی بەجێگەیاند و كەسەكەی گەڕاندەوە بۆ پڕۆسەی سیاسی، بەڵام ناتوانێ ببێتە نەخشەڕێگەیەك بۆ داهاتووی كوردستان، هۆكارەكان مەعرووفن و پێویست بە دووپاتكردنەوە ناكات. تەنانەت خودی ڕێكخەری گشتی لە قسەكانیدا ناڕاستەوخۆ گومانی لە جێبەجێكردنیدا هەبوو كە گوتی: "عیبرەت لە جێبەجێكردنە نەك نووسین".
 

هەواڵی پەیوەندیدار