قۆناغی ماڵیكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی
به‌شبه‌حاڵی خۆم، ڕه‌نگه هه‌ندێك له‌هاونیشتمانییه‌كانیشمان وه‌ك ئێمه ئه‌و هه‌ست و تێگه‌یشتنه‌یان بۆ دورستبووبێت، كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ره‌تای نمایشكردنی ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و گوتار و دروشمه‌كانییه‌وه، خۆی وه‌ك هێزێكی یاخی پیشان ده‌دا، یاخی نه‌ك ته‌نها له ڕیتمی به‌ڕێوه‌بردن، به‌ڵكو له‌و كه‌لتووره‌ش كه كۆی پرۆسه‌ی حوكمداری و سیاسه‌تی ئه‌م هه‌رێمه‌ی به‌رهه‌مهێناوه.
دروشمی" ده‌یگۆڕین" دروشمێكی ڕادیكاڵانه‌ی ڕوونه و ده‌ربڕ له‌و یاخی بوونه ده‌كات كه له‌كۆی سیسته‌مه‌كه هه‌بوو، گۆڕین جیاوازه له چاكسازی كردن و ڕیفۆرم، چونكه له‌گۆڕیندا كۆی مۆدیله‌كه ده‌پێچرێته‌وه.
میدیاكانی گۆڕان و كادیره‌كانی ئه‌و حزبه گوتاره‌كه‌یان گه‌یانده ترۆپك، به‌جۆرێك مرۆڤ هه‌ستی به‌جۆرێك له‌زوهد ده‌كرد له‌وه‌ی گۆڕان ته‌نها و ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی ده‌وێت، به‌بێ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی! به‌كارهێنانی وشه‌ی تۆپخانه بۆ كه‌ناڵێكی وه‌ك كه‌ی ئێن ئێن، خۆی بۆخۆی ده‌ربڕبوو له‌و ئه‌ده‌بیاته تووڕه‌یه‌ی كه ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنای.
توڕه‌ییه‌كه له‌ئاستێكدا بوو، جارێك له بۆنه‌یه‌كدا "دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح" كه ئه‌وكات سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بوو، گوتی: " به‌ڕاشكاوی پێیانگوتووم: ئه‌گه‌ر تۆ هه‌موو شه‌قامه‌كان بكه‌یته بلاجیكتۆر، ئێمه پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه له‌ناو خه‌ڵكدا بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌و تیشكه‌ی بلاجیكتۆره‌كانی تۆ هه‌یانه، شێرپه‌نجه‌ی پێوه‌یه" واته ڕه‌فزكردنه‌كه هه‌موو شتێكی گرتبوویه‌وه، ڕه‌فزبوو له‌پێناوی ڕه‌فزدا، توڕه‌ییه‌ك چاك و خراپی پێكه‌وه ڕاده‌ماڵی.
ئه‌وه‌ش وایكردبوو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێچه‌وانه‌ی ڕۆحی سیاسه‌ت كایه بكات و كۆمه‌ڵێك سه‌نگی مه‌حه‌ك و بنه‌مای كۆنكریتی بۆخۆی دابنێت كه دواتر وه‌ك پڕنسیپی ئه‌خلاقی كاركردن بێنه به‌رچاوی چاودێران و هاووڵاتییانی ساده‌ش. ئه‌وه له‌كاتێكدا كه هیچ جۆره سنوورێكی كۆنكرێتی، هه‌ڵوێستی جامید و، سه‌نگی مه‌حه‌ك له‌سیاسه‌تدا بونیان نییه و، حزبی سیاسی پێویسته ئه‌وه‌نده‌ی به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیدا بگه‌ڕێت، نیو ئه‌وه‌نده بره‌و به‌گوتاری ئه‌خلاقی نه‌دات. تاكو دواجار ئیحراج نه‌بێت له‌هه‌نگاوه‌كانیدا.
بۆیه، له‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی 17/5/2016ی نێوان یه‌كێتی و گۆڕاندا، به‌ڕوونی پاشه‌كشه‌ی گۆڕانمان بینی له‌و به‌ها ئه‌خلاقی و خه‌یاڵیانه‌ی كه بۆخۆی دانابوون. له‌به‌ر هۆیه‌كی ساده ئه‌ویش دابه‌زین له گۆڕانێكی ڕادیكاڵه‌وه، بۆ گونجاندێكی سیاسی.
خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا، كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌گوێره‌ی لۆژیكه‌كه‌ی پێشووی سه‌رمایه‌یه‌كی زۆری سیاسی و ئیعلامی و مرۆیی خه‌رج كرد تاكو بیسه‌لمێنێت یه‌كێتی و حزبه‌كانی تری كوردستان حزبگه‌لێكی گه‌نده‌ڵن، پاشه‌كشه‌یه له‌و یاخی بوونه‌ی كه پێشتر ڕوناكی بلاجیكتۆره‌كانیش به‌مایه‌ی ڕه‌تكردنه‌وه و ڕه‌خنه‌گرتن له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا.
به‌كورتی، ئێستا ئیتر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك حزبێكی سیاسی ده‌بینم. پێشتر ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه خۆی وه‌ك نوێنه‌ری كۆمه‌ڵێك به‌های ئه‌خلاقی كۆنكرێتی نمایش ده‌كرد، ئێستا هه‌موو به‌هاكانی گۆڕی به‌كایه‌ی سیاسی.
ئه‌مه سه‌ركه‌وتنی لۆژیكی سیاسه‌ته به‌سه‌ر به‌ها ئه‌خلاقیی و خه‌یاڵییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا. له‌م قۆناغه‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له بورجی عاجی دروشمه‌كانه‌وه داده‌به‌زێت بۆ واقیع بینی سیاسی. له‌یاخی بوون و گوتار و به‌ها كۆنكرێتییه‌كانیه‌وه مل ده‌دات به‌به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی، له‌ده‌یگۆڕینه‌وه، داده‌به‌زێت بۆ ئاستی ده‌یگونجێنین.
من، ئه‌م قۆناغه ناوده‌نێم قۆناغی ماڵی كردن"تدجین"ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، چیتر ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه گوتاری ئه‌خلاقی و كۆنكرێتی نابێت و ملكه‌چی لۆژیكی سیاسه‌ت ده‌بێت.
ئه‌وه‌ش گرنگه بۆ ئۆقره‌یی سیاسی و سایكۆلۆژیای سیاسیی خه‌ڵك و، هێوربوونه‌وه‌ی زمانی میدیاكان كه هه‌ندێجار به‌تۆپخانه ناو ده‌بران.
جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه كه له ڕوونووسی كۆتایی ڕێككه‌وتنه‌كه‌شدا ئاماژه به پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دراوه. له‌كاتێكدا له‌ڕه‌شنووسه‌كه‌دا نه‌بوو، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی ڕه‌خنه‌ی هه‌مووان بوو.
*له ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر وه‌رگیراوه




