دەرگاکانی ئیسرائیل و هیوا تێکشکاوەکانی حەماس

غازی حەسەن
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کەشێکی گڕگرتوودا تێدەپەڕێت کە نزیکەی سەد ساڵ دەبێت بەمجۆرە رووداو گەلێکی وەهای تێدا روو نەداوە، بەکۆمەل و یەک لەدوای یەک لەرێگەی راپەڕینی جەماوەریی و لەلایەن خەڵکی توڕەوە دکیتاتۆر و گەندەل و مشەخۆرانی دەسەڵات رادەمالدرێن.
لە لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم و لەسەردەم و کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمیش هەندێک گۆرانکاری هاتنە ئاراوە، بەڵام هیچێکیان بەمجۆرە نەبوون. لەو کات و سەردەمدا جەماوەر دروشمی دژی ئیستیعمار و عوسمانییەکان بوو، کەچی دروشەمەکانی شەقامی عەرەبی ئێستا دژی دەسەڵاتدارە خۆماڵییەکانە. ئەو کات دژی زولم و زۆری دەرەکی و خراپی باری ئابووری و نەخوێندەواری و دواکەوتن بوو، ئێستا لەئەنجامی پەرەسەندی باری ئابووری و گەشەکردنی خوێندەواری و زانستە، شۆڕش و راپەڕینەکانی هەنووکە لەسایەی دەسەڵات و باڵادەستی تەکنەلۆژیا و ئەنتەرنێت و بەرزبوونەوەی هوشیاری تاکە.
ئەو کات دژی داگیرکاری ئەوروپایی بوو، هەنووکە دژی داگیرکاری خۆماڵییە، کە مافی مەدەنیی و یاسایی هاووڵاتیان لە ئازادی رادەبڕین و بڵاوکردنەوە کۆنترۆل کردووە و کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە چنگی یەک کەسە. بەپێچەوانە ئەگەر سەد ساڵ پێش ئێستا دروشمی بڵاوکردنەوەی وخوێندەواریان بەزر کردبێتەوە، هەنووکە لەسایەی خوێندەواری و هەڵکشانی توانا و تێگەیشتنی تاک لە هەموو ئاستەکان راپەڕین و شۆڕش دەکرێت. ئەو کات بۆ مافی نەتەوەیی و نیشتیمان شۆڕش و راپەرین دەکرا، هەنووکە بۆ مافی هاووڵاتی بوون و بەشارستانی کردنی کۆمەلگە خەڵک دژی دەسەڵاتی حکوومەتە عەرەبییەکان راپەڕیوە.
لە هەفتەی رابردوو دوای چوار ساڵ لە ئاشتی ئیسرائیل دوای لێدانی کۆمپانیایەکی سودانی کە لەرێگەی هاوکاری ئێران چەکی بۆ بزاڤی حەماسی فەلەستینی دروست دەکرد، کێشەکان تەقینەوە. ئەمجارە بارودۆخەکە جیاوازە.. گەلێک وڵاتی عەرەبی گۆرانکاریان تێدا کراوە و قەزافی نەماوە و سوریا لە تەنگەژەیەکی سیاسی ترسناک دایە، حوسنی موبارەک کە پەیوەندییەکی گەرموگوڕ و توندی لەگەڵ ئیسرائیل درێژە پێدابوو، لە دەسەڵات لادرا و ئیسلامییە ئیخوانییەکان هاتنە جێگایی و ئێستە نەک هەر پەیوەندییەکان بەڵکە رێککەوتنی ئاشتنی نێوان میسر و ئیسرائیل کەوتۆتە ژێر هەڕەشە و پرسیارەوە. ئوردن بە هەڵومەرجێکی تەمگرتووی سیاسی و کێشەدا تێدەپەڕێت و دوور نییە، ئەگەر بە قوڵی مامەلە لەگەڵ خواستەکانی شەقام نەکرێت، ئەویش بکەوێتە نێو رەوشی گۆرانکارییەوە.. سودان وڵاتێکی دیکەی لێجیابۆوە و دوور نییە، ئەوانیش لەبەهاری عەرەبی سومەند بن.
هەنووکە دوژمن و دۆستەکانی ئیسرائیل دەنێو گێژاوێکی چارەنووسازدا دەگوزەرێن و ئەو وڵاتانەی گۆڕانیان تێدا بوو، هێشتا ئارام نەبوونەتەوە و ترسی ئەوە هەیە توندرەوە ئیسلامی و نەتەوەییەکان جلەوی رەوشەکە بگرنە دەست و ئەو کاتە پەیوەندی و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و ستراتیژییەکانی نەک هەر تەنیا ناوچەکە بەڵکو لەئاستی نێودەوڵەتیش پیداچوونەوەیان پێدا دەکرێت.
رۆژنامەنووسێکی رۆژنامەی فاینانشیال تایمزی بەریتانی دەڵێت لەکەرتی غەززە هیواکانی خەڵک بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل تەفروتونا بوون.. خەڵک ئیدی کاتی بیرکردنەوە بۆ دوارۆژی خۆیان بەدەستەوە نەما، هاتنی ئیخوانەکان لە میسر کە هیوایەکی گەورەی پێبەخشین، ئەوەش هیچی پێنەکرا، ئەوەتە هەنووکە تاکە شتێک دەرفەتی لەبەردەم مابێت دۆزینەوەی کاتە بۆ ئەوەی خۆیان لە موشەکی ئیسرائیل بپارێزن و لە مەرگ دوور بن.
لەهەمان کاتدا رۆژنامەی گاردیان دەنووسێت کە بەرپرسانی ئیسرائیل هەڵبژاردنی ئەمەریکا و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ناوەخۆیان قۆزتۆتەوە. کەواتە کات لە هێرشی موشەکی و ئاسمانی بۆ تێکدان و تەفروتوناکردنی بنکە و بارەگای حەماس و کوشتنی بەرپرسانی ئیسلامی لە غەززە رۆلی سەرەکی و گرینگ دەگێڕێت. وەلێ نابێت لەبیری بکەین کە رۆژی 29ی ئەم مانگە مەحموود عەباس بەنیازە لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوا بکات، فەلەستین وەکو دەوڵەت بەرەسمی بناسن. ئایا بیر لەوە ناکرێتەوە کە ئەم هێرشانە بەرێککەوتن لەنێوان حەماس و ئیسرائیل ئەنجام بدرێت؟ بۆ ئەوەی بەرنامە و دەسەڵاتی عەباس تێکبشکێنن و ئەو داوایەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان فەشەل پێبهێنن، چونکە دەکرێت بەکردەوە ئەوە بسەلمێنن کە فەلەسەتین هێشتا خاوەنی یەک دەسەڵات و ناوەوەندی بڕیار نییە. ئەوەتا لە کۆبوونەوەی ئاشتی قاهیرە خالید مەشعەل دەمراستی فەلەستین وەکو بزاڤی ئیسلامی حەماس بۆ کۆتایهێنان بە شەر دەکات، نەک عەباس کە سەرۆکی فەلەستینە، ئەدی ئەوە هەڕەشە نییە بۆ سنودارکردنی دەسەڵاتی فەلەستین کە دەسەڵاتیکی رەسمییە و بزاڤی فەتح سەرکردایەتی دەکات.
لەهەمان کاتدا ئێران و تورکیا هەریکە بە شێواز و بەرنامەی تایبەتی خۆیان دەیانەوێت رۆلی کارا لە رووداوەکانی غەززە بگێڕن و قەتەریش لە ستراتیژێکی دیکەوە رەنگە سیاسەت بکات. میسریش لەژێر فشارێکە کە دوور نییە ئیسلامییەکان لەئەنجامی رووداوەکانی غەززە و پێشتریش سینا دووچاری تەنگەژەیەکی ناوەخۆیی بکاتەوە.
دوای دەستپێکردنی هێرشی موشەکی دژی غەززە، تاکە لایەنێک چاوی کامیراو میدیاکانی لەسەر دوور کەوتبێتەوە سوریایە. رووداوەکان خێران، ئیسرائیل پێش ئەوەی هێرش بکاتە سەر غەززە، بەچەند رۆژێک وەڵامی هەندێک خۆ بزوێنی سوپای سوریای دایەوە و داوای لەنەتەوە یەکگرتووەکان کرد، سوریا بێدەنگ و دەسەڵات بکەن. کەچی رووداوەکان بە ئاراستەیەکی دیکەدا رۆیشت، دەبێت ئەمە بۆ ئەوە نەبێت سوریا لە بەردەم رای گشتی دووربخەنەوە بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆی رەوشەکە کۆنترۆل بکات، یاخود لەوێش لەکەشێکی دیکەی دوور لە میدیا بەرنامە بۆ گۆڕانکاری و دەستاودەستکردنی دەسەڵات دابڕێژن.
گرینگ پێدەچێت ئیسرائیل دەرگاکان بەسەر خۆیدا بکاتەوە و لەهەمان کاتیشدا هیوای حەماس بۆ چەند ساڵێکی دیکە ببرێتەوە کارگەی پیداچوونەوەو دروستکردنەوە. بەتایبەتی لەنێو ئەو هەموو گٶڕانکارییە خێرایەی هەیە، پێناچێت ئەو دەوڵەتانەی دەیانەوێت هەریەکە لە روانگە و بەرژەوەندییەکی جودا دژی ئیسرائیل هاوکاری حەماس بکەن، لە کۆتایدا یەکگرتوو بن، بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان. لە بەبیری نەکەین ئیسرائیل بەهەمان شێوازی جەنگی ئەمەریکا و رۆژئاوا دەیەوێت دوو شت بە رۆژئاوا بڵێت ئەم شەڕە سیاسییە و دژی تیرۆرە و هەروەها ئەوان لە پەلاماری ئاسمانی و موشەک بارانکردنی بنکەکانی حەماس هەمان شێواز دەگرنە بەر کە رۆژئاوا لە یۆگسلافیا و ئەفغانستان و عێراق پیادەیان کرد، بۆ لێدانی بنکە و بارەگا سەرەکییەکانی حەماس.




