٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

زیانی سیاسەتی مالیكی هەرێمی كوردستان تێدەپەڕێنێ

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

جگە لەوەی كە ڕۆژگار و كردارە سەرەرۆییەكانی (نووری مالیكی) سەلماندیان ئەوەی لە نێوانی بەغداد و هەولێردا روویان دەدا، كێشەی كەس و لایەن نەبوو، بەڵكو كێشەی عەقلییەتێك بوو لەگەڵ مافە رەواكانی گەلی كوردستان، هەروەها وا دەرەنجامە زۆر نزیكەكانی ئەوەیشیان سەلماند كە كێشەكە تەنیا لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا نییە، بەڵكو كێشەی تیمێكە لە حوكمڕانان لەگەڵ هەموو خەڵكی عێراق بە نەتەوە و ئایین و مەزهەبی جیاوازییانەوە.

نوری مالیكی و تیمێك لە بەغداد جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتیان قۆرخ كردووە و لە هەموو بابەتە چارەنووسسازەكاندا پێشێلی دەستوور و پەرلەمان دەكەن، كە دەكرێ بە تیمی خولقێنەری كێشە و ئاریشە پێناسەی بكەین. لەوەیش واوەتر، زیادەڕۆیی نییە كە بە "ئینقیلابچی" وەسف بكرێن.

ئەم تیمە سەرەتا ئینقیلابی لە دژی رێككەوتنەكەی هەولێر كرد و پاشان بۆمبە تەوقیتكراوەكەی (تارق هاشمی) تەقاندەوە. بەم كارانەی، (مالیكی) ویستی نوێنەرانی سوننە مەزهەب لە پرۆسەی سیاسی عێراق لاتەریك بكات.

دوابەدوای ئەوە، زنجیرەی پەڵپگرتنی بە هەرێمی كوردستان دەست پێكرد. یەك لەدوای یەك كێشەی بەرامبەر بە هەرێم دەخوڵقاند. مەبەستەكەیش ئەوە بوو كە وەكوو چۆن نوێنەرانی سوننەی لە دەسەڵات دوورخستەوە، ئاواش پاڵ بە كوردەوە بنێ و لە ژیانی سیاسی و جومگەكانی دەسەڵات دووری بخاتەوە.

گرەوی مالیكی و تیمەكەی لەسەر هەرێمی كوردستان ئەوە بوو كە كوردستانییان لەبەر رۆشنایی دەستكەوتەكانیان و پەرۆشیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان و خۆ دوورخستنەوەیان لە كێشەكانی بەغداد و سەرئێشەكانی، كاردانەوەی توندیان دەبێ و بڕیاری لێكدابڕان لەم دەسەڵاتە دەدەن و پەرلەمانتاران و وەزیران و كاربەدەستانی دیكەیان لە بەغداد دەكێشنەوە، ئەوسا مالیكی رایدەگەیەنێ كە ناچارە لەپێناوی عێراق و بەڕێوەچوونی كاروباری دەوڵەت و بۆئەوەی بۆشایی دەسەڵات و شەرعییەت دروست نەبێ، حكومەتەكەی هەڵوەشێنێتەوە و داوا لە پەرلەمان بكات پەسەندی بكەن كە حكومەتی زۆرینە پێكبهێنێ.

لە قۆناغی سەرەتاییدا بوو (سەرۆك بارزانی) هۆشداری دایە هەموو لایەك كە مەترسییەك لە ئارادایە و عەقلییەتێك كەوتووەتە جموجوڵ گەرەكییەتی دەسەڵات قۆرخ بكات و ناوەڕۆكی دەستوور و بنەماكانی سازانی نیشتمانی كە ژیانی سیاسی لە عێراقدا لەسەر هەڵچنراوە، بەتاڵ بكاتەوە و دیكتاتۆرێكی نوێ دروست بكات.

هۆشداریەكەی سەرۆك بارزانی پەردەی لەسەر مەرامەكانی مالیكی هەڵدایەوە و بە جۆرێك دەستەكەی كەشف كرد، كە ئەو كاردانەوەی زۆر توندی نواند و ئیتر خۆی و تیمەكەی و فابریكەیەكی گەورەی راگەیاندنی لە دژی هەرێمی كوردستان خستە حاڵەتی ئینزاری دەرەجە جیمەوە.

لەوەتەی ئاست و رادەی پەلامار و شاڵاوی سیاسی و میدیایی و دواجار سەربازیشی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان بەرز كردووەتەوە بۆ پلە بەرزەكانی دوژمنكاری، ئیتر رۆژانە لێكەوتەكانی ئەو سیاسەتە خراپە سنووری هەرێم تێدەپەڕێنێ و بازنەكانی ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی هەموو عێراق دەتەنێتەوە.

پێشهات و هێماكانی ئێستا، ئاماژەی ئەوەن كە لە ماوەیەكی زۆر كەمدا تەونی ئەو كێشانە سنووری عێراقیش دەبەزێنن و دەبنە سەرئێشە و ئاریشە بۆ ئێرانی دراوسێشمان.

زیانە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەكانی ئەوەی مالیكی و تیمەكەی دەیكەن، تەنیا بە هەرێمی كوردستانەوە ناوەستێ و پەلدەهاوێت بۆ هەموو جومگەكانی ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە عێراقدا و پاشان لێكەوتەكانی بەسەر ئێرانیشەوە دەردەكەوێ. لەم قۆناغە ناسكەدا كە ناوچەكەی پیێدا تێدەپەڕێ ئەو لێكەوتانە زیانی زۆریان بۆ پێگە و بەرژەوەندییە هەرێمایەتییەكانی ئێران دەبێ.
ئەوەی مالیكی دەیكات ئەگەر بەو دەرەنجامە سەربازییانە بگات كە ئەو دەیەوێن، ئەوا لە لایەكەوە ئەو بازاڕە بە جموجوڵ و گەرمەی هەرێم نامێنێ بۆ چالاكی ئابووری و سەرمایەگوزاری جۆراوجۆری ئێران.

لەلایەكی تریشەوە پاساوی ئەوە دەداتەوە بە ئەمریكا كە بەشێك لەو لەشكرەی لە عێراقی بردووەتە دەرەوە، بیگەڕێنێتەوە. بە تایبەتی كە رێككەوتنێكی ستراتیژی لە نێوانی ئەمریكا و عێراقدا هەیە سەربارەت بە پابەندبوون بە دەستوور و پاراستنی ئەمنییەت و بنەماكانی دیموكراسی و سازانی نیشتمانی. هەروەها كە سوپایەك لە تەرزێكی دیاریكراو و بەپێی بەرنامەیەكی دیاریكراو و بۆ مەبەستێكی دیاریكراو بجووڵێنرێ بۆ ناوچەگەلێك كە ناكۆكیان لەسەر هەیە و هەڕەشەیەك بۆ سەر توركمانەكانی ئەو ناوچانە و بەرژەوەندییە ئابوورییە گەورەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا دروست بكات، بێگومان پاساو بۆ توركیایش دروست دەكات كە بكەوێتە جموجووڵ تا ئەو رادەیەی كە پلكێش بكرێ بۆ ناو مەیدانەكە. كەواتە لە یەك كاتدا ئەمریكا و توركیا بە هێزەوە دێنە ناو گۆڕەپانەكەوە و دەبنە هەڕەشەی راستەقینە بۆ ئێران.

لەبەر رۆشنایی ئەم لێكدانەوەیە كە تا رادەیەكی زۆر وەكوو ئەگەرێكی راستەقینە زەق بووەتەوە، بەرەنگاربوونەوەی مالیكی و تیمەكەی هێندەی ئەركێكی سیاسی – نیشتمانییە بۆ كوردان و كوردستانیان، هێندەی ئەوەیش و زیاتریش ئەركێكی سیاسی – كۆمەڵایەتی (هاوپەیمانیی نیشتمانیی) برا شیعەكانی عێراقە.

هاوكات بووەتە بارودۆخێكی نەخوازراویش بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران كە ناچاری دەكات بجووڵێ بۆ بەرەنگاربوونەوە و راگرتنی لە جێیەكدا كە ئەو ئەگەرانەی لێنەكەوێتەوە.

بۆیە پێویستە ناوەندی سیاسیی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەم دوو رایەڵەیە بە ئاراستەی (هاوپەیمانێتی نیشتمانی) و كۆماری ئیسلامی ئێرانیدا دەست بكات بە كار و پەرە بەو جموجوڵانەی بدات كە بەو دوو ئاراستەیەدا، لەماوەی رابردوودا كردوونی.

هەواڵی پەیوەندیدار