بۆ یادی لەیلا قاسم

د. ڤیان سلێمان
ڕامان لە ژیان و تێكۆشان و مەرگی كچەتێكۆشەری كورد شەهید (لەیلا قاسم)، رەهەندی جۆراوجۆری هەیە و چەندین مانا لە خۆ دەگرێت، مرۆڤێك لە پێناوی رزگاریی نەتەوەكەیدا سەركێشی بە ژیانی خۆی دەكات و لە بەردەم یەكێك لە توندوتیژترین و دڕندەترین دەسەڵاتەكانی ئەو كاتەدا دەوەستێتەوە و سەرەڕای چەشتنی ئازار و ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی، بەخشین و لێبووردنی ستەمكار رەت دەكاتەوە و سازش لە بیروباوەڕی كوردانەی خۆی ناكات، لەمەیش زیاتر، شەهید (لەیلا قاسم) لەناو كۆمەڵگایەكی نەریتپارێزدا بووە كە تێیدا پێشەنگییەكی ڕەها دراوە بە ڕەگەزی بەرامبەر ئەم دوو ڕێگرییە سەرەكییە و ئەو بەخشینە گەورەیە بە تەواوی چەمكەكانی قوربانیدان، ئازایەتی و خۆنەوستی و بڕوابەخۆبوون لە خۆیدا بەرجەستە دەكات.
قوربانیدان وەك كەمتەمایی مرۆڤ بۆ بەرژەوەندیی تایبەت لە پێناو بەرژەوەندیی باڵا، بەرەنگاربوونەوەی دڕندەترین ڕژێم و بێباكی لە كاردانەوەكانی، دۆخگەلێكە مرۆڤ خۆی لە بەردەم وادەیەكی دیاریكراودا دەبینێ لەگەڵ مەرگدا، بەڵام مەرگی ناوێ بەڵكو ژیانی دەوێ و بۆ ژیانێكی بەختەوەرانە رێگەی خەباتی گرتووەتە بەر، ژیانی دەوێ بۆ ئەوانی تر، سەربەستی و شكۆمەندیی دەوێ بۆ نەتەوەكەی، لەو پێناوەیشدا ژیانی خۆی دەبەخشێ و خۆی رووبەڕووی مەرگێكی تراژیدی دەكاتەوە، كە تەنیا مرۆڤە ئازاكان دەتوانن بارەكەی هەڵگرن ئازابوونیش زاڵبوونە بەسەر ترسی مردن و سەركێشیكردنە بە ژیان بۆ بەرگریكردن لە پرسێكی ڕەوا، ئازایەتی فەزیلەتی مرۆڤی بەهێزە كە لە تاقیكردنەوەدا خۆی رادەگرێ، مرۆڤێك كە بڕوای بە خۆی هەیە و نە توندوتیژی دەسەڵات و نە جیاكاریی رەگەزی ناتوانن پاشگەزی بكەنەوە، ئەم مرۆڤە هێندە هەڵكەوتووە، ئەم رۆحە هێندە گەورەیە، كە بە سروودی ژیان و هیوا، بە خەندەوە بەرەو پەتی سێدارە دەچێت، بۆیە دەبێ بە چاوی گەورەییەوە لێی بڕوانرێت.
(لەیلا قاسم) كە بە هۆكاری سیاسی و پشتگیری لە شۆڕشی نەتەوەكەی لە سێدارە درا، تێكۆشەرێكی پارتی و رێبازی پیرۆزی (بارزانی)ـیە، ئەمە ئەگەر لە لایەكەوە ئاماژەیەك بێت بۆ ویستی ئافرەتی كورد بۆ ئازادی و رۆڵبینینی وەك مرۆڤێكی ئازاد لەو سەردەمەدا كە نەوەك هەر رێگەدان بە بەشداریی سیاسی، بەڵكو ئافرەت لە مافە سەرەتاییەكانیشی بێبەش دەكرا، لە لایەكی دیكەوە ئەوەیش دەگەیەنێت كە پارتی وەك پارتێكی خاوەن شوناسی دیموكراسی، باوەڕی بە بەشداریی سیاسیی ئافرەت هەبووە و ئافرەت وەك چالاكی سیاسی لە نێو ریزەكانیدا دەركەوتبوو، ئەمەیش بۆ خۆی شانازییە بۆ ئافرەتی كورد و بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان.
لە ساڵیادی شەهیدكردنی (لەیلا قاسم)ـدا، وەك ئافرەتێكی كوردستانی و هاونیشتیمانییەكی شەهید بە ئەركی سەرشانی خۆمی دەزانم وەك بەبیرهێنانەوەیەك بۆ ئەم یادە پیرۆزە بۆ بەردەوامیدان بەو رێبازەی كە لە پێناویدا شەهید بووە، وەك وەفایەك بۆ نموونەیەكی بەرزی قوربانیدان كە بە هەر جۆرێك ستاییشی یەكێك لە سیمبولەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بە گشتی و ئافرەت بە تایبەت بكەین، ناتوانین بە شاییستەیی مافی خۆی پێ بدەین، چونكە شەهید (لەیلا قاسم) ئاستی قوربانیدانی لەوە زیاترە كە ووشە بتوانێت گوزارشتی لێ بكات، پێویستە ئەوەیش بڵێین كە، گەلی كورد رێزی لە شەهیدەكەی گرت و سەدان دایك و باوك منداڵی خۆیان ناو لێنا (لەیلا)، دوای راپەڕینی ئازادییش چەندین قوتابخانە و گەڕەك و بنكەی تەندروستی و شوێنی تر لە زۆربەی شارەكانی كوردستاندا بە ناوی كران، (لەیلا قاسم) بوو بە بەشێك لە ئەدەبیاتی كورد و، هەوێنی ئەدەبیاتی بەرگری و بەرخۆدانی نەتەوەیی ئافرەتی كورد، هاوكات ئیلهامبەخش بۆ نەوە دوای نەوەی ئافرەتان، ئەم نووسینەیش بە شیعرێكی مامۆستا (هێمن) لە ستایشی (لەیلا قاسم) كۆتایی پێ دەهێنم.
بزەی هاتێ وتی ڕووناكە ئاسۆم
وەرە جەلاد پەتت باوێژە ئەستۆم
ئەوە پەت نییە میدالی ئیفتیخارە
كە بوومە قارەمانی میللەتی خۆم
ئەوەی بیست شاعیر و گریا بە زاری
ئەگەرچی بەسترابوو لێو و زاری
وتی لەیلا هەمیشە پایەداری
لە ژێر خاكا لە پێش چاوان دیاری




