بۆ مەسەلەی فەلەستین توركیا فاكتەری بێ كاریگەرە
نووسەر- گولای گۆكتورك
هەڵوێستە توند وكینەئامێزەكانی سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بەرامبەر هێرشەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە، وەكو هەر جار لە لایەن زۆربەی هەرە زۆری لایەنە سیاسییەكانەوە بە هەڵوێستی مەترسیدار وەسف كران و رەخنەی زۆر توندیش لەم بارەیەوە ئاراستەی ئەردۆغان كران.
ئەردۆغان لەم هەڵویستەی خۆیدا ئەوەی راگەیاند كە هێرشەكانی ئەم جارە تەنیا لە لایەن ئیسرائیلەوە پێك نەهاتوونە، بەڵكو ئەمریكا كە وەكو هەمیشە چاوی لە تاوانەكانی ئیسرائیل گرتووە، یەكیەتی ئەورووپا كە لە بەرامبەر مەسەلەی فەلەستیندا وەكو سێ مەیموون هەڵوێستی نەواندووە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان كە بە مافی ڤەتۆ یاری بە چارەنووسی گەلانی جیهان دەكەن پێكهاتوونە. ئەردۆغان ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو وڵاتانەی خاوەن مافی ڤیتۆن كە سومبولی بێ رێزیكردن بە گەلانە، ئەمجارەیان لە بەرامبەر ئیسرائیل بێدەنگ بوونە و بێدەنگی ئەوانیش بە واتای پشتگیری كردن لە سیاسەتەكانی ئیسرائیل.
ئەو لایەنانەی كە لەم هەڵوێستانەی سەرۆك وەزیری توركیا تووڕەن، ئاماژە بەوە دەكەن كە بۆ سەپاندنی ئاگربەست لە غەزە توركیا هیچ رۆلێكی نەگێراوە، بەڵكو سەرۆكی میسر محەمەد مۆرسی فاكتەرێكی یەكجار سەرەكی و گرنگ بووە. سیاسەتمەدارانی ئەورووپایی و ئەمریكایی لەو باوەرەدان كە سیاسەتە هەڵەكانی ئەردۆغان لە بەرامبەر ئیسرائیل و مەسەلەی فەلەستیندا بوونە هۆكاری ئەوەی كە لە دەڤەرەكەدا توركیا رۆلی خۆی لە دەست بدات و لە بەرامبەریشدا سەرۆكی نوێ میسر محەمەد مۆرسی وەكو فاكتەری سەرەكی لە دەڤەرەكەدا ببێتە خاوەن رۆل و هێز.
توركیا پێشتر دەیتوانی لە نێوان ئیسرائیل و جیهانی عەرەبیدا وەكو پردێك رۆل بگێڕێت یا خۆی هەوڵ بۆ میانیگەری بدات و بەمجۆرە رۆل و پێگەی خۆی لە دەڤەرەكە بەهێزتر بكات، بەڵام سیاسەتی هەڵەی ئەردۆغان ئەم رۆلەی لە توركیا وەرگرتەوە و وردە وردە توركیا كەوتە نێو بەرەی جیهانی عەرەبییەوە. لە مەسەلەكەی وان مەنیتە لە داڵاس، مەسەلەی کەشتی ماڤی مەڕمەڕە و لە مەسەلەی ئەم هێرشانەی دواییدا سەرۆك وەزیری توركیا هەڵوێستێكی ئەوتۆی نەواند كە نەتەنیا هەر هەمووی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل پچڕان، بەڵكو توركیا بۆ مەسەلەی فەلەستین و ئیسرائیل بۆ ئەمریكا و ئەورووپا بووەتە فاكتەرێكی بەبێ بایەخ و بەبێ پێگە.
سەرچاوە.. بۆگوون




