ڕۆژی نێودەوڵەتی خەبات دژ بەتوندوتیژی لەهەمبەر ئافرەتان!
محەمەد ئێدلبی
توندوتیژی لەبنەڕەتدا، یەكێكە لە گرفتە سەرەكییەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتیی. ئەم پەتایە لە شێوازی جوراوجۆردا خۆی دەردەخات، زیاتر پەیوەستی كۆمەڵگە دواكەوتوو و ناسەقاگیرەكانە كە دیكتاتۆری باڵی بەسەردا كێشاوە و تێدا كەش و هەوای لەبار بۆ پەروەردە و ڕاهێنانی مرۆڤ بە شێوەیەكی رێكخراو و دیموكراتیك نەهاتۆتە دی.
ئەگەر لەم چوارچێوەیەدا تەنها ئاوڕ لەسەر توندوتیژی دژی توێژی ئافرەتان بدەینەوە، ئامارەكان لەم بازنەیەدا گەلێك داخهێنەرە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە توندوتیژی لەنێو بنەماڵەدا زۆر زیاتر لەڕادەی ئەو توندوتیژیانەیە كە لە كۆمەڵگادا و لە ئاستێكی فراواندا ڕوو دەدەن و ئاشكرا دەبن و ناشاردرێنەوە.
لێرەدا ئاوڕیك لەچۆنیەتی هاتنەدیی بیرۆكەی ڕۆژی نێودەوڵەتیی خەبات دژ بەتوندوتیژی لەهەمبەر ژناندا دەدەینەوە.
رێكەوتی 25ی تشرینی دووەمی ساڵی 1960ی زایینی، لە وڵاتی دۆمینیكن و لەسەردەمی دەسەڵاتداریەتی رافایل تورجیلودا، سێ خوشك بە ناوەكانی، ماریت ترزا، بتریە میرابل و منیروا؛ دوای ماوەی چەند مانگ لە بەندیخانەدا بە تاوانی تێكۆشانی سیاسیی دژی حكوومەت سزادران و دواتریش لەسێدارەدران.
21 ساڵ دوای ئەو رووداوە، واتە ساڵی 1981 لە رۆژانی 17 تا 21 حوزەیران لە شاری بوگوتای پایتەختی وڵاتی كۆلۆمبیا كۆنفرانسێك لەلایەن رێكخراوەكانی داكۆكیكاری مافی ئافرەتان و لایەنگرانی مافی یەكسانی لە ئەمەریكای لاتینو دوورگەكانی كارائیب بەرێوەچوو.
لەو كۆنفڕانسەدا پێشنیازكرا، وەكو بە بیر هێنانەوە و رێزگرتن لەخەباتی ئەو سێ خوشكە، رۆژی لە سێدارەدانیان بكرێتە رۆژی خەبات دژ بە توندوتیژی دژی ئافرەتان، بەڵكو بەم شێوەیە خەڵكی جیهان زیاتر لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ئاشنا بن، لایەنەكانی بناسن و دژایەتیی بكەن.
دوای ئەمە، ساڵی 1999ی زایینی، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو رۆژەی وەكو رۆژی نێودەوڵەتیی دژ بە توندوتیژی دژی ئافرەتان پەسەند كرد. ساڵێك دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بڕیارنامەی 1325ی لەژێر ناوی "ئافرەتان گەڵاڵەی ئاشتی و ئاسایش" پەسەند كرد.
كۆمیسیۆنی ئافرەتانی سەر بەرێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ساڵی 1946دا بۆ كار كردن لەهەمبەر گرفتی ئافرەتان و مافەكانییان دامەزرا. سەرەڕِای تێكۆشانی ئەم كۆمیسیۆنە بەرنامەی تایبەت سەبارەت بەمافی ئافرەتان لە ساڵی 1967دا پەسەند كرا. ئەو بەرنامەیە بوو بە بناغەی جارنامەی مافی ئافرەتان كە لە ساڵی 1979 لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە پەسەند كراوە.
تا ئێستا، لە 114 وڵاتی جیهاندا بەكار هێنانی توندوتیژی دژی ئافرەتان لەڕووی یاسایەوە هیچ بەربەستێكی لەبەردەمدا دانەندراوە.
تەنیا لەماوەی كەمتر لە دوو دەیەدا، لەكۆماری كۆنگۆ پتر لە 200 هەزار ئافرەتان دەستدرێژیان كراوەتەسەر، ئەم دیاردەیە ئەو ئاكامەی لێكەوتەوە كە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرێ كە دەستدرێژی كردنەسەر ئافرەتان لەكاتی شەڕو داگیركاریدا وەكو تاوان دژی مرۆڤایەتی سەیری دەكرێت.
یاسای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەم جۆرە توندوتیژی دژی ئافرەتان پلەبەندی دەكات:
1. هەر شێوە توندوتیژییەك كە ئاكامەكەی ببێتە هۆی زیانیان ئازاری رۆحی، لاشی یان جنسی، هەرەها هەڕِەشە كردن، یان بەزۆر، یا خۆد بەناوی دڵسۆزی بۆ بەرتەسك كردنی ئازادی ئافرەتان لە كۆمەڵگاو بنەماڵەدا لەخۆ دەگرێت.
شێوەكانی توندوتیژی دژی ئافرەتان:
1. لاشی:
لێدان بە هەموو شێوەیەك، لە قژكێشانو داپلۆسینەوە بگرە تا قەتلی نامووسی، تۆندوتیژییە.
2. رۆحی:
هەڕەشە لێكردن، جنێو پێدان، بێرێزیكردن، تۆمەتباركردن، ئەمە هەموو ئەو بوارانە دەگرێتەوە كە لە باری ڕۆحییەوە ئازاردانی ئافرەتانی لێبكەوێتەوە.
3. جنسی:
بەزۆر تیكەڵ بوون لەگەل ئافرەت؛ ئەگەر مێردیشی بێ، هەر جورە هەوڵدان بۆ پێوەندی جنسی لەگەڵ ئافرەتان بەبێ رەزامەندی ئافرەت، توندوتیژی دژی ئافرەتانە.
4. كۆمەڵایەتی:
A. لەپەراوێز خستن، هەڵسوكەوتی نەشیاو و سارد و سڕی لەپێوەندیدا لەلایەن بنەماڵەوە بەرامبەر بەو كچ ئافرەتانەی كە لە قسەی نێرینە و ئەندامانی دیكەی بنەماڵە وەك باب، خاڵ، باپیر، دایك، خوشك، پور، برا، مێرد، مام، دایەگەورە و هتد... لایان داوە، یان بەپێی ویست و دڵخۆازی ئەوان هەڵسوكەوت ناكەن، بەشێك لەتوندوتیژی دژی ئافرەتانە.
B. چاودێریكردنی توندوتۆڵی كچان و ئافرەتان لەلایەن بنەماڵە و كەسوكارەوە.
C. بێبەش كردنی كچان و ئافرەتان یان بەرتەسككردنی ئاستی بەشداری ئەوان لەچالاكییە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكاندا بە بیانووی پاراستنی شەرەف و ناوبانگی بنەماڵەوە.
D. ناچاركردنی كچان و ئافرەتان بەلەبەر كردنی جلو بەرگی تایبەتیو ڕەچاو نەكردنی مافی لەبەر كردنو پۆشین بۆ ئەوان، توندوتیژییە.
5. ئابووری:
لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئافرەتان ئەركی كار كردنو خزمەت بە بنەماڵەیان لەسەر شانە، بەلام بەجێ گەیاندنی ئەو ئەركە وەكو كار بۆیان هەژمارە ناكرێت ، هەر بۆیە زیاتر ئافرەتان لە باری ئابوورییەوە بە مێرد یان پیاوانی بنەماڵەوە بەستراونەتەوە.
كچان بەهۆی ئەوەی كە لە زۆر كۆمەڵگادا مافی كار كردنیان لە دەرەوەی ماڵ نییە، دەبێ لە لایەن باب یان برا یارمەتی ئابووری وەرگرن، ئەمەش گەلێك جاران مێینە لە بەرامبەر فەرمان و ویستی نێرینەدا ملكەچ دەكات.




