تاوانی راگواستنی دەڤەری پشدەر، بەردەوامیی تاوانی ٢٤/٤ـە

عوسمان عەلی وەیسی
تاوانی ڕاگواستن، پڕۆسەی راگواستنی بەزۆری دانیشتووان دەگرێتەوە لە کاتی ململانییە چەکدارییە نێودەوڵەتییەکان یان ناوخۆییەکان، راگواستن یان دەرکردن یان چۆڵکردنی ناوچەیەک بە پاساوی ئەمنی نەتەوەیی یان زەرورەتی سەربازی، یان وەک گەمەیەکی دیمۆگرافی بۆ دوورخستنەوەی پێکهاتەیەک، یان بە مەبەستی گەمەی ژینگەیی، وەک ئەوەی خەڵکێک رووبەڕووی جۆرێک لە ژیان دەکرێتەوە تا شوێنێک چۆڵ بکەن، یان لە ناو سنوورێکی نێودەوڵەتی یان دەرەوەی سنوور وەک رێکارێکی سزادانی بەکۆمەڵ، دژی ژمارەیەک لە دانیشتووان بەو گومان و پاساوەی کە هەڕەشەن بۆ سەر دەسەڵاتی هەبوو یان زۆرینەی نەژادی یا رەگەزی یان نەتەوەیی یان ئایینی لەو دەوڵەتەدا. هەروەها دوورخستنەوە و راگواستن، دەکرێ بە مەبەستی وەدەستخستنی زەویی نیشتەجێکردنی کۆمەڵێکی تر لە بەرژەوەندیی دەوڵەت یان گرووپێکی تر.
لە بەرانبەر ئەم حاڵەتانەدا، هەندێ جار راگواستن بەبێ ئامانجی جیاکارییە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی پلانی دەوڵەت بۆ گەشەپێدانی ناوچەیەک.
راگوستنی دەڤەری پشدەر و زۆر لە قەزا و ناحیە و گوندی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، مەبەست لێی چۆلکردنی بەزۆر و راگواستنی بەزۆر و ناچارکردنی خەڵکە لە دوورخستنەوەیان لە زێدی خۆیان و، مەحرومکردنیان لە سەرچاوەی زیندەگییان.
کەواتە لە بنەڕەتدا ناچارکردنی دانیشتووانی دەڤەری پشدەر بوو، کە بەشێوەیەکی یاسایی لە خاکی خۆیان دانیشتبوون و لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان گوازرانەوە بۆ شوێنێکی تر لە ناو خودی یەک دەوڵەت کە دەوڵەتی دیکتاتۆری بەغدا بوو، لەسەر بنەمای مەنهەجیەتێک و پلانێک کە دەوڵەت ئیشرافی دەکردە سەری و، گرووپێکی تایبەت بە دەوڵەت یان گرووپێکی تری بەهێزتر لە نەتەوەی کورد ئەنجامی دا، ئەمەش بە مەبەستی هەوڵدان بۆ پاکتاوکردن نەتەوەی کورد و ئاڕاستەی سیاسی لەو شوێنەی کە خەڵکەکە لێی دوور خرایەوە.
بۆ پێکانی ئەم ئامانجە، رژێمی بەعسی فاشی، گواستنەوە و دوورخستنەوەی لە رێگەی زۆر ئامرازی ناچارکردن و فەرزکردن بە کار هێنا و ئەنجام دا، لەوانەش بەکارهێنانی توندوتیژیی کوشتاری و لەناوبردنی ماڵ و مڵک و، تەنانەت فەرهودکردن و تاڵانکردنی و، ناچارکردنی خەڵکی پشدەر بۆ رووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ زۆر لە مومارەساتی ئەتککردن و ئیهانەکردن و شکاندنی شکۆی مرۆڤ، دەرئەنجام خەڵک زێدی لە دەست چوو، تووشی دابڕانی کۆمەڵایەتی بوون کە تا ئێستایش بە خراپترین شێوە شوێنەواری ماوە، ئارامی و ژیانی لێ تێکدان و، ئەمن و ئاسایشی تاک و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی، لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و مەدەنی و رۆشنبیرییەوە رووبەڕووی لە ناوبردن و شیوان بۆوە.
ئەوانەی پاشماوەی راگواستنن، بە هەژاری و ئاوارەیی و پەرشوبڵاوی و ژیانێکی نالەباری ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و مەدەنی، خراپ و سەخت گوزەران.
راگواستن و دوورخستنەوەی بەزۆر، بووەتە تاوانێکی نیودەوڵەتی و لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە وەک تاوان ناوزەد کراوە و، لە دواجاریشدا وەک روکنێکی تاوانی دژەمرۆڤایەتی لە دووتوێی رێککەوتننامەی نیودەوڵەتیی رۆما و، لە یاسای ژمارە ١٠ـی دادگای تاوانەکانی عێراقدا هاتووە، کە پێمان وایە ئەگەرچی دادگاکە بچووک کراوەتەوە، بەڵام دەکرێ کاری لەسەر بکرێت.
تاوانی راگواستن، ناکۆکە لەگەڵ راگەیێنراوی سەرۆک وێڵسۆن، چونکە پێچەوانەی مافی چارەنووسە، هەروەها پێچەوانەی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکانە و، لە رێککەوتننامەکانی ژنێف ساڵی ١٩٤٩ بە تەواوی رەفز کرا. دواتر وەک گوتمان لە چوارچێوەی یاسای نیودەوڵەتیی عورفی دەرچوو، دوای جەنگی سارد وەک یەکێک لە دیارترین تاوانی دژەمرۆڤایەتی جەختی لێ کرایەوە.
دەڤەری پشدەر، جاری یەکەم بەپێی پلانی حزبی بەعس بۆ لێدانی خەباتی بزووتنەوەی ئازدیخوازی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٨ـدا گوندەکانی سەر سنووری لەگەڵ دەوڵەتی ئێران راگواست و، لە ئۆردووگای زۆرەملێدا دانیشتووانی رێک خست، لە پڕۆسەی راگواستنی یەکەمدا خەڵکێکی زۆر ئامادە نەبوو فەرمانەکانی رژێم جێبەجێ بکات و، ئاوارەیی و دەربەدەرییان هەڵبژارد و، هەندێکیان چوونە دەوڵەتی ئێران و، هەندێکیشیان چوونە هەندەران و، هەندێکیشیان چەکی خەبات و پیشمەرگایەتییان کردە شان.
ئەم تاوانە، بە تاوانی دژەمرۆڤایەتی گونجاندنی یاسایی بۆ دەکرێت و، چونکە لە بنەڕەتدا لە ناوەکی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دەدات کە راستەوخۆ پەیوەستە بە ژیان و جەستە و شکۆمەندیی مرۆڤ، کە هەموویان مافی سەرەکین و قابیلی موساوەمە لەسەرکردن نین.
ئەوەی کە ئامادەیی هەیە ئەوەیە، کە ناکرێ تۆمەتباران لە سزادان دەرباز بن، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیاری ژمارە ٣٠٧٤ لە دەورەی ٢٨ لە ٣ / ١٢ / ١٩٧٣ـەوە پرینسیپەکانی هاریکاریی نێودەوڵەتی بۆ گرتن و تەسلیمکردن و بەدواداچوون و سزادانی ئەو تۆمەتبارانەی پەسند کردووە کە بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژەمرۆڤایەتی تۆمەتبارن.
لە ئیستادا کە کۆمەڵی نیودەوڵەتی زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات لە بەرانبەر ئەو تاوانانەی کە لە ناو دەوڵەتێکدا دەکرێن، کاتێ دەوڵەتێک فەشەل دێنێت لە وەئەستۆگرتنی بەیگیری بەرانبەر یاسای مرۆییی نیودەوڵەتی و یاسای مافەکانی مرۆڤ، ئەوکات دەستتێوەردانی مرۆیی دەبێتە واجب و دەبێ خەڵکی مەدەنی لە پیلان و پلانگێڕیی نامرۆڤانە بپارێزرێن.
خەڵکی کوردستان بەبێ پشتیوان مایەوە، دەقە جوانەکانی قانوونی دەولیی وەزعی و ئاسمانی فریامان نەکەوتن و، لە کاتی خۆیدا خێریان نەبوو، بەڵام ئێستا مانای ئەوە نییە کە بەردەوام شرۆڤەیان نەکەین و سوودیان لێ وەرنەگرین، بە تایبەت لە سەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆجیا و گڵۆباڵدا.
بەڵام کاتێ دادگای باڵا هەیە، حەق وایە لایەنە پەیوەندیدارەکان سوودی زیاتر وەربگرن بۆ ساغکردنەوەی قەزاییانەی هەندێ تاوان و، سوودوەگرتن لە جێکەوتەکانی ئەوانەی بڕیاری دادگایان بۆ دەرچووە.
لە لایەکی تر، ٢٤ -٤ وەک یاوانێکی جەنگ، لە هەموو رویەکەوە کۆمەڵکوژی ١٢٨ کەسی سیڤیل و بریندارکردنی زیاتر لە ٣٥٠ کەس و، بۆردوومانکردنی زانکۆ و شوێنە رۆشنبیرییەکان و خانوو و ماڵی هاونیشتمانیان و، بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، تاوانی جەنگن بە پێوەرەکانی یاسای مرۆییی نێودەوڵەتی.
لەگەڵ ئەوەشدا، تاوانی ٢٤/٤ و هەموو تاوانەکانی تر و، لە رابردوو و ئایندەشدا، تەنها دەبێ دەوڵەتی کوردستان شورای راستەقینەی پارێزبەندیمان بێت، ئەویش بە خۆڕاگری و یەکدەنگیی خەڵکی کوردستان و، بیرکردنەوەی نەتەوەیی و نیشتمانی دەست دەکەوێت.




