٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بسم الله الرحمن الرحیم (رَبَّنَا لاَ تُزِغْ قُلُوبَنَا بَعْدَ إِذْ هَدَیْتَنَا وَهَبْ لَنَا مِن لَّدُنكَ رَحْمَةً إِنَّكَ أَنتَ) صدق الله العظیم

سەرچاوە: KDP.info

فازڵ میرانی

لەو ئایەتە قورئانییە مەزنتر و جوانترم نەبینی وەكو دەستپێكێك بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا ساڵی تەمەنم لە ریزەكانی پارتی وەكو كادیر.
بەڵێ، پەنجا ساڵە خەبات و تێكۆشان لە خوێنمدا دەڕوات، پەنجا ساڵە و دەست لەنێو دەست، كار بۆ هێنانەدی مافەكانمان دەكەین، پەنجا ساڵە بە ڕۆح و بە گیان پرسی كوردم وەكو بەرپرسیارێتییەك خستە سەر شانم لەگەڵ خوێن و گیانم تێكەڵ بوو.
پەنجا ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ، خۆم لە نێو جەرگەی رووداو و ململانێكاندا بینی، وەكو ئەرك و فەرمانێكیش دەبوایە لەم رێگایەدا بەردەوام بم چونكە ئەمە رێگای تێكۆشانە لە پێناو پرسی گەلەكەمان كە هەمیشە خەباتی بێوچانمان لە پێناویدا بەردەوام دەبێت و، لەبەر ئەوەی من رۆڵەی ئەم وڵاتەم هەمیشە هەوڵم داوە لەگەڵی راستگۆ بم و، بە هەموو هەستێكم بە بەرپرسیارێتیی پیرۆز لە بەرانبەر ئەم گەلەدا ئەوەی بۆم كرا پێشكەشم كرد و خوای گەورەش هەمیشە پاڵپشتم بووە و سوپاسی بێپایانی دەكەم.
پەنجا ساڵ تێپەڕی، كە تیایدا شایەدحاڵ و بەشدارێكی كارای هەموو ئەو ڕووداوانە بووم كە بە كورد دا تێپەڕی، من لە ڕووباری خەباتی بارزانی تینوێتیی تێكۆشانم شكاند و، بە پیرۆزی ئەم خەباتە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە تێكۆشاین و چەندین جاریش تووشی شكست بووین، بەڵام هەمیشە خۆڕاگر دەبووین و هەڵدەستاینەوە، چونكە ئیرادەمان تیادا ماوە و دەمێنێت. ئیرادەی ئەم گەلەی كە برسێتی و ترس و شەڕ لە ناوی نابات، وەكو گڕێكی نەكوژاوە لەنێوماندا مایەوە.
ئەمڕۆ دوای پەنجا ساڵ، پەیمان نوێ دەكەمەوە كە لەسەر رێبازی بارزانیی نەمر و رێڕەوە پیرۆزەكەی بەردەوام بم و، هەمیشە لە قوربانیدان بەردەوام بم بە هەموو شتێك كە بۆم بكرێت لە پێناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا بەو خوێندنەوەی كە بۆ بیر و بەردەوامبوونی تەندروستیی ئەو حزبە لە مێشكمدا گەڵاڵە بووە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم، سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدە نەمرەكان دابنەوێنم، ئەو شەهیدانەی لەم رێڕەوە پیرۆزەدا خوێنیان بەخشی و قوربانیان دا و، لێرەدا یادی چەندین هەڤاڵ دەكەمەوە كە لە سەردەمی خەباتی نهێنی و ئاشكرادا، كارم لەگەڵیاندا كرد لەوانەش (عەبدولحمید حاجی، سلێمان عومەر ئیبراهیم، مەلاعەلی دۆسكی، شەهید قاسم سالح، شەهید تاهیر مەلا محەمەد، شەهید مستەفا ئەحمەد عەلی، محەمەد سمۆ هەسنی، سلێمان حەجی عەرەب، حەمید بەرجس، محەمەد حاول، حەجی خەلەف، گەنجۆ خەلەف). لەگەڵ ئەمانەدا ئێمە لیژنەی ناوچەی زوممارمان پێك‌هێنا و، لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی نهێنی و ئاشكرادا بە یەكەوە بووین، بۆ ئەوانەش كە لە ژیاندا ماون پێیان دەڵێم: هەمیشە ئێوە جێگەی شانازیی ئەم میللەتەن و خوای گەورە هەموو لایەك موەفەق بكات.

                                 22/4/2016

هەواڵی پەیوەندیدار