٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پشك پشكێنە لە جێی خۆیدایە

سەرچاوە: KDP.info

دڵشاد مستەفا وەسانی

یەكێك لە سیماكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق، خۆپێشاندنی حزب و لایەنە سیاسییەكانە وەك دڵسۆزی وڵات و پشتكردن لە تایفەگەری، ئەمە ئەو دیمەنەیە، كە رۆژانە لە شاشەكاندا دەیبینین، بەڵام لە راستیدا ئەمە دروشمبازییە، چونكە واقیع شتێكی دیكەیە و عێراق وڵاتێكی فرەپێكهاتەیە، لێ هێز و لایەنە عەرەبییەكان بە سوننە و  شیعەوە، چاو لەو فرەڕەنگییە دەپۆشن، بۆیە دۆخی عێراق ساڵ دوای ساڵ ناسەقامگیرتر دەبێت.
بڕیار بوو عێراقی دوای 2003 عێراقی هەموو پێكهاتەكان بێت، بینا لەسەر ئەو رێككەوتنەی پێكهاتەكان، شەراكەت و سازان بووە بنەمای بەڕێوەبردنی وڵات، زۆرجار ناسیونالیستانی عەرەبی سوننە و ئەو شیعانەی عەبای ناسیونالیزمیان بەخۆدا داوە، باسیان لەوە دەكرد نابێت عێراق لەسەر بنەمای پێكهاتە دابەش بكرێت، بەڵام ئەوە فێڵێكی گەورەبوو لە كورد و، غەدرێكی گەورەش بوو لە خەڵكی عێراق كە بەم دۆخەیان گەیاند.
پۆڵ بریمەر كە لە سەرەتای قۆناغی نوێ حاكمی عێراق بوو، دەڵێ لەو  پشك پشكێنەیە زیاتر هیچ چارەیەكی دی نەبوو، ئەم تێڕوانینەی ئەمەریكاییەكان، بەپێی واقیعی عێراق بوو، كەچی قەومەچییەكان و تایفەگەرییەكان، بۆ خۆڵكردنە چاوی خەڵك و بۆ ئەوەی وەك پاڵەوانی دژایەتیكردنی ئەمەریكا خۆیان بنوێنن، لە راگەیاندن دژایەتیی پشك پشكێنەیان دەكرد و لە ژێرەوەش كاریان بۆ دەكرد كە زۆرترین پشكیان بەربكەوێت، كە ناكۆكیی نێوان سوننە و شیعەش توند بوو و گەیشتە قۆناغێك خوێنێكی زۆری لەبەر بڕوات و، تاڵان و دەركردن لەسەر ناسنامەی مەزهەبی بووە هۆی زۆربوونی ئاوارەو دەربەدر لە عێراق، هەرێمی كوردستان بووە باشترین شوێن و پەناگە بۆ هەڵاتووانی شەڕی مەزهەبی، بەمەش عێراق بووە دوو بەش، یەكیان بۆ شیعە و ئەوی دیكەش بۆ سوننە، هەرێمیش بووە نیشتمانی هەموو پێكهاتەكان.
كەواتە پشك پشكێنەیەك لەسەر بنەمای رێككەوتن و سازانی پێكهاتەكان بێت، باشترین چارەسەرە بۆ عێراق، پشت تێكردنیشی ئەو ماڵوێرانییەیە كە خەڵكی عێڕاق تێیكەوتووە، لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە هەندێك دەنگی كوردی، بەدوای هەمان ئەو ئاوازەی عەرەبی سوننە و شیعە بكەوێت و سەری زمان و بنی زمانی پشك پشكێنە بێت، وەك ئەوەی مافی كورد لە بەغدا پارێزراو بێت. 
 

هەواڵی پەیوەندیدار